پێشوازیی کەم وێنەی تاران لە سەرۆکی هەرێم، نیشانەی بەهێزیی هەولێر و سیاسەتی عەقڵانیی بەرپرسانی کوردستانە

پێشوازیی کەم وێنەی تاران لە سەرۆکی هەرێم، نیشانەی بەهێزیی هەولێر و سیاسەتی عەقڵانیی بەرپرسانی کوردستانە

بەرپرسانی ئێران لەبەرانبەر ئیرادە و خۆڕاگریی حکوومەتی کوردستاندا جارێکی دیکە ناچار بوون پەنا بۆ “نەرمشی قارەمانانە” ببەن.

ڕۆژی یەکشەممە 5/5/2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیشتە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی خامنەیی و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبۆوە. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران لە میدیاکانی ئێران و ناوچەکەدا دەنگدانەوەیەکی کەم وێنەی هەبوو و هەموو لایەک بە گرینگیەوە بەدواداچوونیان بۆ ئەم سەردانە کردووە و چاودێران لەو بڕوایەدان کە سەردانەکە خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێردا.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە “له‌ ميانى سه‌ردانه‌كه‌يدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆده‌بێته‌وه‌ و ده‌رباره‌ى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، گفتوگۆ ده‌كه‌ن”.

سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە دیدارەکاندا “داكۆكی له‌ پێويستى و گرنگيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه”‌.

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، دەسکەوتێکی دیکەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانە

پێشوازیی کەم وێنەی تاران لە سەرۆکی هەرێم، نیشانەی بەهێزیی هەولێر و سیاسەتی عەقڵانیی بەرپرسانی کوردستانە

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و شەکانەوەی لە تارانی پایتەختی ئێرانیەکاندا، یەکەم سیگناڵ بوو بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێگەی هێزەوە سەردانی تاران دەکات و تەوەری کۆبووەوەکانیش ئەوەیان سەلماند. هەموومان دەزانین کە ئێران قەد چاوی بە پێشکەوتنەکانی کوردستان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەڵنەهاتووە و هەمووکات هەوڵی داوە تاقە حکوومەتی شەرعیی کوردەکان بکات بە گوێڕایەڵی خۆی و بۆ ئەو مەبەستە لە هیچ جینایەتێک درێغیی نەکردووە. مووشەکباران کردنی هەولێری پایتەخت و شەهیدکردنی کیژۆڵەیەکی 11 مانگانی کورد و بەئامانج کردنی ژێرخان و جمگە ئابووریەکانی کوردستان لە ڕێگای میلیشیا بەکرێگیراوەکانیەوە، نموونەیەکی پڕ ئاشکران کە ویستی دوژمنکارانەی ئێرانیەکان بەرانبەر بە کوردستان پشتڕاست دەکەنەوە.

هەڵەی ڕێژیمەکەی تاران وەکوو هەموو داگیرکەرانی دیکەی کوردستان ئەوە بوو کە پێیوابوو بە مووشەکباران کردن و زەختی هەمەلایەنی ئابووری بۆ سەر کوردستان، دەتوانێ چۆک بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابدات و وا لە رێبەرانی کورد بکات کە گوێڕایەڵی تاران بن. بەڵام وەکوو هەمیشە دەرکەوت کە ئیرادەی کوردستان و ڕێبەرەکانی زۆر لەوە پتەوترە کە بەو زەختانەی ڕێژیمی ئێران درزی تێبکەوێت. سەرئەنجام ئەوەی کە ناچار بوو مل بۆ گرینگی و بەهێزیی پێگەی هەولێر وەکوو واقعییەتێکی سیاسی و حاشاهەڵنەگر ڕابکێشێت، دەسەڵاتەکەی تاران بوو. بەرپرسانی ئێران لەبەرانبەر ئیرادە و خۆڕاگریی حکوومەتی باشووری کوردستاندا جارێکی دیکە ناچار بوون پەنا بۆ “نەرمشی قارەمانانە” ببەن.

بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران و کۆبوونەوە لەگەڵ خامنەیی ـ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ڕێبەرە ئایینیەکەی تاران ئامادە نیە لەگەڵ هەموو کەسێک کۆ ببێتەوە ـ نیشانەی ئەوەیە کە ئێران ناچار بووە مل بەو ڕاستیە بدات کە ئیرادەی سەروەریخوازانەی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، زۆر لە توانای مووشەک و هەوڵە ئاژاوەگێڕانەکانی تاران و میلیشیاکانی بەهێزترە و ئێران و دەستوپێوەندیەکانی لاوازتر لەوەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەراوێز بخەن. دەرکەوت کاتێک کوردستان دەڵێ خۆناچەمێنین، تەنها دروشم نادات بەڵکوو بە کردار جێبەجێی دەکات.

