ستراتجی “هیلالی زێڕین” هۆکاری پەلاماردانی پیرۆزیەکانی کوردستان بوو

ستراتجی "هیلالی زێڕین" هۆکاری پەلاماردانی پیرۆزیەکانی کوردستان بوو

پێویستە هەر لایەنێک کە هاوکاری ئیران بکات و ئاستەنگ بۆ کوردەکان دروست بکات، وەکوو پاشکۆی داگیرکەران سەیر بکرێت.

هێرشی میلیشیاکانی حەشد بۆ سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداو سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پیلانەکانی دواتری بۆ رووداوە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روونتر دەرخست. ئەو رووداوانە هەم بۆ کوردەکان و هەمیش بۆ عێراق زۆر پرسیاری وەکوو “کێ لەگەل کێ، لە کوێ و بۆچی”، خوڵقاند و پێویستە وەڵام بدرێنەوە.

هۆکاری هێرش لە دژی بارەگای پارتی و پیرۆزیەکانی کوردستان لە بەغدا، لێدوانەکانی هۆشیار زێباری نین. زێباری و زۆر سیاسەتوانی دیکەی کورد لێدوانی لەو چەشنەیان پێشتر داوە، هەروەها هێرشەکە تەنها کاری کۆمەڵە کەسێک نەبوو لە لایەنگرانی حەشدی بەناو شەعبی. هێرشکارەکان تەنها جێبەجێکار بوون دەنا هێزێک بڕیاری ئەو هێرشەی دابوو هاوکات هێزیکی دیکەش هەیە دەیهەوێ لەو هێرشە سوودی دەست بکەوێت. ئەو هێزەی بڕیاری هێرشەکەی دابوو، دەوڵەتی ئێران و هێزەکانی پاشکۆی بوون و حکوومەتی عێراقیش دەیهەویست سوود لەو هێرشە وەربگرێت. بەتەواوی روونە کە ئەگەر کورد و شیعە لە بەرانبەر یەکتر راوەستن بە قازانجی دەوڵەتی عێراقە.

ئەو هێرشە پەیامێکی بۆ ئەمەریکاو یەکێتی ئەورووپاش هەیە. هێرشەکە بەجۆرێک داوای لە ئەمەریکا کرد کە باڵوێزخانەکەی دابخات. لە ڕاستیدا ئێران دەیهەوێ بە ئەمەریکا بڵێت عێراق ناوچەی منە. دیارە ئەمە مژاری ئێمە نیەو ئەوەی ئێمە دەمانهەوی زیاتر لەسەری راوەستین ئەوەیە کە هۆکاری گرنگ هەیە کە بەرەی شیعە پاش ڕێکەوتنەکەی شنگال هەنگاوێکی وەهای هاویشت.

ڕێکەوتنی شنگال لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاوی کوردانە

بەڕاستی ئایا ڕێکەوتنی شنگال، رۆڵێکی ئەوەندە گرنگی هەیە؟ بەڵێ هەیەتی. ڕیکەوتنی شنگال رێکەوتنێکی ناوچەیی نیە، بەڵکوو بۆ هەموو کوردەکان رێکەوتنیکی گرنگە. لەبەر ئەوەی پاش ساڵی 2014، تەنها شەڕ و بەرخۆدان سوودیان بە کورد گەیاندووە بەڵام بە دیبلۆماسیەت کێشەکان چارەسەر نەکران و خاکیان بەدەست نەخست. لەبەرە ئەوەیە کە رێکەوتنی شنگال بەمانای بەهێزی کوردەکان لەسەر مێزی دیبلۆماسیەت دێت. بە سەرفرازی پێکهاتنی ڕێکەوتنی شنگال دەتوانێ کارتێکردنێکی ئەرێنی لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکانی ماددەی 140 دابنێت. هاوکات دەتوانێ رێگایەکیش بۆ رۆژئاوا بکاتەوە کە ئەوەش بۆ پرسی کورد گرنگییەکی ستراتجیی هەیە.

ڕێکەوتنی شنگال، گەڕانەوەی کوردە بۆ سەر مێزی دیبلۆماسییەت، هاوکات دەتوانێت زۆر پیلانی دوژمنیش پووچەڵ بکاتەوە. لەبەر ئەوەی دۆخی کوردەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ببێتە مژاری دانوستاندن. ئەو رێکەوتنەی شنگال دەتوانێت ببێتە سەرەتایەک بۆ جێبەجی کردنی ماددەی 140 واتە ستراتجی “هیلالی زێڕین”ی ئێران هەڵبوەشینێتەوە و ئەو ڕێکەوتنانەش لەناو دەبات کە ئێران لەساڵی 2010 بەملاوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکان ئەنجامیان داون.

