قازی محەممەد، کارێکی کرد کە دۆزی کورد لە هەر 4 پارچە بڵاو ببێتەوە

پێشەوا: “قەد بڕوا بە دوژمنەکانتان بەتایبەت بە عەجەمەکان مەکەن، لەبەر ئەوەی عەجەم لە چەند لایەنەوە دوژمنی ئێوەن”.
رۆژهات ئامەدی
پێش 74 ساڵ و لە رێکەوتی 31ی ئاداری 1947دا “پێشەوا قازی محەمەد” و هاوڕێیەکانی “سەدری قازی و سەیفی قازی” لە لایەن عەجەمە داگیرکەرەکانەوە لەسێدارە دران.
تاوانی ئەوان تەنها خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاریی نەتەوەی کورد، واتە سەرۆکایەتی یەکەمین کۆماری نەتەوەیی ـ دیموکراتی کوردستان، بە ناوی “کۆماری کوردستان” بوو کە شاری “مەهەباد”ی رۆژهەڵاتی وەکوو پایتەختی خۆی دیاری کردبوو.
کۆماری کوردستان ساڵێک پێش لەسێدارەدانی پێشەوا و سەیف و سەدری قازی، کرا بە قوربانیی سیاسەتی نێودەوڵەتی و کۆتایی پێهاتبوو.
ئەو هاووڵاتیانەی کە بە دروشمی “دۆست و کەسانی کرێکار، خەباتکار و نەتەوە بندەستەکان” چالاکییان دەکرد، کۆماری کوردستانیان بە پەیمانی “کۆمەڵگەی نەوتیی یەکێتی سۆڤیەت و ئێران” هەڵوەشاندەوە.
بەپێی ئەو پەیمانە، یەکێتی سۆڤییەت بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک بدات بۆ ماوەی 52 ساڵان دەبووە خاوەن وزەی کوردستان.
پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێکانی ناویان لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا تۆمار کرا
بابەتی سەرنجڕاکێش هەڵوێستی چەپ و کۆمونیستە کوردەکان بوو.
بۆ ئەوەی کە یەکێتی سۆڤییەتی بپارێزن، دەیانگوت: “جیابوونەوە بە فیدای مانەوەی سیستەم”.
بەڵام مێژوو، ئەوان و یەکێتی سۆڤییەتیشی شەرمەزار کرد. فەلسەفەکەیان کەوتە ناو زبڵدانی مێژوو. پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێکانیشی ناویان لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا تۆمار کرا. لەبەر ئەوەی پێشەوا قازی محەمەد بناخەی یەکەمین دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردانی داناوە. دەوڵەتێک کە لەبواری یاسا و دیموکراسیەتدا زۆر لە دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتووتر و لەپێشتر بوو.
سەرۆکی نەمر “جنراڵ مستەفا بارزانی” بە هێزێکی مەزنەوە، پارێزگاریی لە کۆماری کوردستان دەکرد.
یەکێک لە دەسکەوتە گرینگەکانی “کۆماری کوردستان” ئەوە بوو کە بوو بەهۆی پێکەوە کار کردنی کوردەکانی هەر 4 پارچەی کوردستان. کوردەکان لە باشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستان بە بەشداریی ڕاستەوخۆ یان بە دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان، “کۆماری کوردستان”یان بە هی خۆیان دەزانی.
سەرۆکی نەمر “جنراڵ مستەفا بارزانی” بە هێزێکی مەزنەوە، پارێزگاریی لە کۆماری کوردستان دەکرد.
بەوشێوەیە پێکەوە کار کردنی کوردەکان لە سەرجەم پارچەکانی کوردستانەوە دەستیپێکرد و رۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێت.
دامەزران و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بوونەتە سیمبۆلێک بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان
راستە کە تەمەنی کۆماری کوردستان زۆری نەخایاند، بەڵام دامەزران و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بوونەتە سیمبۆلێک بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان.
ئاڵای کۆماری کوردستان کە ئەوڕۆکە لە باشووری وڵات هەڵکراوە، هەمان ئەو ئاڵایەیە کە پێشەوا قازی، بە بارزانی گەورەی ئەسپاردبوو.
سروودی نەتەوەیی کوردستان لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا ئەوڕۆکە لە هەموو پارچەکانی نیشتماندا بە دەنگێکی بڵیند دەخوێندرێت و کوردەکان بە ڕێزەوە و راوەستاو گوێی بۆ دەگرن.
کۆماری کوردستان ماوەیەکی کەم مایەوە بەڵام کۆمەڵێک دەسکەوتی هەرە گرینگی رادەستی نەتەوەی کوردی کرد
پێویستە هەموو کەس بزانێت کە ئەگەرچی کۆماری کوردستان ماوەیەکی کەم مایەوە بەڵام کۆمەڵێک دەسکەوتی هەرە گرینگی رادەستی نەتەوەی کورد کرد.
لەسەر بنەمای ئەو دەسکەوتانەی کۆمار، پرسی کورد رۆژ بە رۆژ لە سەرانسەری کوردستاندا بەهێزتر دەبێت و سەرئەنجام کوردەکان دەکاتە خاوەن دەوڵەت.
لە کۆتاییدا من لە 74ـەمین ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیەکانیدا سەری ڕێز لە بەرانبەریاندا دادەنوێنم و ئەو فەرموودەیان دووپات دەکەمەوە کە بەتەواوی لەگەڵ ئەم سەردەمەی ئێمەشدا دەگونجێت:
“قەد بڕوا بە دوژمنەکانتان بەتایبەت بە عەجەمەکان مەکەن، لەبەر ئەوەی عەجەم لە چەند لایەنەوە دوژمنی ئێوەن. ئەوان دوژمنی نیشتمان و ئایینی ئێوەن و خاکەکەتانیان داگیر کردووە. مێژوو نیشانی داوە کە ئەوان هەردەم لە بیانوو دەگەڕێن و لەسەر تۆمەتێکی بچووکیش کوردەکان دەکووژن. ئەوان بە ئاسانی هەموو جۆرە تاوانێک دژ بە کوردەکان ئەنجام دەدەن.”