لەساڵی 2003دا بە زێهنییەتێکی فاشیستی و وەحشیانە، “پەیەدە” وەکوو لقی سووریەی پەکەکە دامەرزا.
ماهر حەسەن
پەیەدە لەژێر سایەی سیستمی حیزبەکەی عەبدوڵڵادایە و هەر لەژێر سێبەری ئەو حیزبەشدا دامەزراوە و بەتەواوی پێڕەوی لە سیستمی ناوخۆیی پەکەکە و پرۆژەی ناشەفاف و پرسیارخوڵقێنی ئەو حیزبە دەکات. عەبدوڵڵا یەکەمجار لە ساڵی 1998دا ویستی لە سووریە پەیەدە دابمەرزێنێت و ئەوەش بۆ بەکارهێنانی لە راستای مەبەستە سیاسیەکانیدا بوو. بەتایبەتیش لەوکاتەدا هەوڵی دەدا کە دەسەڵاتی پەیەدە و سەرکردایەتی کردنەکەی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی “مەروان زەرکی” یەکێک لە بەرپرسانی ئیستیخباراتی سووریە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پاساوهێنانەوە، رادەستکردنی سەرکردایەتی پەیەدە بە کەسێکی عەرەبی وەکوو یارییەکی سیاسی دادەنا و دەیگوت ئەوان دەتوانن بەوشێوەیە سوود لە ئیمکانات و تواناکانی دەستەیەکی بەعسی سووریە وەربگرن. دیارە کە هەوڵەکانیان سەری نەگرت و لەو کاتەدا پێکنەهات.
هۆکاری ئەوەی کە کۆنفرانسی یەکەمی پەیەدە لە ساڵی 1998دا بەڕیوە نەچوو، ئامادەباشیی ئەرتەشی تورک لەسەر سنووری سووریە و رۆیشتنی ئۆجەلان لە شام بوو. ئۆجەلان پاش دەستگیر کرانەکەی دەستپێشخەرییەکی بۆ نزیکبوونەوەی کوردان راگەیاند، بەڵام لە راستیدا ئامانجە سەرکیەکەی خزمەت کردن بە تورکەکان بوو. بە دامەرزاندنی 4 حیزبی کوردی کە بە فەرمانی ئەو دەجووڵانەوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. بۆ ئەو مەبەستەش لە چیای قەندیل لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەرنامە دانرا. هەنگاوی یەکەم ئەوە بوو کە ناوی خۆیان بگۆڕن و بیکەن بە “کۆنفرانسی ئازادی و دیموکراسیی کوردستان” و دواتر ناوێکی نوێ هاتەگۆڕی کە ئەویش “یەکیەتی کۆمەڵگەی کوردستان” بوو و لە کۆتاییدا ناوی “سیستمی کۆمەڵگەی دیموکراتی” پێشنیار کرا. لەسەر فەرمانی ئۆجەلان لە ساڵی 2002دا، “پارتی چارەسەریی دیموکراتی” وەکوو باڵی پەکەکە لە عێراق راگەیاندرا. لە ساڵی 2004یش “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان” لقی پەکەکە لە ئێران راگەیەندرا. کوردستانی سووریەش لە هەوڵی بڵاو کردنەوەی ئیدئۆلۆژیی فاشیزم و چاندنی لەناو بەدەنەی بزاڤی کوردیدا بێبەش نەبوو. لە ساڵی 2003دا بە زێهنییەتێکی فاشیستی و وەحشیانە، هەنگاوی بنەڕەتی بۆ دامەرزاندنی “پارتی یەکیەتیی دیموکراتیک” (پەیەدە)، هەڵگیرایەوە و لقی سووریەی پەکەکەش دامەرزا.
یەکەمین کۆنفرانسی دامەرزاندن لە قەندیل بەڕێوەچوو
لە کۆنفرانسی دامەرزاندنی “پەیەدە” لە ساڵی 2003، پەکەکە “کەماڵ شاهین” یەکێک لە فەرماندە سەربازیەکانی کە کوردێکی سووریە بوو، وەکوو بەڕیوەبەری کۆنفرانسەکە ئەرکدار کرد. پاش کۆنفرانسەکەش، دوکتور “زەردەشت حاجۆ”ی وەکوو سەرۆکی حیزبەکە راگەیاند، کە لە ئاڵمان نیشتەجێ بوو. بەڵام حاجۆ رەدی کردەوە کە سەرۆکایەتی لقی پەکەکە لە سووریە بکات.
شاهین ئەو مژارەی گرتبووە ئەستۆ، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا شاهین بۆخۆیشی کشایەوە و دامەرزاندنی حیزبی “پەیمانی نیشتمانیی دیموکراتیکی کورد لە سووریە”ی راگەیاند. بەڵام لە زووترین کاتدا پەکەکە شاهینی “تەسفیە” کرد. (لە رێکەوتی 14/3/2005دا شاهین لەلایەن پەکەکەوە تیرۆر کرا).
پاش ئەو رووداوە، پەکەکە کەسێکی سڤیلی بەناوی “بارزان محەممەد” وەکوو سەرۆکی پەیەدە دەستنیشان کرد و دواتر ساڵح موسلیم بوو بە سەرۆکی ئەو حیزبە و دواتریش شاهۆز حەسەن و هتد…
“لەو ماوەیەی کە ئۆجەلان لە سەنتەری دیمشقدا دەمایەوە، لەناو بینایەکدا دەژیا کە ژمارەیەک ئەفسەری تورکیەشی تێدا بوون”.
