ئایا “کوردەکان پێویستیان بە دەوڵەت نیە”؟!

ئایا "کوردەکان پێویستیان بە دەوڵەت نیە"؟!

“هەموو کەسێک دەزانێت کە دەوڵەتی تورک بە سەرجەم پێکهاتە و یاساکانیەوە، دەوڵەتێکی رەگەزپەرست، پاوانخواز (یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک میللەت)ـەو لەسەر بنەمای قڕکردنی نەتەوەی کورد دامەزراوە”.

خدر ئوسۆ

نەتەوەی کورد لەو کاتەوە کە وەکوو دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر خاکی خۆیدا نەماوە، بەردەوام لەلایەن هێز و دەوڵەتە بەربەڕیە داگیرکەرەکانەوە رووبەڕووی هێرش، تاڵان، کوشتار، کاولکاری، ئاوارەیی، برسیەتی و پەرێشانی دەبێتەوە. کوردەکان ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت بە زۆر شێوازی جیاواز رووبەرووی چەرمەسەری و فەلاکەت دەبنەوە.

لەم سەردەمەدا پەکەکە وەکوو حیزبێکی ئیلەگاڵ و چەکدار، هەدەپەش وەکوو حیزبێکی لەگاڵ و بەستراوە بە پەکەکە و سەرجەم لق و پۆپەکانی دیکەی پەکەکە دەڵێن: “بەدەوڵەت بوون بۆ گەلی کورد خراپە، ئێمە لە دژی بەدەوڵەت بوونی کوردەکانین. ئێمە ئەو دەوڵەتانەی کە ئیستا هەن و ئاڵا و سنوور و پارلمانەکانیان قبووڵ دەکەین! و هاوکات تێدەکۆشین کە ئەو دەوڵەتانە دیموکراتیزە بکەین”.!

ئێمە وا دادەنێین کە بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە بەو بڕوایە گەیشتبێتن کە پاش ئەوەی دەوڵەتی تورکەکانیان دیموکراتیزە کرد و گۆڕیان،! ئەو حیزبە بتوانێت دەنگی هەموو کوردەکان و چەپە دیموکراتەکانیش کۆ بکاتەوە، بەڕاستی دەتوانن سەدا چەندی کورسیەکانی پارلمانی تورکیا بەدەست بهێنن؟ ئەدی کەی دەتوانن بۆخۆیان حکوومەت پێکبهێنن؟ ئایا دەتوانن ریفراندۆمێک بەڕێوە ببەن و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دەستووری ئەو وڵاتەدا بکەن؟ ئایا دەتوانن ئەو دەوڵەتە لە رەگەزپەرست، چتە و مافیاکان پاک بکەنەوە و بیکەنە دەوڵەتێکی دیموکراتیک و دادپەروەر؟

هەتا ئەو دەوڵەتە هەڵنەوەشێتەوە و سەر لەنوێ لەسەر بنەمای ماف و پرنسیپە دیموکراتیکەکان دانەمەزرێتەوە، هەرچەشنە تێکۆشانێک لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا بۆ پێکهێنانی ریفۆرم و دیموکراتیزە کردنی، خۆ گێل کردنە لە راستیەکان. بەڕێوەبەرانی هەدەپە بە ئاشکرا و راشکاوانە دەڵێن “ئێمە حیزبێکی تورکیەیین و بەپێی یاسا بنەڕەتیەکانی دەوڵەتی تورکیە سیاسەت دەکەین و وەکوو حیزبێک بەربژێرین بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیە بگرینە دەست”.! دیارە بۆ ئەوەی دەنگی کوردەکانیش بەدەست بهێنن لە باکووری کوردستاندا خۆیان وەکوو حیزبێکی کوردی دەناسێنن.

هەموو کەسێک دەزانێت کە دەوڵەتی تورک بە سەرجەم پێکهاتە و یاساکانیەوە، دەوڵەتێکی رەگەزپەرست، پاوانخواز (یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک میللەت)ـەو لەسەر بنەمای قڕکردنی نەتەوەی کورد دامەزراوە. قانوونی ئەساسیەکەی و بڕگەکانی تایبەت بە چالاکیی ئەحزاب، هەڵبژاردنەکان و تەنانەت سوێندخواردنی پارلمانتارەکانیشی هەموویان لەسەر بنەمای نژادپەرستیی تورک و حاشا کردن لە بوون و مافەکانی نەتەوەی کورد و گەلانی غەیرە تورک بنیات نراون.

لە دۆخێکی وەهادا حیزبێک کە بەپێی یاساکانی دەوڵەتی تورک بتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بێت و بڕواتە پارلمانی تورکیە، بێگومان ئەو حیزبە یەکسەر دەبێتە بەشێک لە سیستمی داگیرکەر و داپڵۆسینەر و نیژادپەرستی دەسەڵاتدار. بەربژێرەکانی ئەو حیزبە پاش ئەوەی کە دەڕۆنە پارلمان، سەرەتا پێویستە بە نامووس و شەرەفی خۆیان سوێند بخۆن بەوەی کە دەوڵەت بە ڕەوا دەزانن، تەنها خزمەتی نەتەوەی تورک دەکەن و پابەند دەبن بە قانوونی ئەساسی ئەو وڵاتەوە کە لە راستیدا پارێزەری سیستەمی نژادپەرستانەی تورکەکانە. کەواتە ناکرێ ئەو پارلمانتارە وەکوو نوێنەری گەل دابنرێت بەڵکوو ئەوە پارلمانتاری دەوڵەتە. ئەگەرچی خەڵکی دەنگی پێدەدات بەڵام خزمەت بە دەوڵەت دەکات، ئەوەش بەشێک لە شانۆی هەڵبژاردنە لە وڵاتە تۆتالیتێرەکاندا.

