ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران بایکۆت دەکات

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران بایکۆت دەکات

“بە تەحریمی چالاک هەڵبژاردنەکانی ئەو دەورەیەی کۆماری ئیسلامی و بە تەواوی پووچەڵبوونی ڕەوایی ڕێژیم بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بکەین و بسەلمێنین”.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیاندنی ژمارە ١ی خۆیدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران بایکۆت دەکات و داوا لە خەلکی رۆژهەڵات دەکات کە لە بە نێو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا شوێنەکانی دەنگدان لە کوردستان دەبێ لە هەموو ئێران چۆڵتر بێ.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی جۆزەردانی ساڵی 1400ی هەتاوی بۆ جارێکیتر شانۆی بە ناو هەڵبژاردنەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران لە خراپترین ئاستی خۆی لە مێژووی نگریسی کۆماری ئیسلامیدایە. مودیرییەتی ناکارامە و نابەرپرسانەی ئابووریی وڵات، گەندەڵی لە ڕادە بەدەری بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە و ئابڵۆقە ئابووریەکان، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هێناوەتە لێواری هەڵدێرەوە.

لەم راگەیەندراوەدا روو لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووە: “ئاستی ناڕەزایەتیی خەڵک تا دێ، ڕوو لە هەڵکشانە و خەڵک بە تەواوی لەو ڕێژیمە بێ هیوا بوونە و ئەو نارەزایەتییە جەماوەرییە ئیتر تەنیا تایبەتمەندیی نەتەوە بندەستەکانی ئێران نیە و هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتۆتەوە”.

دیارە بارودۆخی کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو خراپترە لە هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران. خەڵکی کورد جیا لە هەڵاواردنی ئابووری کە بە سەریاندا سەپاوە و کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زیاتر، لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا هەر لە ژێر گوشار و هەڵاواردندان.

لە بەشیکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران جەخت دەکاتەوە کە دوای لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچەکە بەو ئاکامە گەیشت کە بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنەشدا هەر وەک جارانی پێشوو هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵک تێدا نابێت و تەنیا دەبێتە کەرەستەی پرۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بۆ نیشاندانی ئەوەی کە لە نێو خەڵکدا ڕەوایی هەیە. لەوە زۆرتر بەشداریی خەڵک لەم هەڵبژاردنەشدا دەبێتە یامەتیدەر و پاساودەری سەرکوتی زیاتر، ئەشکەنجەی زیاتر و ئیعدامی زیاتر لە جاران و مۆری تەئیدێک لەسەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی.

لە کۆتاییدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بە تایبەت کوردستان دەکات کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شۆرای شار و دێیەکان تەحریم بکەن و بە بەشداری نەکردنی خۆیان و چۆڵ ڕاگرتنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەم هەڵبژاردنە بکەنە رێفراندۆمی دەنگی “نا” بە کۆماری ئیسلامی و هەموو جەنایەت و گەندەڵیەکانی.

لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنیا دەنگنەدانی تاکەکان بەس نییە، بەڵکوو هەموو تاکێکی کۆمەڵگا دەبێ ببێتە تریبۆنی نا بۆ هەڵبژاردن و هەموو لایەک وێکڕا، بکەوینە خۆ بۆ تەحریمی چالاک هەڵبژاردنەکانی ئەو دەورەیەی کۆماری ئیسلامی و بە تەواوی پووچەڵبوونی ڕەوایی ڕێژیم بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بکەین و بسەلمێنین.

پوستێن ھەمان بەش