هەوڵەکانی ئاستەنگ ساز کردن بۆ حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان

لە چارەکی یەکەمی سەدەی 21دا، حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە گەشە سەندن بوو. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناوەندێکی هێزی نوێ دادەمەزرا. بەر لەهەموو شت ئەو ناوەندە لە بازاڕی ئابووری و سەرمایەداری پێکدەهات. ئەوەش دەیتوانی کوردەکان بەرەو سەربەخۆیی ببات. کورد بوونی ئەکتەرە گرنگەکانی بواری دیبلۆماسیەت، لە کەسایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هێزی کوردانی کۆ دەکردەوە. بە واتایەکی دیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیشتە ئەو مەرجانەی کە چارەنووسی کوردەکان لە سەدەی 20دا بۆ سەرجەم پارچەکانی کوردستان بگۆڕێت، هەربۆیەش پرۆسەی رێگری کردن لە کوردستان دەستی پێکرد.

هێرشەکانی داعش، رێگای ڕێگری کردنی لە پێشکەوتنی کوردەکان کردەوە، بەڵام چەند پرسیارێکیان خوڵقاند کە پێویستە وەڵام بدرێنەوە

داعش بەغدای وێڵ کرد و رووی لە کوردستان کرد

پاش سەرکەوتنەکانی داعش لە مووسڵ، لە سەرجەم عێراقیش پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێنا. پاش مووسڵ بەبێ گرفت رووی لە بەغدا کرد و بە سەدان هەزار کەس لە بەغدا هەڵاتن و بەغدا بێ خاوەن مابوو.

داعش دەیتوانی بەغداد کۆنترۆڵ بکات و ببێتە خاوەن هێزێکی مەزن، بەڵام ئەو لەباتی پایتەخت، پەلاماری شارۆچکەیەکی بچووکی لە پارێزگای مووسل دا و شنگال و هێندێک گوندو ناوچەی دەوروبەری کەرکووکی داگیر کرد. هێرشەکان زۆر توند بوون بەڵام داعش دەیەویست لەوێ جێگیر ببێت. پرسیاری گرنگ لێرەدا سەرهەڵدەدات، ئەرێ کاتێک داعش دەیتوانی بەغداد بگرێت، لەبەرچی هێرشی کردە سەر کوردستان؟

وەڵامی ڕاست ئەوەیە کە داعش تەنها لە ژێر کۆنترۆڵی وڵاتێک یان هیزێک بە تاقی تەنیا نەبوو. داعش وەکوو کۆمپانیایەکی فرەنەتەوە بوو. لەلایەن زۆر لایەنی بەرژەوەندیخوازەوە کۆنترۆل دەکرا. لە سەرەتادا داعش وەکوو سەرهەڵدانی عەرەبی سوننە دەرکەوت بەڵام ئێران و تورکیا و ژمارەیەک هێزی دیکە ئاراستەکەیان گۆڕی. بەر لە هەر شتێک لەدژی ئەو ستەمانەی کە دژ بە سوونەکان دەکرا، خۆی نیشان دەدا بەڵام ئاراستەکەیان گۆڕی و ئامانجێکی گەردوونییان بۆی دەستنیشان کرد. لەهەموو جیهانەوە هێزیان بۆ ناردن و بەمەش داعش کوردی کردە سەرەکیترین ئامانجی خۆی.

داعش لە ئاستەنگ دروست کردن بۆ کوردەکان رۆڵێکی بنەڕەتیی هەبوو. هەبوونی داعش بۆ ئێران و تورکیا وەکوو بنکەیەکی هێزی سەربازی بوو لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆیان. بە کورتی داعش زۆرترین خزمەتی بە تورک و شیعەکان کرد و کورد زۆرترین زەربەی لەدەست داعش خوارد و زۆرترین قوربانیشی لە جەنگی دژ بە داعشدا هەبوو. ڕێکەوتنی شنگال گرنگییەکی زۆری لەبواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و دیموگرافیدا بۆ کوردەکان هەیەو هەڵلدانی کوردە بۆ خۆ ڕێکخستن و کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی.

لەگەڵ کێشەی شنگالدا داگیرکەران دەیانهەوێ گرفتێکی تازەتر بۆ کوردەکان ساز بکەن. ئێران ساغ بۆتەوە کە ئەو گرفتە لە رێگای میلیشیاکانی حەشد و هێندی لایەنی کوردیی نزیک لە خۆی دروست بکات. پێویستە کورد و کۆمەڵگای کوردستان لە سەرجەم چینو توێژەکاندا دژ بەو پیلانە راوەستن. پێویستە هەر لایەنێک کە هاوکاری ئیران بکات و ببیتە شەریکە بەشی ئێران و لە مەسەلەی ئاستەنگ دروست کردن بۆ کوردەکاندا، لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانەوە وەکوو پاشکۆی داگیرکەران سەیر بکرێت و شەرمەزار بکرێن.

Share