راگەیاندراوی پەکەکە دەربارەی شەهیدانی پێشمەرگە و سیاسەتی چەقەڵایەتی

پێویستە پەکەکە دەست لە چەقەڵایەتی بەربدات، لە هاوپەیمانەتی دژ بە کوردستان بێتە دەرەوە، کۆتایی بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حەشد و داعش بهێنێت.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هێرشەکانی دژ بە هەرێمی باشووری کوردستان زیاتر کردووە و لە حەوتووی رابردوودا، دوو هێرشی گەورەی ئەنجامدا و بەهۆیانەوە 3 هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون. پەرەسەندنی هێرشە تیرۆریستیەکانی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، بابەتێکە کە پێویستە مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە و هۆکارەکانی گەنگەشە بکات. ئەگەرچی هێرشەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجام دەدرێن بەڵام گومانی تێدا نیە کە دەستی داگیرکەرانی کوردستانی لەپشتە. دیارە جگە لە تورکیە رێژیمی ئێران یەکێکی دیکە لەو داگیرکەرانەی کوردستانە کە داعش لە راستای بەرژەوەندیەکانیدا بەکار دەهێنێت. روانگەیەکی گشتی هەیە کە داعش لەلایەن تورکیەوە ئاراستە دەکرێت بەڵام لە تورکیە زیاتر ئەوە رێژیمی ئێرانە کە کاریگەریی لەسەر داعش هەیە و لە راستای بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی تاراندا بەکاری دەهینێت.
ئەگەر ئێمە لە بارودۆخی عێراق ورد ببینەوە، لەسەرەتای چالاک بوونی داعشەوە تەنیا هێزێک کە توانیویەتی لەو دۆخەدا سوودمەند بێت و پێگەی خۆی مەحکەمتر کردووە لە عێراقدا، رێژیمی ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانی بوون. میلیشیا شیعەکان شەریکێکی کوردیشیان هەیە کە پەکەکەیە. بەڵێ دەوڵە داگیرکەرەکانی تورکیە و ئیران سوودمەندی سەرەکی هێرشەکانی داعشن و پەکەکەشیان لەگەڵدایە.
لە پاش سەرهەڵدانی داعش، پەکەکەش ئەرکدار کرا کە بەمەبەستی بنیاتنانی هیلالی شیعی هاوکاریی رێژیمی ئێران بکات. بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر هێڵی کەرکووک، شنگال، گەرمیان و مەخموور جێگیر کرا. ئەگەر بە باشی لێی ورد ببنەوە دەزانن کە لەبەرچی ئێمە دەڵێین هێزەکانی پەکەکە جێگیر کران، چونکە گریلاکانی پەکەکە لەسەر فەرمان و راسپاردەی دەزگای ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ئیران بوو کە رەوانەی کەرکووک کران. ئەوەی کە تۆزقاڵێک لە سیاسەت بزانێت دەتوانێ لەو راستیە تێبگات. لە کاتێکی دیکەدا دەتوانین لەسەر ئەو بابەتە وردتر و زیاتر بنووسین بەڵام لە ئێستادا دەمانهەوێ ئەو بابەتە روون بکەینەوە کە چۆناوچۆن تورکیە و ئێران گرووپە مافیاییەکانی وەکوو پەکەکە لەگەڵ سەرهەڵدانی داعشدا لە ساڵی 2014، هێزەکانی خۆیان لەناوچەکەدا جێگیر کرد. لە ئێستاشدا ئەو گرووپانە لە هەوڵی ئەوەدان کە لە شەپۆلی دووەمی هێرشەکانی داعشدا کۆمەڵێک دەسکەوتی سیاسی و نیزامی بۆخۆیان دەستەبەر بکەن.
پێویستە سەرجەم ئەو پروپاگەندە و بڵاوکراوانەی پەکەکە کەوا لە پاش هێرشەکانی تیرۆریستانی داعشەوە دەکرێن، بە وردی و لەسەر بنەمای ئەو پرسپەکتیڤە هەڵبسەنگێنین. پەکەکە دەیهەوێت و چاوەڕێیە کە هێرشەکانی داعش هاوشێوەی ساڵی 2014 پەرە بستێنن و ئەویش پاشماوەکانی ئەو هێرشە کۆ بکاتەوە. واتە پەکەکە شەهید بوونی هەر پێشمەرگەیەک و ئەنجامدانی هەر هێرشێکی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی باشووری کوردستان، وەکوو دەسکەوتێک بۆخۆی دادەنێت. پەکەکە دەیهەوێ لەو یاریەدا رۆڵێکی پێ بدرێت. بە کورتی ئەوە راستیەکەیە بەڵام هاوکات شتی دیکەش لە ئارادان.
