زۆر گرنگە کە هەر لایەنێک سەرەتا دەبێ حەقیقەتی خۆی ببینێت، چوونکە بەم بینینە، هۆکارەکانی گەشەنەکردنیش دەبیندرێن.
✍️ بووبێ ئەسەر
ئەم پرسیارە، پرسیارێکی باش و ڕاست و دەلالە، بەڵام بەرفراوانە. چونکە کورد نەتەوەیەکی کۆلۆنییە و لە سەد ساڵی ڕابردوودا داگیرکەران وڵاتەکەمانیان دابەش کردووە و لەگەڵ دابەشکردنی وڵاتەکەماندا، عەقڵ و بیروباوەڕی نەتەوەی کوردیشیان بەو گوێرەی خۆیان گۆڕیوە.
چونکە پڕۆژەی لۆزان ساڵی 1923 ئەوە بوو کە داگیرکەران دەبوو لە ماوەی سەد ساڵدا هەموو کورد لە ناو خۆیاندا بتوێننەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ ئازادیی باشووری کوردستان شکستی هێنا.
چونکە، لە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتدا، ڕاستی بەخێرایی دەرناکەوێت. ئەو عەقڵە زیاتر کەسایەتییە و بەرژەوەندی کەسی لەخۆدەگرێت. هەر بۆیە ڕاستی بۆ گەلی کۆلۆنیکراو قورسە. تەنانەت کاتێک کەسێک یان خەڵکێک ڕاستییەکان دەڵێن، وەک کەسایەتییەکی نائاسایی لەلایەن کۆمەڵگەوە سەیر دەکرێن یان قبوڵ دەکرێن. هەر بۆیە باوباپیرانمان بە حەق گوتوویانە: “کەسێک ڕاستی بڵێت لە حەوت گوند دەردەکرێ”.
بۆ ئەوەی ئێمەی کورد ڕاستییەکان ببینین و بیانزانین، پێویستە پێش هەموو شتێک دەوڵەتی خۆمان هەبێت. بناغەکەی لە باشووری کوردستان دانراوە. بۆیە دەبێت هەموو کوردێک پشتیوانیی لێبکات.
بۆ ئێمەی کورد ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەرکەسێک دەبێت لە بەرژەوەندی گەلەکەی و بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەکەی تێبکۆشێت. کورد بۆ ئەوەی بتوانێت بەرژەوەندی گەلەکەی بپارێزێت، دەبێ نەتەوەیی بێت. پێویستە هەموو حیزب و تاکەکانی کوردستان بەرژەوەندی گەلەکەیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن.
چونکە نەتەوەپەروەرەکان هەمیشە کار بۆ ئازادی و ئاسوودەیی نەتەوەکەیان دەکەن. نابێت درۆ لەمەدا هەبێت، نابێت یەکترخەڵەتاندنی تێدا هەبێت. وەک کورد دەبێت یەکترمان خۆش بوێت. بە زمانێکی مەعقول ڕەخنە لە هەڵەکانی یەکتر بگرن و ستایشی کارە چاکەکانی یەکتر بکەین.
پێویستە سەرەتا ڕاستی خۆمان ببینین و دواتر ڕاستی گەلەکەمان ببینین بۆ ئەوەی بتوانین کاری باش و دروست بکەین. ناگونجێت ئەو بزووتنەوە و پارتانەی کە تەنها خاوەن دە کەسن، داوای کوردستانی سەربەخۆ بکەن. ئێمە دەبێ بە پێی حەقیقەتی خەڵک و حزبەکانمان بجووڵینەوە، تا بتوانین هەقێقەت و ڕاستییەکان ببینین.
بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان هیچ ڕاستییەک نەماوە. هەر بۆیەش یەکێتی نەتەوەیی پێکنایەت. هەتا کورد حەقیقەتی خۆی و نیشتیمانەکەی نەبینێت، ناتوانێت خۆی ئازاد بکات.
بێگومان مرۆڤ دەتوانێت لە پێناو حەقیقەتدا زۆر شت بڵێت و بنووسێت. بەڵام من باوەڕم وایە بۆ ئەوەی کە ئێمە وەک کورد لەوە تێبگەین، پێویستە بە پێی حەقیقەتی خۆمان و وڵاتەکەمان مامەڵە بکەین. هۆکاری ئەم سەد ساڵە چەوساوەین و ناتوانین خۆمان ئازاد بکەین، ئەوەیە کە ئێمە هەقێقەت و ڕاستییەکان نابینین، نایڵێین و بە پێی ڕاستییەکان هەڵسوکەوت ناکەین.
بەڵام کاتێک هەندێک بینووسن و باسی بکەن، لەلایەن زۆرێک لە کەسانی بەرژەوەندیخوازەوە سەرکوت دەکرێت. چونکە زۆرجار حەقیقەت لەلایەن ئەو کەسانەوە لەبەرچاو ناگیرێت کە بە ڕاستی مامەڵە ناکەن.
ئەگەر ئەمڕۆ گرنگی بە ئەندامان و سەرکردە و دەسەڵاتدارانی زۆرێک لە حیزبەکان بدەین کە دەڵێن: ئێمە کوردستانین، زۆربەیان بە ناوی نیشتمانەوە کاری شەخسی و خێزانیی ئەنجام دەدەن. هەروەها حزبەکانیان بۆ کاری شەخسی خۆیان بەکاردەهێنن.
بۆیە پێویستە هەر لایەنێک پێداچوونەوە بە ئەندام و سەرکردەکانیدا بکات، مێژوو و ڕابردووی خۆیان بزانن بۆ ئەوەی سەرەتا بتوانن پێکەوە بزووتنەوە و حزبە کوردستانییەکان کۆبکەنەوە و لە ژێر چەترێکی نیشتمانیدا یەکیەتیی خۆیان پێکبهێنن.
ئەگەر لە حیزبێکدا ئەرکی هاوبەش نەبێت. ئەگەر لە حیزبێکدا کار بە پێی زانیاری و سەرچاوەی ئەندامان دابەش نەکرێت. ئەگەر کەسانی چالاک و زیرەک و شارەزا لە حیزبێکدا لە ئۆپۆرتۆنیست و خۆپەرست و ترسنۆک جیا نەکرێنەوە، ئەو حیزبە سەرکەوتوو نابێت.
بۆیە زۆر گرنگە هەر لایەنێک سەرەتا حەقیقەتی خۆی ببینێت. چوونکە بەم بینینە، هۆکارەکانی گەشەنەکردنیش دەبیندرێن.
ئەگەر حیزبە کوردستانییەکانی ئێمە بە پێی ئەو ڕاستیانە نەجووڵێنەوە کە باسم کردوون، سەرکەوتوو نابن. دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980 کە لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕوویدا، کۆمەڵگە و حزب و بزووتنەوە کوردستانییەکان پەرش و بڵاو بوون، واتە دابەشبوون، چوونکە نەیانتوانی ڕاستیەکان ببینن و نەیانتوانی ببنە یەک و هەموو ڕێگا و ڕێبازەکان بەکارهێنرابوون. ئازاری ئەمڕۆ هی دوێنێیە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئازاری سبەینێ مەترسیدارتر و کوشندەتر دەبێت، بە جۆرێک کە ئیدی سەد ساڵی دیکەش میللەتەکەمان بە ئاگا نایەتەوە…