راستیی زەینەب جەلالیان و هەڵوێستی پەکەکە

راستیی زەینەب جەلالیان و هەڵوێستی پەکەکە

پەکەکە و رێژیمی ئێران دۆستی کۆنی یەکترین و زەینەب جەلالیان و رۆلەکانی کوردیش لەپێناو شاردنەوەی پەیوەندیی قێزەونی نیوان پەکەکە و تاران، ئیستیسمار دەکرێن.

زەینەب جەلالیان کچە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی 15 ساڵە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە زیندانی کراوە. زیندانی بوون لە هەموو شوێنێک خراپ و بەژانە بەڵام زیندانی بوون لە لایەن داگیرکەرانی وڵات و لە سیستمێکی کۆلۆنیالیستی ودواکەوتووی وەکوو ئیراندا، ژان و ئازارەکەی چەند قات زیاترە بەتایبەت ئەگەر زیندانیەکەش ژنێک بێت.

زەینەب جەلالیان ژیانێکی تاقەتپڕووکێنی هەبووە. زەینەب لە ساڵی 1982دا لە شاری “ماکۆ”ی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەدایکبووە و لەساڵی 1995دا تێکەڵ بە پەکەکە بووە. جەلالیان بۆ ماوەیەک گریلای پەکەکە بوو، پاش راگەیاندنی لقی رۆژهەڵاتی کوردستانی پەکەکە بەناوی “پژاک”، زەینەب جەلالیان بەمەبەستی کاری رێکخستن و تەشکیلاتی رەوانەی شاری کرماشانی رۆژهەڵات کرا و لە ساڵی 2007دا لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەستگیر کرا. هەر لەساڵی 2007دا سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە بەڵام دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکەی لە ئێعدامەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی، گۆڕدرا.

زەینەب جەلالیان لە تەمەنی 13ساڵیدا تێکەڵ بە پەکەکە بووە و لە تەمەنی 25 ساڵیدا سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە. چیرۆکی ژیانی زەینەب چیرۆکێکە کە پێویستە وەکوو بەسەرهاتێک بە نموونە بگێڕدرێتەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی کە ژنە و کەوتۆتە چنگی داگیرکەران، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ئەو چۆناوچۆن لەلایەن ئەو حیزبە سیاسیەی کە تیکەڵی بوو، واتە “پەکەکە”ـەوە وەکوو ئامرازێکی پروپاگاندایی بەکار دەهێندرێت.

زەینەب جەلالیان ئیستیسمار دەکرێت؟

میدیای پەکەکە ساڵانە چەند جار باسی رەوشی زەینەب جەلالیان دەکات، بەتایبەتی هەر ساڵ لە بەرەبەری مانگی ئادار و رۆژی جیهانی ژناندا، رەوشی جەلالیان لە راگەیاندنەکانی پەکەکەدا دەخرێتە بەرباس، یانیش هەرکات کە پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و پەکەکە دەکەونە رۆژەڤ و رەرخنەی لێدەگیردرێت، میدیاکانی پەکەکە زەینەب جەلالیان و ئەو ئەندامانەی دیکەی کە بەناوی پژاکەوە لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کراون، دەخەنە رۆژەڤ و زەقیان دەکەنەوە.

ئەمساڵیش پەکەکە کەمپینێکی بۆ زەینەب جەلالیان دەستپێکرد، ئیمە بە نیەتێکی باشەوە پشتیوانی لەو کەمپەینە دەکەین بەڵام واقعیەتی زەینەب جەلالیان، جیاوازە لەوەی کە لە پشت ئەو کەمپینەوە هەیە.

بەداخەوە دەستگیر کرانی زەینەب جەلالیان ئیستیسمار دەکرێت. بەر لەهەموو شت زەینەب جەلالیان بۆخۆی ئیستیسمار دەکرێت، هاوکات ئەو کەسانەی کە بەرانبەر بە رەوشی زەینەب جەلالیان هەست بە بەرپرسایەتی دەکەن، ئیستیسمار دەکرێن. بەتەواوی روونە کە پرسی زەینەب جەلالیان بە چالاکی ئینتیرنێتی و دروست کردنی هەشتاگ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و قسەکردنی دایکی جەلالیان چارەسەر ناکرێت. ئەوەی کە بتوانێت ئەو گرفتە هەستیارە چارەسەر بکات، تەنها خودی پەکەکەیە.