پێشوازیی کەم وێنەی تاران لە سەرۆکی هەرێم، نیشانەی بەهێزیی هەولێر و سیاسەتی عەقڵانیی بەرپرسانی کوردستانە

یەکێکی دیکە لەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنێت شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە پێگەی هێزەوە سەردانی تارانی کردووە، ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم بە ئاشکرا و لە دڵی تاراندا باس لە ئاسایش و سەقامگیریی هەریمی کوردستان و عێراق دەکات و ئەمەش ئەو پەیامە ڕوونەی تێدایە کە “ئێران سەرچاوەی نائەمنی و ناسەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانە”. بێگومان گەیاندنی ئەم پەیامە بە ئێرانیەکان، تەنها لە هەبوونی هێزەوە سەرچاوە دەگرێت.

سەرچاوەکانی بەهێزیی پێگەی هەولێر و هەرێمی کوردستان

لەبیرمان نەچووە کە پاش ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕیارە دوژمنکارانەکانی دادگای فیدراڵی عێراق و ڕاگرتنی بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و مووشەکبارانکردنی هەولێری و پایتەخت و هتد… دوژمنانی کورد و کۆیلەکانیان، خەونی گڵاویان بە لەناوچوونی قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی کوردستانەوە دەبینی، تەنانەت بەشێک لە شۆڤینیستانی عەرەب لە میدیاکاندا دەستەواژەی “هەرێمی کوردستانی پێشوو”یان بەکار دەهێنا. بەڵام لە سایەی سیاسەتی لۆژیکی و ژیرانەی ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان و هەوڵە دیپلۆماتیەکانیان، ئەو خەونە گڵاوە بوو بە بڵقی سەر ئاو کە دەکرێ سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا وەکوو نموونەیەکی دیاری ئەو خەباتە دیپلۆماتیکە ناو ببەین.

پێشوازیی کەم وێنەی تاران لە سەرۆکی هەرێم، نیشانەی بەهێزیی هەولێر و سیاسەتی عەقڵانیی بەرپرسانی کوردستانە

کەڵک وەرگرتنی هەرێمی کوردستان لەو پێکدادانەی کە لەنێوان بەرژەوەندیی تورکیا و ئێراندا بوونی هەیە و قۆستنەوەی بە ئامانجی خزمەت کردن بە پرسی کورد و بەهێزکردنی پێگەی هەولێر، یەکێکی دیکە لەو زیرەکیە سیاسی و دیپلۆماتیکانەی ڕێبەرانی هەرێمی کوردستانە و دەکرێ ئەم پێشوازیە کەم وێنەیەی ئێرانیەکان لە سەرۆکی هەرێم، وەکوو کاردانەوەیەک بەرانبەر بە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێری پایتەختی کوردستان لێکبدرێتەوە.

پەیامی سەردانەکە بۆ کورد

بەهێزبوونی پێگەی هەولێر لەکاتێکدایە کە بەداخەوە هێندێک دەنگی ناساز لەناوخۆی کوردستاندا هەن کە لەباتی پشت بەستن بە ئیرادەی گەلی کورد، چاوەڕێی خێرێکی داگیرکەرانی کوردستانن. واتە ئەگەر ئەم لایەنە کورتبینانە لەباتی درزخستنە ناو ماڵی کورد، پشتی ڕێبەرانی کورد و حکوومەتە کوردیەکەی خۆیان بگرن، هەرێمی کوردستان پۆتانسیەڵی ئەوەی تێدایە کە لەوەش بەهێزتر بێت.

پێویستە هەموو کورد شانازیی بە پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی تاکە حکوومەتە شەرعی و نەتەوەییەکەیانەوە بکەن و زەخت بخەنە سەر لایەنە لادەرەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر هێڵی نەتەوەیی و لەباتی دوژمنایەتی کردنی حکوومەتی هەرێم، وزەی خۆیان بۆ ئاوەدانی و ئارامی و بەرەوپێش بردنی کوردستان بخەنەگەڕ.

پوستێن ھەمان بەش