پاش ئەوەی کە ئۆجەلان پەروەردەیەکی زۆری لە رێژیمی سووریە وەرگرت، ئەوکات قۆناخی پیشاندانی ئۆجەلان وەکوو قارەمانێکی رزگاریدەری نەتەوەی کورد لە میدیاکانی سووریەدا دەستیپێکرد. دیارە ئەوە لە رۆژئاوای کوردستاندا بەردەوام نەبوو، هۆکارەکەشی رۆیشتنی عەبدوڵڵا بوو. پاش ئەوەی کە عەبدوڵڵا هەڵات، زۆربەی ئەو کوردانەی کە بە دڵێکی پاکەوە لەگەڵ پەکەکە کەوتبوون، بوون بە قوربانیی دانوستاندنەکانی نێوان رێژیمەکانی سووریە و تورکیە. پێویستە جەخت لەوەش بکرێتەوە کە عەبدوڵڵا و حیزبەکەی بە ئەنقەست و بە پیلان، لایەنگرەکانی خۆیانیان لەناو کوردانی رۆژئاوادا فریو دابوو. بۆ سەلماندنیشی تەنها ئەوە بەسە کە بزانین، حیزبەکەی عەبدوڵڵا لەسەر ئەو کردەوانەی کە سووریە دژ بە لایەنگرەکانی پەکەکە ئەنجامی دەدان، هیچ راگەیاندراوێکی دژ بە رێژیمی شام بڵاو نەکردەوە.
پشتگوێ خستنی رۆژئاوای کوردستان و گرنگی پێنەدانی لەلایەن حیزبەکەی عەبدوڵڵا (پەکەکە)ـەوە ئاشکرایە. سەرجەم ئەو کوردانەی رۆژئاوا کە لەناو پەکەکەدا بەرپرسایەتییان هەبوو وەکوو “رووستەم جوودی، شاھین جیلۆ، ب ناسناڤ مەزلووم کۆبانی، باھوز ئەردال، خەبات دێرکی، نوورەدین سۆفی و زۆر سیمای دیکە…”، هەموویان بێدەنگ مان و هیچ لێدوان و راگەیاندراوێکیان بڵاو نەکردەوە.
پەکەکە جەخت لە پابەندبوون و رەزامەندیی تەواوی خۆی بەرانبەر بە رێژیمی سووریە دەکات. لەو پەیوەندیەدا عەبدولحەلیم خەددام، جێگری پێشووی سەرۆکی سووریە ـ کە وەکوو دەستی راستی حافز ئەسەدیش دەناسرا ـ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵەکانی تورکیەدا لە ساڵی 2011، باسی لە هاتنی ئۆجەلان بۆ دیمشق کرد و گوتی: “برایەکی حافز ئەسەد بەناوی جەمیل ئەسەد کە لە کانوونی 2004دا کۆچی دوایی کرد، لە تەمووزی ساڵی 1979دا رۆڵێکی گرینگی بۆ ئامادەکردنی بەستێنی مانەوەی ئۆجەلان لە سووریەدا گێڕا. جەمیل ئەسەد، لەپێناو بەرژەوەندییە شەخسیەکانی خۆیدا ئۆجەلانی لە دژی تورکیە بەکار دەهێنا. سەرەڕای ئەوەی کە من موخالیف بووم و حافز ئەسەد ئامادە نەبوو راستەوخۆ چاوی بە ئۆجەلان بکەوێت، بەڵام ناوە ناوە لە رێگای براکەیەوە ئاگاداری دۆخی ئۆجەلان دەبوو”.
زانیارییەکی دیکەش کە عەبدولحەلیم خەددام باسی کرد سەرنجڕاکێش بوو: “لەو ماوەیەدا ئۆجەلان لە سەنتەری دیمشقدا لەناو بینایەکدا دەژیا کە ژمارەیەک ئەفسەری تورکیەشی تێدا بوون. ئەو بینایە قاتی جیا جیای هەبوو. تورکەکان ئاگایان لەوە نەبوو. کاتێک کە ئەفسەری ئیستیخباراتی سووریە بە ئۆجەلانی گوت: تۆ لە شوێنێکی مەترسیدار دەمێنیتەوە، ئۆجەلان لە وەڵامدا گوتی: من هەر لە یەکەم رۆژەوە دەزانم کە لەم بینایەدا ژمارەیەک ئەفسەری ئەرتەشی تورکیەش دەمێننەوە، بەڵام ئەوان نازانن کە من لێرەم. بەرپرسێکی پایەبەرزی تورکیەی تێدایە و ئەوەش بەو واتایە دێت کە من لە بینایەکی هەرە پارێزراوی سووریەدا دەژیم”.
عەبدوڵڵا بەوشێوەیە لە ساڵی 1979 هەتا 1998، لەژێر پارێزگاریی ریژیمی سوریەدا ژیا. بۆ ماوەی 19 ساڵ سەرجەم ئەو چالاکایە تیرۆریستیانەی کە لەناو خاکی سووریەدا دژ بە کوردان ئەنجامدران، ئەو بەڕێوەی بردوون. حافز ئەسەد سەرەتا گوێی بە هۆشدارییەکانی تورکیە نەدا و سەرئەنجام لەساڵی 1999دا لە ترسی هێرشی داگیرکارانەی تورکیە دژ بە سووریە و دەستپیکردنی شەڕ، پاش پەیامی سەرفەرماندار، ناچار بوو کە ئۆجەلان وەکوو سەرۆکی رێکخراوێکی تیرۆریستی لە خاکی سووریە وەدەر بنێت.
ئەم وتارە تایبەت بۆ “دارکا مازی” نووسراوە.