پێشمەرگەی کوردستان سوپایەکی ڕێکخراوە و بە پێی دیسپلینی وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکات و جووڵە دەکات، هەروەک چۆن ئێوە بە پێی بڕیارەکانیی قەندیل دەجوڵێنەوە.
سمکۆ عەبدالعەزیز
کەسێک هەیە بە ناوی ئەحمەد قەرەقووس ببوورن ئەحمەد قەرەمووس، کە لە لایەن پەکەکەوە بۆ هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی نانەتەوەیی کورد، دووبارە ببوورن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردان دیاری کراوە.
لە ڕێکەوتی 27/7/2021 ئەو کەسە لێدوانێکی بۆ “ڕۆژ نیوز” داوە کە ئەم خاڵانە لە خۆی دەگرێت:
1ـ ئەگەر یەک گولـلە بتەقێت ئەوا شەڕی ناوخۆیی ڕوودەدات.
2ـ پەدەکە پۆلەتیکی دووڕوویی بەکاردێنێت، لە لایەکی دیکەوە دەڵێت: شەڕی براکوژی حەرامە و هاوکات دەشڵێت پێشمەرگەکان بۆ هەرێمی گریلاکان کەوتوونەتە جووڵە.
3ـ داوا لە میللەتی کورد دەکات کە دەست لە کەلـلە رەقی بەربدات و دەست بە دیالۆگ بکەن.
ئێمە بە کورتی و بە کوردی بە تۆ بڵێین:
ـ لە کوردستان ڕێکخراوێک بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی بوونی نیە. بە پێچەوانەوە ڕێکخراوێک هەیە کە لە چەند کادرێکی پەکەکە پێک دێت و ئەوان ئەو ناوە پیرۆزەیان لە خۆیان ناوە.
ـ هیچ حیزبێکی سیاسی کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دانیان بە ئێوەدا نەناوە، لەبەر ئەوەی ئێوە ڕێکخراوێکی بێلایەن نین و 100٪ سەر بە پەکەکەن و حیزبێکی دێموکراتیک نین، بەڵکو ئێوە باڵی سیاسی پەکەکەن لە ئەوروپا.
ـ لەو ڕۆژەوەی کە دامەزراون تا دەگات بە ئەمڕۆ، ئێوە بە پێی بڕیار و دەستوورەکانی پەکەکە دەجوڵێنەوە، ئەگەر خوێنەری بەڕێز بیەوێت لە راستی ئێوە بزانێت لەو ڕۆژەوەی کە دامەزراون و چۆنیەتی خەباتی ئێوە با بفەرموون و کتێبی “ئایەتەکانی ئاپۆ” بخوێننەوە، کە لە لایەن “سەلیم چوروککایا” نووسراوە کە ناوبراو بۆخۆی لە دامەزرێنەران وکادیرە بالاکانی پەکەکە بووە.
ـ تۆ هاوسەرۆکی ڕاستەقینە نیت و تەنها بڕیارەکانی قەندیل لەناو ئەو حیزبەدا جێبەجێ دەکەیت.
ـ تۆ دەڵێیت پێشمەرگەی پەدەکە، جارێ تۆ ئەو دەستەواژەیە لەناو خۆتان لابەن، ئەو دەستەواژەیە لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بەکاردەهێنرێت، لەبەر ئەوەی تا ئەمڕۆ دانپێدانان بە حکوومەتی باشووری کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەدا نانێن، ئێوە بە هەمان ڕوانینەوە لە حکوومەتی باشوور و پێشمەرگەکان دەڕوانن، بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە بەڵگەیە لەسەر قسەکانمان.
ـ پێشمەرگەی کوردستان سوپایەکی ڕێکخراوە و بە پێی دیسپلینی وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکات و جووڵە دەکات، هەروەک چۆن ئێوە بە پێی بڕیارەکانیی قەندیل دەجوڵێنەوە.
ـ سەبارەت بە جووڵەی پێشمەرگە، ئایا ئێوە دەزانن کە ئەرکی سەرەکی پێشمەرگە پاراستنی خاکی باشووری کوردستانە لە هەر دەستدرێژییەک؟ پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا پێشمەرگە جووڵەی بۆ کام لە هەرێمەکان کردووە؟ ئایا پێشمەرگە چوونەتە چیاکانی باکووری کوردستان و بەرپێی گریلاکانیان تەنگ کردووە؟ ئایا لە کەیەوە پێشمەرگە هاتۆتە هەرێمەکانی باکوور و مەترسی خستۆتە سەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەو پارچەیەی وڵات؟ پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا گریلا لە مەتین و گارە و وووووو چی دەکا؟ نازانم ئێوە دەزانن کەلـلە رەقی چییە؟ کەلـلە ڕەقی ئەوەیە کاتێک هەموو حیزبەکانی باشوور بە حیزبەکانی دەسەڵاتدار و ئوپۆزیسیۆنەوە، لە دژی هەبوونی گریلاکانن لە باشوور و قەندیلەکەی جەنابیشت حیسابی پیوازێک بۆ ئەو حیزبانە ناکات.
کەلـلە ڕەقی ئەوەیە کاتێک پارلەمانتارێکی هەڵبژێردراو و حکوومەتێکی هەڵبژێردراو لە دژی هەبوونی گریلان لە باشووری کوردستان و قەندیلەکەی جەنابیشت حیسابیان بۆ ناکات.
پەدەکە دووڕوویی ناکات، بەڵام بە پێی ڕوانگەی ئێوە ئەوەی دووڕوویی دەکات، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئێوە وەکوو تووتی قسە دەکەن و لە واتای دەستەواژەکان ناگەن، لەبەر ئەوە دیارە قەندیل بە تۆی گوتووە بڵێ دووڕوویی بۆیە تۆش گوتووتە.
دووڕوویی وەکوو دەستەواژە ئەوەیە کە لە سەرەوە شتێک بڵێت و لە ژێرەوەش شتێکی دیکە بکات، نموونە سیاسەتی قەندیل کە بە ئاشکرا دەڵێت من بۆ ئازادبوونی کورد و کوردستان خەبات دەکەم و ژێر بە ژێریش خەبات بۆ جێبەجێ کردنی میساقی میلـلی تورکیە دەکات.
پەدەکە بە ئاشکرا دەڵێت لە دژی هەبوونی هێزی گریلاین لە باشووری کوردستان، ئەوجار نازانم دووڕوویی لە کوێیە لە قەندیلە یان لە سەری ڕەشە؟؟؟؟