لقی حیزبەکەی عەبدوڵڵا (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان ـ بەشی دووەم

ئۆجەلان: هەموو کوردەکان لە باکووری کوردستانەوە ئاوارەی سووریە بوون، هەندێک کەس دەستەواژەی کوردستانی سووریە بەکاردەهێنن، بەڵام لە روانگەی منەوە ئەو دەستەواژەیە ناڕاستە.

ماهر حەسەن

نووسەر “نەبیل مەلحەم” چەند لاپەڕەیەک لە دیالۆگی خۆی کە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا ئەنجامی داوە لە کتێبەکەیدا بە ناوی “حەوت ڕۆژ لەگەڵ ئاپۆ دا ـ سبعة ايام مع ابو” بڵاو کردۆتەوە. لێرەدا بوپێویستی دەزانین کە باسی دەکەین، چوونکە لەو دیالۆگەدا ئۆجەلان هەبوونی رۆژئاوای کوردستان ئینکار دەکات و گەلی کورد وەکوو کەمە نەتەوەیەکی میوان لە سووریە نیشان دەدات کە لەبەر زوڵمی عوسمانییەکان و لەبەر شەڕ و تێکهەڵچوونەکانئاوارەی سووریە بوون.

ئەم دەقە لە کتێبی نەبیل مەلحەم وەک بەڵگە بۆ خوێنەرانە و دەمهەوێت وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی تاوەکوو هیچ کەسێک ئیدیعا نەکات کە ئێمە بوختان بە عەبدوڵا دەکەین یان قسەی ناڕاست بە زمانی ئەوەوە بڵاو دەکەینەوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە لاپەڕە 167 ـ 168 دا ئاوا دەڵێت:

هەموو کوردەکان لە باکووری کوردستانەوە ئاوارەی سووریە بوون، هەندێک کەس وتەی کوردستانی سووریە دەخەنە بەر باس، بەڵام لە روانگەی منەوە ئەو وتەیە ناڕاستە. ئەو پێشنیارە واقعییەتی نیە و ڕوانگەیەکی ڕاست و دروستیش نیە، ناوی راست ئەوەیە کە پێیان بڵێین کوردانی سووریە. ئەو کەسانە (مەبەستی کوردانی سووریە) لە ئەنجامی بەشداریکردنیان لە سەرهەڵدان دژ بە دەوڵەتی تورکدا و لەبەر زوڵمی عوسمانییەکان، هەڵاتوون و ئاوارەی سووریە بوون.

عەبدوڵا بەردەوام دەبێت و لە لاپەڕە 168دا دەڵێت:

“ئەگەر لە مێژووی 150ساڵ پێش بڕوانین، دەبینین کە لەبەر تێکچوونی ڕاپەڕینی ئەوان لە دژی دەوڵەتی تورک ئاوارە بوونە و لە سووریە جێگیر بوونە و بەشێک لەوانیش لەبەر هەژاری و دەست کورتی هەڵاتوون، زۆربەیان لە ناوچە شاخاوییەکانی وەکوو عەفرین جێگیر بوون کە ئەمڕۆ بەو چیایە دەڵێن چیای کورمانج. من هەندێک لێکۆڵینەوەم کرد و ئاشکرام کرد کە ئەوانە لە تورکیەوە هاتوون. هەندێکیان سەدەیەک لەوەپێش هاتوون و هەندێکیشیان ماوەی دوو سەدەیە، بەڵام لە ئەنجامدا هەر لە تورکیەوە هەڵاتوون. ئەرمەنەکانیش هاتوون، هەتا بەشێک لە عەرەبەکانی ئانتاکیا. ئەوە هەمووی لەبەر زوڵمی عوسمانییەکان هەڵاتووون و بوونەتە کەمەنەتەوەیەک (بەشێکی زۆر کەم لە نەتەوەکان کە لە دەوڵەتی سووریەدان). دەتوانین بڵێین بزووتنەوەکەیان بۆ پارچە بوونی سووریە دەجەنگن، سەرەڕای ئەوەش هەبوونیان لە سووریەدا زۆر خزمەت لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ناتوانم لەسەر کەس قسە بکەم، بەڵام دەزانم کە کوردەکان لە تورکیەوە هاتوون و کاتێک کە من هاتمە مەیدان، گوتم پێویستە چوونتان بۆ باشوور ڕابگیرێت و ئامادەکاری بکرێت بۆچوونتان بەرەو باکوور. واتای قسەکەی عەبدوڵا لێرەد بۆ ئەوەیە کە  کوردستانی سووریە لەناو ببات”.