“سەردەم یەکتاش”، کادری پەکەکە و وتەبێژی ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، لە لێدوانیکدا بۆ ANF قسەی کرد و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری پێشمەرگەکان کرد. هەروەها گوتی ئێمە پێشتر کەرکووکمان لە داعش پاک کردبۆوە. بە بێ ئەوەی شەرم لە درۆیەکانی بکات گوتی: “دیسان ئامادەین کە بڕۆین و شەڕ بکەین”. لە ئەساسدا ئەو قسانە هیچ پەیوەندییەکی بە رووی راستەقینەی پەکەکەوە نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە پەکەکە لە ئیحساساتی کوردان تێگەیشتووە، دەیهەوێت یاری بە هەست و ئیحساساتی گەلی کوردەوە بکات و دەیهەوێ شانۆیەک ساز بکات هەر بۆیە کادرێکی خۆی راسپاردووە کە لێدوان بدات و ئەو قسانە بڵێت.
بەگم ئەوە چیە؟ پەکەکە سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکان کرد. بۆچی وایە؟ باشە ئایا پەکەکە سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانە کرد کە بەدەستی گریلاکانی خۆی شەهید بوون؟ بۆ نموونە ئایا سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهید غازی ساڵح ئالیخان، بەرپرسی ئاسایشی سەرزێڕ کرد کە لەپێش چاوی منداڵەکانیەوە شەهید کرا؟ نەیدەتوانی سەرەخۆشی بکات! لەبەرچی؟ چونکە پەکەکە حیزبێکی چەقەڵە و خۆی دەکاتە ساحێبی تەرمەکان. هەوڵ دەدات نەک هەر جەنازەکانی خۆی بەڵکوو خۆی بکاتە خاوەن تەرمی کەسانی دیکەش.
ئەو دیمانەیەی کە سەردار یەکتاش لەگەڵ ANFدا سازی کردبوو، لە یاری قوتابخانەی سەرەتاییدا نیشانەی چەقەڵایەتی پەکەکەیە. لە ساڵی 2014 بەملاوە پەکەکە لە ناوچەکانی شنگال، مەخموور و بادینان وەکوو چەقەڵێک خۆی مەڵاز دابوو تاوەکوو هەرێمی باشووری کوردستان لاواز ببێت و بکەوێت و پەکەکەش خۆی لەسەر بەرماوەکەی بکاتە خاوەن.
ئیمە هەموومان تایبەتمەندیەکانی چەقەڵ دەزانین، چەقەڵ گیانلەبەرێکە کە کەلاک دەخوات و بۆخۆی ناتوانێت ڕاو بکات. زۆرجار ئەگەر زەختی بۆ بێت مریشک و شتی بچووک دەدزێت بەڵام لە ئەساسدا چەقەڵ، لاشخوەرە و پاشماوەی نێچیری لایەنی دیکە دەخوات. چەقەڵ تایبەتمەندییەکی دیکەشی هەیە، ئەویش ئەوەیە بە کۆمەڵ دەقیژێنن و دەیانهەوێ دەوروبەرەکەیان بترسێنن. ئەوەی کە دەڵێین چەقەڵ مەبەستمان ئەوەیە. پەکەکە وەکوو چەقەڵ وایە، هەمووکات دەیهەوێ لەسەر حیسابی خەڵکی دیکە خۆی گەورە بکاتەوە و بەدوای پاشماوەی نێچیری لایەنی دیکەوەیە. هەروەها پەکەکە بەردەوام قیژە قیژ و هاتوهاوار ساز دەکات و دەیهەوێ دەوروبەرەکەی بترسێنێت. واتە وەکوو چەقەڵ وایە، دزە، بەلاشخۆرە، فێڵباز و فریوکارە و بە درۆ کردن دەیهەوێ دەوروبەرەکەی هەڵخەڵەتێنێت. پەکەکە نەک هەر وەکوو چەقەڵە بەڵکوو چەقەڵێکی بێ حەیا، بێ شەرم و بێ ئەدەبیشە.
ئەگەر پەکەکە چەقەڵ نەبوایە، لەبەرچی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگەی شەهید دەکات، لەکاتێکدا بۆخۆی لەماوەی 11 مانگدا 12 پێشمەرگەی شەهید کردوون؟ لەماوەی ئەو 11 مانگەدا زیاتر لە 10 بۆمبی چێندراوی پەکەکەش بەر لەوەی بتەقێنەوە، پووچەڵ کراونەتەوە، کە ئەگەر پووچەڵ نەکرابانەوە رەنگ بوو ژمارەی پێشمەرگە شەهیدەکانی دەستی پەکەکە لەوەش زۆر زیاتر بوایەن. لە ئێستادا پەکەکە تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی کوردەکان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکان دەکات. واتە هاوشێوەی چەقەڵ سەرەتا دەکووژێت و دواتریش بۆخۆی بە خەمبار پیشان دەدات. بۆ هەموو کەس روون بۆتەوە کە پەکەکە هەبوونی خۆی لە نەمانی قەوارەی هەرێمی باشووری کوردستاندا دەبینێت و بۆیە بەردەوام دژ بە هەرێمی کوردستان شەڕ دەکات. مەگەر مستەفا قەرەسوو و بەسێ هۆزات نەبوون کە دەیانگوت: “ئەگەر لەگەل پێشمەرگە شەڕ بکەین ئەوە نابێتە شەڕی براکوژی” و شەهید کردنی پێشمەرگەیان بە ڕەوا لەقەڵەم دەدا؟ ئەوانەی کە دژایەتی پێشمەرگە دەکەن و دەیانهەوێ پێشمەرگە وەکوو دوژمن پیشان بدەن، پەکەکە و رێبەرەکانی پەکەکەن.