نەتەوەی کورد لە هاوکاری ستراتژیکی پەکەکە و ریژیمی ئێران چ سوودێک وەردەگرێت؟

پەکەکە لە سالی 2010دا پەیوەندیە ستراتژیکەکانی لەگەڵ رێژیمی ئێران تازە کردەوە و ئەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 11 ساڵە (لەبەهاری عەرەبی بەملاوە) ئێران و پەکەکە لە چوارپارچەی کوردستاندا پێکەوە و بە هاوبەشی دەجووڵێنەوە. پەکەکە وەکوو هێزیکی بەرگریکاری ئەمنییەتی ئێران رۆل دەگێڕێت و رێگا نادات کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە دژوارترین قۆناخەکانی مێژووی خۆیان دەرباز بکەن. لە دژوارترین رۆژەکانی بارودۆخی رێژیمی ئێراندا، پەکەکە رێگری لە گەلی رۆژهەلاتی کوردستان دەکات و ئێستاشی لەگەڵدا بێت وزەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاراستە شوێنهایەکی دیکە دەکات و رۆژەڤی ساختەیان بۆ دەخوڵقێنێت. ئەو هاوکاریە ستراتژیکە بەکەڵکی پەکەکەش هاتووە و پارەیەکی زۆری لەلایەن ئێرانەوە دەستکەوتووە. ئێمە ناچینە ناو وردەکاریی ئەو هاوکاریانەو و هەرکەسێک کە تۆزقاڵێک شارەزایی لە مێژووی سیاسیی کورد هەبێت بە باشی لە مێژووی پەیوەندی و هاوکاریەکانی نیوان پەکەکە و رێژیمی ئێران ئاگادارە. بەڵام ئێمە دەپرسین:  پەکەکە چ سوودێکی لەو پەیوەندییە وەرگرت؟ ئایا نەتەوەی کورد لە هاوکاری و پەیوەندیی ستراتژیکی پەکەکە ـ ئێران هیچ سوودێکی وەرگرت؟ ئایا گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ قازانجێکی لەو هاوکاری و پەیوەندیانە دەستکەوتووە؟

پەکەکە بۆ زەینەب جەلالیان چی لە ئێران داوا کرد؟

ئایا کەسێک هەیە کە پێمان بڵێت کوردەکان چ سوودێکیان لە ئێران پێگەیشتووە؟ نەخێر، رێژیمی ئێران هیچ سوودێکی بۆ کورد نەبووە، ئەوە زیاتر لە دە ساڵە کە پەکەکە لەسەر ناوی ئێران لە سووریە، رۆژئاوا، کەرکووک و شنگال شەڕ دەکات، هاوکات بەهۆی پەکەکەوە لاوانی کورد لەپێناو ئەجێندا شاراوەکانی رێژیمی ئێران شەڕ دەکەن، چ قازانجێکی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە؟ هیچ قازانجێکی بۆ رۆژهەڵات نەبووە. بۆ نموونە ئەگەر بەڕاستی پەکەکە خەمی زەینەب جەلالیانی هەبایە و بیویستبا دۆخەکەی باشتر بکات، دەیتوانی لەچوارچێوەی هاوکاری ستراتژیکی خۆی لەگەڵ ئێراندا داوای ئازاد کردنی زەینەب جەلالیان بکات. یانیش لەبەر گرفتی تەندروستی دەیتوانی داوا بکات کە بیگوازنەوە و لەماڵەوە دەستبەسەری بکەن یان ئەگەر ئەوەش نەکرابا خۆ دەیانتوانی داوای گواستنەوەی بۆ زیندانێکی باشتر لە نزیک شوێنی دانیشتنی بنەماڵەکەی بکەن تاوەکوو بنەماڵەکی بتوانن زیاتر سەردانی بکەن. بەڵام پەکەکە لەسەر باشتر کردنی دۆخی زەینەب جەلالیان هیچ داواکاریەکی لە رێژیمی ئێران نەکرد.

پەکەکە بۆخۆی چ داواکارییەکی لە ئێران هەبوو؟

پەکەکە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا بە دەیان بەڕێوەبەری خۆی بەتایبەت کەسانێکی وەکوو “سەبری ئۆک” و رەزا ئاڵتوون”ی بە ناسنامەی ئیرانی لە تارانەوە بە فڕۆکە ناردۆتە دیمشق. بە نێوەندگیری بەرپرسانی ئێران، بەڕێوەبەرانی باڵای پەکەکە لەگەڵ بەغدا دیدار و گفتوگۆیان هەبووە. جەمیل باییک لە ناوچە سنووریەکانی پارێزگای سلیمانی و لەژێر گارانتی دەزگای هەواڵگری ئێران (ئیتلاعات)دا دەژیت. “جەمیل باییک” و “مستەفا قەرەسوو” بە دەیان جار بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیتلاعاتی ئێران، رۆیشتوونەتە شاری “ورمێ”. ئێران لە سنوورەکانی “کێلەشین” و “پێنجوێن”ـەوە بە دەیان تەن چەک و تەقەمەنیی گەیاندۆتە پەکەکە. تەنانەت بەهای گومرکی کاڵا قاچاخیەکانی سنوورەکانیش لەلایەن ئێران و پەکەکە بە هاوبەشی دیاری دەکرێت. کەواتە پەکەکە لەبەر چی سەبارەت بە دۆخی زەینەب جەلالیان و زیندانیەکانی دیکەی کورد لە ئێراندا، یەک هەنگاو هەڵناگرێت؟ لەبەرچی لەو بوارەدا هیچ داواکارییەکی لە ئێران نەبوو؟ لەبەرچی پشتیوانیی لە ژنێکی وەکوو زارا موحەممەدی ناکات کە تەنها تاوانی فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵانی کوردستانە؟

پەکەکە لە پەیوەندیی لەگەڵ زیندانیانی کورددا هیچ داخوازێکی لە رێژیمی ئێران نیە. هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کە پەکەکە لە هیچکام لە پارچەکانی کوردستان هیچ دەسکەوتێک بۆ کوردەکان بەدەست ناهێنێت ئەوەیە: پەکەکە لەسەر هیچ مێزێکی دیپلۆماتیک، هیچ داواکارییەک بۆ کوردەکان ناهێنێتە گۆڕێ، بەڵکوو دیپلۆماسی پەکەکە تەنها دیپلۆماسییەکی حیزبیە و هیچ داخواز و داواکارییەکی نەتەوەیی نیە.