“کوردەکان پێویستیان بە دەوڵەت نیە. تایبەتمەندیەکانی کورد و کوردستان بۆ بەدەوڵەت بوون کافی نین. دەوڵەت سیستمی زۆرداری و ناعەدالەتیە و خراپە”. ئەوە کاکڵە و ئەنجامی لێدوان و پروپاگاندای ئیدئۆلۆژیستە داگیرکەر و نژادپەرەستە باڵادەستەکانن کە ئامانجیان ئەوەیە باڵادەستی خۆیان بەسەر نەتەوەی کورد و داگیرکاریی دەوڵەتەکەیان بەسەر خاکی کوردستاندا درێژە پێبدەن. بەهۆی پەکەکە/هەدەپە و هێندێک کوردی دیکە کە بەناوی نەتەوەی کوردەوە دژایەتی بەدەوڵەتبوونی کوردستان دەکەن و خوێنی لاوانی کورد لە پێناو ئامانجی داگیرکەراندا دەڕێژن و بەکوشتیان دەدەن، لەگەڵ داگیرکەراندا لە هەوڵی ئەوەدان کە بە چ رێگایەک دەتوانن کۆمەڵگای کوردستان بەتەواوی ئاسمیلە بکەن و هێژمۆنی نەتەوەی باڵادەست بەسەر کوردەکاندا بسەپێنن و کوردەکان بخەنە خزمەت دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە.

سەرۆک مەسعوود بارزانی دەڵێت: “ئێوە دەڵێن سەربەخۆیی باش نیە، ئەگەر بەڕاست سەربەخۆیی خراپە ئەدی بۆچی بۆ ئێوە باشە؟! گەلی کورد لە زۆر کوشتار و قڕکردندا دەربازی بووە، لەبەرانبەر داعشیشدا خۆمان پاراست. ئیمە لەوڵاتی خۆماندا بووین و دوژمن پەلاماری وڵاتەکەمانی دا، ئێمە ئیدی نامانهەوێ خوێنی گەلی ئێمە بڕژێت و لە رێگای ریفراندۆمەوە دەمانهەوێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین. دەوڵەتی کوردی ئاسایش و پاراستنی ئێزدی و مەسیحیەکانیش دابین دەکات”.

ئەرێ هەتا کەی کورد سەربەخۆ نەبێت و وەکوو دەوڵەت خۆی بەڕێوە نەبات. هەتا کەی کورد لە ژان و تاڵی قر کردن، ئاوارەیی و برسیەتی رزگاری نەبێت. بەداخەوە نەتەوەی سەردەست بە دیموکراسی و ئازادیی شاد نابن و ئەو کەمینەیەش کە لە کوردستاندا دەژین قەد ئاسایش و ئارامی بەخۆیانەوە نابینن.

کۆمەڵناسی دیار مامۆستا ئیسماعیل بێشکچی سەبارەت بە رەوشی کورد و کوردستان، کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسانەی ئەنجام داوە و بە دەیان کتێبی لەو بارەوە نووسیوە. مامۆستا بێشکچی لە نووسینی کتێب و وتارەکانیدا کەڵکی لە زانیاریی راستەقینە و سەلمێنراو وەرگرتووە و لەسەر پرسی کورد بۆ ماوەی 17 ساڵ لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە زیندانی کراوە. مامۆستا بێشکچی دەڵێت: “هەتا ئەو کاتەی کە کوردەکان نەبنە خاوەن دەوڵەتی خۆیان، لە هیچ بوارێکدا ئاسایش و ئارامی بەخۆیانەوە نابینن. کورد هەتا دەوڵەتی خۆیان نەبێت خاوەن ماڵ و موڵک و سەروەتی خۆشیان نیەن، هەرکات داگیرکەر بڕیار بدات هەموو شتێکیان لەدەست دەدەن و تەنانەت خاوەن ژیانی خۆشیان نابن. ئەگەر کوردەکان لە رێگای دامەزراوە دەوڵەتیەکانیانەوە زمان و چاند و کلتووری خۆیان نەپارێزن هاوشێوەی زۆر نەتەوەی دیکە دەتوێنەوە و لەناو دەچن”.

ئەمڕۆکە لە جیهاندا هەر نەتەوە یان کەمە نەتەوەیەک وەکوو ئوتۆنۆم، فیدراڵ، کۆنفیدراڵ یان دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دامەزراوە و قەوارەیەکی تایبەت بەخۆی نەبێت، ئەوە بێگومان مەحکوومە بە ئاسمیلاسیۆن و بەرە بەرە لەناو دەچێت.

هیچ ئیدئۆلۆژیست، کۆمەڵناس و سیاسەتوان و رۆشنبیرێکی دەروەست و خاوەن ویژدان، ئیدیعای ئەوە ناکات کە لە جیهانی ئەمڕۆدا هیچ نەتەوەیەک پێویستی بە دامەزراوە و قەوارەیەکی سیاسی هاوشێوەی دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆ نیە. جا ئەگەر لە ناوچەیەکدا کە هێشتا عەقڵیەت و کلتوور و بیروباوەڕی سەدەی ناوەڕاستی تێیدا زاڵە و لەلایەن کۆمەڵێک دەوڵەتی نژادپەرست، تۆتالیتێر، ئۆتۆریتەر، ئەتۆکراتیک و دیکتاتۆرەوە بەڕێوە دەبرێت، بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستەی وەکوو کورد، دامەرزاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە نان و ئاویش پێویستتر و واجبترە.

24/10/2021

Share