لە شەهید کردنی پێشمەرگە لە مەخموور، پەکەکە / هەپەگە لە داعش زیاتر بەرپرسیارن، لەبەر ئەوەی پەکەکە بۆتە هۆکاری ئەوە کە میلیشیاکانی حەشد واتە داعشی شیعە لە هێڵی شنگال، کەرکووک و مەخموور جێگیر بوون. ئەگەر ئیمڕۆ لە پەکەکە بپرسین پێتباشە هەولێر هەر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا بێت یان بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکانی حەشد، بێگومان پەکەکە حەز دەکات میلیشیاکانی حەشد کۆنترۆڵی هەولێر بکات. هەروەها ئەگەر لە پەکەکە بپرسین کە پێیخۆشە هەولێر سەر بە حکوومەتی هەرێم بێت یان بکەوێتەوە سەر بەغدا، پەکەکە پێیخۆشە بکەوێتە سەر بەغدا. ئەوە موبالغە نیە و راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. مەگەر لەبیرتان چووە کە پەکەکە لە شنگال لەباتی پێشمەرگە، میلیشیاکانی حەشدی هەڵبژارد؟ پەکەکە ئەوە بۆ سلیمانیەش دەکات.
پەکەکە نەک تەنها لە بواری سیاسیدا، بەڵکوو لە بواری پراکتیکیشدا، شەریکی ئەو هێزانەیە کە ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە. ئەو یەکینانەی داعش کە لە ناوچەکانی باشووری کوردستاندا جێگیر بوون، لە هێڵی شنگال و لە لای رۆژئاواوە دێن. ئەو کەسانەی کە بە پارە ئازاد کرابوون و هەروەک رۆژنامەی گاردیەن نووسیبووی لە بەرانبەر پارەدا ئازاد کراون و کاغەزێکیشیان پێ واژۆ کردبوون کە بەو شەرتە بەر دەدرێن کە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە سووریە.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، پەکەکە بەناوی پێشنیارەوە دەڵێت با پێشمەرگە لە ناوچەکانی حەفتەنین، گارە و برادۆستەوە بڕۆنە کەرکووک. بەڵام ئەوەی کە پەکەکە بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی و دەیکات بە ئەندازەی هەولڵەکانی داعش و میلیشیاکانی حەشد مەترسیدارن. ئەگەر سبەی رۆژ پەکەکە بۆی هەڵکەوێت ئامادەیە سواری تانک و دەبابەی ئێرانی بێت و پەلاماری هەرێمی باشووری کوردستان بدات.
هەربۆیە، ئەگەرچی پەکەکە دەڵێت “ئیمە ئامادەین لە دژی داعش شەڕ بکەین”،، بەڵام ئامانجەکانی پەکەکە روونن. هەروەکوو ئەو رووداوانەی کە لە ساڵی 2014دا روویدا، لەلایەک هاوکات کە لەگەڵ دەوڵەتەکانی تاران و بەغدا رێکدەکەوێت و هاوکاریی سیاسی و ستراتژیک دادەمەرزێنێت، بە پەیام و راگەیاندراوەکانی دەیهەوێ خۆی لای کۆمەڵگەی کوردیی وا پیشان بدات کە دڵسۆزی کوردستان و پرسی رەوای کوردە تا بەم سیاسەتە رێز و قیمەت بۆخۆی بەدەست بخات. لەلایەکی دیکەشەوە دەیهەویت حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان رێگایان بۆ بکاتەوە تا بۆ هەر شوێنێک پێیان خۆش بوو بڕۆن و هێزی تێدا جێگیر بکەن و دواتر شەڕ بە پێشمەرگە و خەڵکی باشوور بفرۆشن. ئیدی ئەو لاپەڕەیە داخراوە و هەموو کەس دەزانێت کە پەکەکە دۆست نیە و چەقەڵایەتی خۆی لەژێر بەرگی دۆستایەتیدا، شاردۆتەوە. هەموو کەس دەزانێت پەکەکە بە هەیەجانەوە چاوەڕێی ئەوە دەکات کە داعش، میلیشیاکانی حەشد و هێزە دژە کوردەکانی دیکە، هەرێمی باشووری کوردستان لاواز بکەن. هەموو خەڵکی کوردستان بۆیان دەرکەوتووە کە پەکەکە شەریک و هاوپەیامنی هیزە نەیارەکانی کوردستانە. لەبەر ئەوە تەنیا داوایەک کە لە پەکەکە دەکرێت ئەوەیە: دەست لە چەقەڵایەتی بەربدات، لە هاوپەیمانەتی دژ بە کوردستان بێتە دەرەوە، کۆتایی بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حەشدی بەناو شەعبی و داعش بهێنێت.