پەکەکە لەسەر مێزی دیپلۆماسی هیچ داواکارییەکی بۆ کوردەکان پێ نیە؟

کاتێک کە پەکەکە لەگەڵ رێژیمی ئێران کۆ دەبێتەوە، ئاسایش و ئەمنییەتی بەڕێوەبەرەکانی، کارئاسانی بۆ بەکارهێنانی ناوچە سنووریەکان، رێگاپێدان بە دانانی خاڵی گومرکی، کەڵک وەرگرتن لە فرۆکەخانەکان بۆ بەڕێوەبەرانی حیزبەکەی و هتد… لەسەر مێزن. کاتیک کە لەگەڵ نوێنەرانی عێراقیش دادەنیشێت نیقاش لەسەر مووچەی چەکدارەکان، چۆنیەتی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکان و بڕی پارە و چەک دەکات. لە دانیشتن لەگەڵ تورکیەشدا نیقاش لەسەر زیندانی کردنی ئۆجەلان لەماڵەوە، سیستمی دیموکراتیک، خواردن و خواردنەوەی ئۆجەلان و هتد… دەکات. پەکەکە هەرکات لەگەڵ حکوومەتی دیمشقیش کۆ دەبێتەوە، باس لە ئەمنییەتی سەروەت و سامانەکانی لە دیمشق، چارەسەر کردنی بریندارەکان، کەڵک وەرگرتن لە فرۆکەخانەکان و دەستوور بۆ گواستنەوەی پارە و هتد… دەکات. پەکەکە لە هیچکام لە دیدارەکانیدا باس لە مافە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی کوردان ناکات. لە راستیدا ئەگەر پەکەکە لەسەر ناوی کوردان داواکارییەکی هەبایە ئەوڕۆکە هیچکام لە زەینەب جەلالیان و زەینەب موحەمەدی زیندانی نەدەکران. کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن لە بارودۆخێکی باشتردا بن بەڵام پەیوەندییەکانی نیوان پەکەکە و ئێران ناتوانن بەرژەوەندییەکانی کورد بپارێزن. لە راستیدا ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی ریژیمی ئێران و بەرژەوەندییە حیزبیەکانی پەکەکەدا دامەزراوە.

زەینەب جەلالیان لە دوو لاوە ئەسیر کراوە

بەداخەوە زەینەب جەلالیان نە تەنها یەکجار بەڵکوو دوو جار بە دیل گیراوە. لەلایەک دیلی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانە و لە لایەکی دیکەشەوە لەلایەن پەکەکەوە وەکوو ئامرازێکی پروپاگەندایی لە زینداندا بەکار دەبرێت.

ناوە ناوە و بە پلانێکی هاوبەش، یەک بۆ دوو هێرشی ئێران لە دژی پژاک و زەخت بۆ سەر گیراوانی پژاک دروست دەبن، بەڵام ئەو هێرشانە لە راستیدا تەنها بۆ شاردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوان رێژیمی ئێران وپەکەکە بەڕێوە دەچن. ئێران حەز دەکات لاوانی کوردی رۆژهەڵات روو لە پەکەکە بکەن چوونکە پەکەکە وەکوو هێزیکی خۆی دەبینێت و لە راستیدا پەکەکە بەتەواوی گوێڕایەڵی ئێرانە. رێژیمی ئێران لەژێر ناوی پەکەکەدا گەلی رۆژهەلاتی کوردستان کۆنترۆڵ دەکات.

لە ئەنجامدا پەکەکە و رێژیمی ئێران دۆستی کۆنی یەکترین. جەمیل باییک لە “دۆڵەتوو، قەلاچوالان و مێرگەپان”دا لەگەڵ ئەندامانی ئیتلاعاتی ئێراندا یاری تەختەنەرد دەکات. منداڵانی کوردیش وەکوو زەینەب جەلالیانیش لەپێناو شاردنەوەی پەیوەندیی قێزەونی نیوان پەکەکە و تاران، ئیستیسمار دەکرێن. هەربۆیە ئەگەر ئێمە هاشتاگیش بۆ زەینەب جەلالیان دروست دەکەین پێویستە سەرەتا داوا لە پەکەکە بکەین کە دەست لەسەر زەینەب جەلالیان هەڵبگرێت و کۆتایی بە پروپاگاندا و ئیستیسمار کردنی زەینەب جەلالیان بهینێت.

Share