خۆپیشاندان لە کەرکووکی داگیرکراو

خۆپیشاندان لە کەرکووکی داگیرکراو

لەپاش خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەر و لەسایەی سیاسەتی داگیرکەرانەی میلیشیاکانی حەشد و فاشیزمی عەرەبەوە کەرکووکیەکان هەژار و بێکار کراون.

ئەمڕۆ سێشەممە 23/2/2021 لە كەركووك، دژی تێكدانی كەپر و دوكانەكانی كاسبكارانی بازاڕێكی شارەكە، خۆپیشاندانێك ڕێک خرا و خۆپیشاندەران داوایان كرد کە دەسەڵاتدارانی کەرکووک بەو كارەیان بژیوی خەڵک دەبڕن.

بەپێی میدیاکانی باشووری کوردستان خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی كاسبكارانی بازاڕی حەویجەی شاری كەركووك، لەوەوە سەرچاوەی گرت كە لەلایەن لیژنەكانی قایمقامیەتی ناوەندیی كەركووكەوە كەپر و شوێنی كاسبكارانی ئەو بازاڕەیان تێك دا، هەر لەو بازاڕەش بازاڕی سەوزەفرۆشەكان هەیە كە دەكەوێتە نزیك قەڵای كەركووك و ئەوەشیان بەتەواوەتی تێك داوە و عارەبانەی كەسبكارەکانیان لا بردووە.

لەپاش خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەر و لەسایەی سیاسەتی داگیرکەرانەی میلیشیاکانی حەشد و فاشیزمی عەرەبی عێراقیدا بێكارییەكی زۆر ڕووی لە كەركووك كردووە و لەولاشەوە بە بیانووی جۆراوجۆر دەسەڵات لە کەرکووک وا دەكات كە بژیوی خەڵك ببڕێت و لەو شوێنی بازاڕی حەویجە كە شوێنی كاسبكارانە و هەموو پێكهاتەكان لەوێ‌ كار دەكەن، ئێستاش بەبێ دابینكردنی شوێنی تر بۆ ئەو كاسبكارانە رۆژانە هەڵدەكوتنە سەر ئەو كاسبكارانە و رێگە نادەن كار بكەن و شوێنەكانیان تێك دەدەن و كەسیش پشتگیرییان ناكات.

شایانی باسە ماوەی دوو ساڵە بە بڕیاری پاریزگاری سەپێندراوی کەرکووک و قایمقامیەتی ئەو شارە چەندان بازار و شوێنی کاسبیی خەڵک کاسبکار و دەستەنگ بە بیانووی جۆراوجۆری وەک موڵکی حکوومەت تێک دراوە و خەڵکێکی زۆر بەم بۆنەوە بێکار بوون و ئەو شوێنانە دەدرێنە بەڵێندەر و بڕیارە بکرێنە مۆڵ و شوێنی بازرگانی.

Share