نەبیلی نووسەر لە پرسیارەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت لێرەدا مەبەستی تۆ چییە؟

عەبدوڵا وەڵام دەداتەوە و دەڵیت: چوونتان بۆ باشوور ڕابگیرێت و ئاوارەبوون بەرەو باکوور دەست پێ بکات، لەو بوارەدا دەستمان بە خەباتێکی دوور و درێژ کرد و ئێمە کوردەکانی سووریەمان بەرەو چیاکان بەڕێ کرد، بەرەو باکوور ئەو شوێنەی کە لێی هاتبوون و لەو باوەڕەدام کە دەوڵەتی سووریە بەوە رازییە.

ساڵی 1930، کوردەکان داواکارییەکیان پێشکەش بە کۆمیساریای باڵای فەڕەنسا کرد تا لە سووریەدا قەوارەیەکی تایبەت بۆ کوردان دابنرێت.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ “نەبیل”دا دەڵێت: “باش لێکۆڵینەوەم کردووە هیچ کوردستانێک لە سووریە بوونی نییە”، لێرەدا دەکرێت بە کورتی وەڵامی ئۆجەلان و هاوپەیمانییە حەسوود و قین لە دڵەکەی بدەینەوە.

دەڤەری “هسچە” پێش ئەوەی کە  وەکوو سنووری نێوان تورکیە و سووریەدا دابنرێت سەر بە “ئامەد” بوو، ئامەد شارێکی دەوڵەتی سووریە نییە و زیاتر لە ملیۆنێک کورد لە “هسچە” دەژین، جگە لە پێکهاتەکانی دیکەی وەک عەرەب، سووری، کلدانی و ئەرمەنی.

شاری “دێرک”، لەبەرچی عەرەبە بەعسییەکان بە ناوی تازەی “ئەل ـ مالکیە”یان ناساند؟ [بە پێی بڕیارنامەی 346 ـ24 ئاداری ساڵی 1957] ئاشکرایە بۆ سڕینەوە و لەناو بردنی زمانی کوردی لەباتی “دێرک” “ئەل ـ مالکیە” بەکار هێنرا، هەر وەکوو ئەوەی کە بە جێگەی “چل ئاغا” “جەوادیە” بەکار هێنرا و “گرێ کۆچەر” گۆڕدرا بە “یاربیاهـ” و ناوی 150 گوندی سەر بە دەڤەری دێرک گۆڕدران بۆ عەرەبی.

شاری “تربە سپی” دوو جار کراوە بە عەرەبی. جاری یەکەم ناوەکەی وەرگێڕدرایە سەر عەرەبی و بوو  بە “قەبر ئەل ـ ابيض”، دڵی دوژمن بەوەش دانەمرکا و بۆیە لە نێوان خۆیاندا بڕیاریان دا کە ناوی تازەی شارەکە ببێتە “ئەل ـ قەحتانیە” کە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی باب و باپیرانیان “قەحتان”.

شاری قامیشلۆ تازەیە، لە لایەن فەڕەنسییەکانەوە کراوەتەوە و ئەو کوردانەی کە قامیشلۆ لەسەر زەویەکانیان کرایەوە، بەناو کردنی گەڕەکەکانی شار لەسەر ناوەکەی وایە قدووربەک “قەدری بەگ” و هەموو قامیشلۆ کوردن.

عاموودێ، 8 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوا لە ئۆرکێش/ تەل مۆزان، پایتەختی هووریان دوورە، هوورییەکانیش کوردن و تەنها ناحەزان ئامادە نین ئەوە بڵێن. شاری عاموودێ کە مێژووەکەی بۆ سەدەکانی پێش دەگەڕێتەوە و لە شوێنەواری شارەکە، تەپۆڵکەی ناودار “شەرمۆلا”یە کە نە لە دوور و نە لە نزیک هیچ شتێکی بە عەرەبی نیە، لێرەدا جێگای باسە کە تەپۆڵکەی عاموودێ بە پێی پەیمانی فەڕەنسا ـ تورکیە لەسەر سنوور، بۆتە سەر بە تورکیە و ئەو ڕێگایەی کە عاموودای بە مێردینەوە دەبەستەوە لەبەر ئەوەی سنوور نەما بەکارهێنرا. دەزانرێت کە ئەو ڕێگایە تا ئێستا لەناو خەڵکی عاموودێ بە ناوی ڕێگای شار دەناسرێت و زۆر ڕێگای دیکەش هەیە بە ناوی:

