ناکۆکیەکانی نێوان پاڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی چۆن سەریانهەڵدا؟

ناکۆکیەکانی نێوان پاڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی چۆن سەریانهەڵدا؟

پاڤێڵ رێگا نادات جارێکی دیکە لاهوور دەسەڵاتی رەهای هەبێت، بەڵکوو دەیهەوێت بۆخۆی سەرۆکایەتی ئەو حیزبە بکات کە لە بابیەوە وەکوو میرات بۆی بەجێ ماوە.

مژاری هەرە گەرمی رۆژانی رابردووی باشووری کوردستان، بێ دەسەڵات کردنی لاهوور شێخ جەنگی و لابردنی پیاوەکانی لە دامەزراوە ئەمنیەتیەکانی سلێمانیدا بوو کە بە بڕیاری پاڤڵ تاڵەبانی کوڕی مام جەلال بەڕێوە چوو. مژارەکە بە ڕادەیەک گەرم ببوو کە بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی بە دووریان نەدەزانی کە ئەگەر کێشەکان هەروا بەردەوام بن، دوور نیە بە پێکدادانی چەکدارانە بگات. لە ئێستادا بەشێک لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە گرفتەکە کۆتایی پێهاتووە و پاڤڵ تاڵەبانی بەرنامەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

لە راستیدا هەر لە رۆژانی بەڕێوەچوونی دوایین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانیدا، کێشە و ململانێ لەنێوان ئەو دوو ئامۆزایەدا دروست ببوو. پاڤڵ تاڵەبانی کە خۆی بە میراتگری مام جەلال دەزانێت، نەیدەتوانی ئەوە قبووڵ بکات کە دەنگەکانی لاهوور جەنگی لەناو کۆنگرەدا لە دەنگەکانی ئەو زیاتر بن. بەڵام لاهوور زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەی یەکێتیی کڕیبوو و دەنگەکانیانی بۆخۆی مسۆگەر کردبوو. لاهوور بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرەی بە پارە و بەشێکی دیکەشی بە هەڕەشە و تەهدید کردن بە کوشتن و بڵاوکردنەوەی مەلەفی بێ ئەخلاقیەکانیان وەکوو ڤیدیۆی ئەو پەیوەندیانەیان کە لەگەڵ ژناندا هەیانبوون، خستبوونە ژێر رکێفی خۆی و بەشێکی دیکەشی بە تەماح وەبەرنان و بەڵێنی پێدانی کورسی و پلە وپایەی حیزبی رازی کردبوون کە دەنگی پێ بدەن. ئەوەش بوو بە هۆکار کە لاهوور بتوانێ دەنگی زۆربەی زۆری ئەندامانی کۆنگرە بۆخۆی ببات. بەڵام ئەوە هۆکاری سەرەکیی گرفتەکانی نێوان لاهوور و پاڤڵ نەبوو. کەواتە هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی نێوان پاڤڵ و لاهوور کامانەن؟

بەپێی ئەو زانیاریە تایبەتانەی کە ئێمە هەمانە، مانگێک پێش ئێستا پاڤڵ تاڵەبانی نەخۆش کەوتبوو. کاتێک سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو و پشکنینی بۆ ئەنجامداربوو، دەرکەوتبوو کە دەرمانخوارد کراوە. دواتر پاڤڵ لێکۆڵینەوە دەکات و بەو ئەنجامە دەگات کە یەکێک لە پاسەوانەکانی خۆی بە فەرمانی لاهوور جەنگی، ژەهری کردۆتە ناو خواردنەکەی و بەوشێوەیە دەرمانخوارد کراوە. لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی یەکێتی لەلای پاڤڵ تاڵەبانی گلەییان لە لاهوور کردبوو کە لەرێگای بەکارهینانی دامەزراوە ئەمنیەتیەکانی سەر بە یەکێتیەوە (دەزگای زانیاری)، ڤیدیۆی بێ ئەخلاقییان لەسەر کۆ کردوونەتەوە و هاوکات منداڵانی بەرپرسانی یەکێتیی ئالوودەی ماددەی هۆشبەر دەکات و دواتر وەکوو کارتێکی فشار دژ بەو بەرپرسانە بەکاریان دێنێت. ئەمەش وادەکات کە ئەو بەرپرسانە بەتەواوی ملکەجی بەرنامەکانی لاهوور ببن.

