سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بێدەنگی لایەنە سیاسییەکان!

سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بێدەنگی لایەنە سیاسییەکان!

ئەرکی سەرەکیی پەکەکە، لەناوبردنی کوردە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا و ئاگرێکی داگیرساندووە کە تەنیا کورد دەسووتێت.

چەند شەو لەوەپێش پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا (پەدەکە ـ سە) ڕایگەیاند، “گروپێکی چەکدار نووسینگەی پارتەکەیان لە شاری قامیشلۆ سووتاندووە”.

هاوکات لە شارۆچکەی تربەسپی، گرووپێکی چەکدار، ئاڵای کوردستانیان لە سەربانی نووسینگەی پەدەکەـسە هێنایە خوارەوە وئاگریان تێبەردا.

“پەدەکە ـ سە” ڕایگەیاند، “چەکدارانی سەر بە پەیەدە، نووسینگەی ئەو حیزبە لە قامیشلۆ و ئاڵای کوردستانی سەر بینای نووسینگەکەیان لە تربەسپی سووتاندووە”.

ئەوە یەکەمجار نییە کە گەریلاکانی پەکەکە هێرش بکەنە سەر ئەنەکەسە و پەدەکە ـ سە و حزبەکانی دیکەی ناو ئەنەکەسە و نووسینگەکانیان بسووتێنن و سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان بکەن.

بەڵام ئەم هێرشانەی گەریلاکانی پەکەکە هەموو جارێک بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک یان بەیاننامەیەکی ئیدانەکردن، تێپەڕ دەبێت. لە ڕاستیدا سەلمێنراوە کە پەیەدە و هەسەدە و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا سیاسەتی پەکەکە ئاڕاستە دەکەن، هەرگیز نە لەگەڵ ئەنەکەسە و نە لەگەڵ هیچ حزبێکی دیکەی کوردستانیدا ئامادە نین هاوکاری بکەن.

بە دەیان جار هاوکاری واژۆ کراوە بەڵام هەر لەسەر کاغەز ماوەتەوە. دۆخی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کەشفە، ئەو سیاسەتەی سەرکردایەتی دەکەن ئاشکرایە و تەنها یەک ئامانجی سەرەکییان هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا نەهێڵن و زۆرینەیدانیشتوانی ناوچەکەکە بکەن بە عەرەبو ناوچەکە لە کوردستانی بوون بەتاڵ بکەنەوە. ئەوان هیچ پەرۆشی و ئینتیمایەکیان بۆ کوردستان و کوردایەتی نییە.

ئەگەر لە وڵاتێک یان ناوچەیەک هەڵکردنی ئاڵای کوردستان قەدەغە بێت، بەڕآستی ئەوانەی ئەم ئاڵایە قەدەغە دەکەن، چ ئامانجێکیان بۆ داهاتووی کورد و کوردستان دەبێت؟

سەیر بکەن، زۆر حیزب و لایەنی سیاسی تەنانەت ئەو هێرشانەی گەریلاکانی پەکەکە ئیدانەش ناکەن. بەداخەوە نە ئەنەکەسە و نە “پەدەکە ـ سە” سکاڵا لەسەر ئەو پارتە سیاسیانە تۆمار ناکەن، کە بۆچی ئێوە هێرشەکانی پەکەکە لەدژی نیشتمانپەروەرانی کورد و بەهاکانی کوردستان ئیدانە ناکەن؟ ئەمەش پێویستە بۆ پەیوەندییەکانی ENKS و PDKS، بێت بە پێوەر و پێوانەیەک.

کاتێک چەکدارێکی تورک یان کەسێکی ڕەگەزپەرست سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکات، لایەنە سیاسییەکان یەک لەدوای یەک ڕاگەیاندراو دەدەن و شەرمەزاری دەکەن لە سۆشیال میدیادا بە چەندین ڕۆژ وێنەکانیان بڵاودەکەنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن. بەڵام پەکەکە لە قامیشلۆ و شوێنەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵای کوردستان دەسوتێنێت، کەچی کەس دەنگی لێوە نایەت. بەڕاستی ئەو ڕەگەزپەرستانەی تورک کە ئاڵای کوردستان دەسوتێنن، چ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەو گەریلایانەی پەکەکەدا هەیە کە هەمان کار دەکەن؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، ئەوا هەموو شتێک تەواوە، بەڵآم بەداخەوە زۆربەی ڕێکخراوە کوردییەکان هیچ وەڵامێکیان بۆ ئەم پرسیارە نییە.

تا کورد بەگشتی سیاسەتی پەکەکە بە باشی نەناسن لە بەرانبەر ئەو سیاسەتانەدا خاوەن هەڵوێست نەبن، ناتوانن تاقە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێن و هیچ پێشکەوتنێک لە بەدەستهێنانی مافە ڕەوا نەتەوەییەکان کورد و کوردستان بەدی ناکرێت. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان هێشتا پەکەکەیان بە باشی نەناسیبێت، ئەوا تازە هەتا عومریان مابێت نایناسن و ناتوانن هەڵوێستێکی ڕاستەقینەیان لە بەرامبەریدا هەبێت.

لەم بوارەدا زۆر شت هەیە کە دەبێ بگوترێ. بەڵام پێویستە ئەوە باش بزانین کە پەکەکە ئاگرێکی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا داگیرساندووە و لەم ئاگرەدا تەنیا کورد دەسووتێت. ئەرکی سەرەکیی پەکەکە، لەناوبردنی کوردە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا.

ڕۆژەڤا کورد

پوستێن ھەمان بەش