ڕێگای دار، واتە ڕێگای داری، کە پێشتر لە نێوان عاموودێ و گوندی داری دا هەبوو و ئەوانی پێکەوە دەبەستەوە، کە بە پاشماوەی ئاسەواری مێژوویی ناسراوە، ئەویش ئەمڕۆکە لە ئەنجامی دابەش کرانی وڵاتەکامان لەناو سنووری تورکیە دایە. جێگای باسە هیچ ڕێگایەک نەبوو کە عاموودێ بە شامەوە ببەستێتەوە، بەڵێ بەو شێوەیە عەبدوڵا و عەرەبە بەعسییەکان ئەو شارەیان کردە عەرەبی؟ دربێسی لە نێوان سووریە و تورکیە دا بووە بە دوو بەش و خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن دربێسی سەر خەت و ژێر خەت. ناوی دربێسی بە پێی ڕێککەوتنی دانانی سنوور لەلایەن تورکیە و سووریە دانرا و لە عەشیرەتە کوردە هەرە کۆنەکان کە لە شارەکەدان کە “کیکی”ن.

سەرێ کانیێ کە عەرەبەکان کردیانە “راس ئەل ـ عەین”. هەروەها ناوچەی ناوداری تەل حەلەفیش هەیە، کە ئاسەوارە مێژوویەکانی ئەو ناوچەی کوردان وادەریدەخەن کە پایتەختی میتانییەکان لەو شوێنە بووە. ئایا عەبدوڵا و عەرەب چ لەسەر مێژووی میتانییەکان “باب و باپیرانی کوردان” دەزانن هەتا بڵێن سەدەیەک پێش  ئێستا سەر لە نوێ کورد هاتوونەتە ئەو ناوچەیە؟

کۆبانی ناوی خۆی لە کۆمپانیایەکی ئەڵمانی وەرگرتووە کە لە ساڵی 1912دا هێڵی شەمەندەفەری دامەزراندبوو، واتە پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆبوونی دەوڵەتی سووریە، (دەوڵەتی سووریە جاری یەکەم لە ساڵی 1930دا سەربەخۆبوونی خۆی ڕاگەیاند).

پرسیاری ئێمە ئەوەیە، چۆن کورد پێش مێژووی سووریە ئاوارەی سووریە و شاری کۆبانی بوون؟ بەڵام عەرەبەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی بە عەرەبکردن لەسەر هەرێمی کوردان ئەو شارەی بە عەرەبی ناودێر کردووە و کردوویەتییە “عەین ئەل ـ عەرەب”.

ناوی عەفرین لەسەر چۆمی عەفرینە. پێشتر لەلایەنی ئیدارییەوە سەر بە کلیسێ بوو، ناوەندی دادوەری، کە لە چوارچێوەی پەیمانی فەڕەنسا ـ تورکیە دا لە لایەن تورکیەوە  لە ژێر پارچەبووندا مایەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتداری فەڕەنسادا بە پێی بڕیاری ژمارە 33ی E4ی ئەیلوولی ساڵی 1922 ناوچەیەکی تازە بە ناوی کورد باخ، بە عەرەبی “جەبەل ئەل ـ کورد” کرایەوە.

بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1930، کاتێک کە کوردەکان داواکارییەکیان پێشکەش بە کۆمیساریای باڵای فەڕەنسا کرد تا وەکوو هەرێمەکانی دیکەی سووریە قەوارەیەکی تایبەت بۆ کوردان دابنرێت و ئەو داوایە لە 15ی نیسانی 1930دا لە ئۆفیسی کۆمیساریای باڵا تۆمار کرا، بە ژمارە 6501. ئەوە بەڵگەی کوردستانی سوریەیە.

بەو پێیە، ئایا چۆن کوردانی سووریە کە خاوەنی زێدی خۆیان نین و داوای قەوارەیەکی تایبەتی وەکوو ناوچەکانی دیکەی سووریە دەکەن؟

ئەم وتارە بە تایبەت بۆ دارکا مازیە

لقی حیزبەکەی عەبدوڵڵا (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان ـ بەشی سێهەم

پوستێن ھەمان بەش