هاوکات لاهوور لەرێگای قۆرخ کردنی داهاتە ناوخۆییەکانی سلێمانی و رێگانەدان بە گەڕانەوەی ئەو داهاتانە بۆ خەزینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شەخسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیان خستۆتە رەوشێکی زۆر خراپ و تووشی گرفتی کردوون. قاچاخچێتی کردن بە دەرمان و نەوت و لەوانەش گرنگتر حیساب نەکردن بۆ پاڤڵ تاڵەبانی، هۆکاریکی دیکە بوو کە ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو ئامۆزایەی گەیاندە بەرزترین ئاستی خۆی.

ناکۆکیەکان گەیشتبوونە ئاستێک کە پاڤل تاڵەبانی بە هیچ شێوەیەک نەیدەتوانی لاهوور جەنگی بببورێت. سەرئەنجام پاڤڵ لەناکاو لە رێگای بەکارهینانی هێزی سەربازیەوە هەڵیکوتایە سەر ئیستیخباراتی یەکێتی و بەشێک لە بەرپرسانی ئەو دەزگایەی دەستبەسەر کرد. پاڤڵ هەریەک لە محەمەد تاڵەبانی، برای ئاڵا تاڵەبانی و خوارزایەکی لاهوور بەناوی رەنج کە دوو بەرپرسی هەرە باڵای ئیستیخباراتی یەکێتی بوون، دەستبەسەر کردن. دواتر پاڤڵ لەناو بیناکەی ئیستیخباراتی یەنەکەدا دەستی گرت بەسەر کۆمەڵێک ڤیدیۆی بێ ئەخلاقیی بەرپرسانی یەکێتیدا کە لاهوور بەمەبەستی بێدەنگ کردنیان لە رێگای دەزگای زانیاریەوە تۆماری کردبوون. هەروەها پاڤڵ تاڵەبانی لە ژووری خوارزاکەی لاهووردا بەناوی رەنج، دەستی بەسەر قوتوویەک ژەهردا گرت. هاوکات پاڤڵ هێزێکی هەناردۆتە سەر شیرکەتی لاهوور بەناوی کونسول و لەوێدا دەستی بەسەر 10 ملیۆن دۆلاردا گرتووە.

ئەوانەی کە پاڤڵ تالەبانی دەستی کەوتبوون بەس بوون بۆ ئەوەی لاهووری پێ بێدەنگ بکات. لاهوور هەندێک جار بەشێوەی راستەوخۆ و زۆرجاریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆو لە رێگای بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانیەوە داوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ پاڤێڵ کردووە بۆ ئەوەی گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن بەڵام پاڤڵ تاڵەبانی رازی نەبووە. پاڤڵ ئەوەی کە ویستی ئەنجامی داوە و لاهووری بێ دەسەڵات کردووە. پاڤڵ بە گۆڕینی ئەو بەرپرسانەی دەزگا ئەمنیەکان کە سەر بە لاهوور بوون و دانانی کەسانی وەفادار بە خۆی لە جێگایان، پشتی لاهووری لە عەرز داوە و خۆیشی وەکوو تاقە سەرۆکی یەکێتی ناساند.

لە درێژەی ناکۆکیەکاندا، هێزیکی ئەمنی سەر بە پاڤڵ هەڵیانکوتایە سەر تەلەفەزیۆنی IPLUS کە هی لاهوور جەنگیە و هێشتا دەستی بە پەخش نەکردووە. بەپێی زانیاریەکان کارمەندانی ئەو تەلەفەزیۆنە رەوانەی ماڵەوە کراون، بەشێک لە ئامێرەکانیان شکێندراون و بەشێکی دیکەشی هێزە ئەمنیەکە لەگەڵ خۆیان بردوویانن.

روونە کە پاڤێڵ رێگا نادات دۆخەکە وەکوو پێشووی لێبێتەوە و جارێکی دیکە لاهوور دەسەڵاتی رەهای هەبێت. پاڤڵ دەیهەوێت بۆخۆی سەرۆکایەتی ئەو حیزبە بکات کە لە بابیەوە وەکوو میرات بۆی بەجێ ماوە. ئەو لەلایەک دەیهەوێت هاوکاریی براکەی و تیمەکەی یەکێتی لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات و لەو تەنگ و فشارانە دەربازیان بکات کە لەلایەن لاهوورەوە رووبەڕوویان بۆتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە دەیهەوێت خۆی وەکوو کەسی یەکەم و بەرپرسی سەرەکی یەکێتی جێ بخات و بەردەوام بێت.

پوستێن ھەمان بەش