دیموکراسیی گەلان یان بە کۆیلەکردن و ئاسمیلەکردنی کورد لەناو تورکیادا؟!

دیموکراسیی گەلان یان بە کۆیلەکردن و ئاسمیلەکردنی کورد لەناو تورکیادا؟!

ئۆجەلان دەیهەوێت کورد بێ شوناس و بێ سنوور و بێ کەرامەت بێت، بۆیە داوای دیموکراسیی گەلان دەکات.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

لە کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکەدا نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان خوێندرایەوە. ئۆجەلان لە نامەکەیدا بە ئاشکرا باسی لەوە کردوە کە پێویستە پەکەکە لە قۆناغی دەوڵەتبوونی کوردەوە دەربازی قۆناغی دیموکراسیی گەلان بێت. چونکە ئەو پێی وایە قۆناغی دیموکراسیی گەلان بەنرختر و باڵاترە و هەنگاوێکی زۆر پێشکەوتووە.

لێرەدا هەندێک پرسیار دێتە ئاراوە، لەوانە:

ـ ئایا ئەگەر نەتەوەیەک دەست لەخۆی بەربدات، بە ئازادی دەگات؟

ـ ئایا دیموکراسی لە غیابی سەروەریدا جێبەجێ دەکرێت؟

ـ ئایا هزری نەتەوەیی بووەتە بارێکی قورس تا وازی لێبهێنین؟ یان شایستەی ناوەندێکی کارکردنە بۆ خۆناسین و ئازادی؟

بەڕای من دیموکراسیی گەلان کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەشەی بۆ دەکات تەنها جوانکارییەکی فەلسەفییە کە ئۆجەلان دەیهەوێت لە ڕێگایەوە لەدەستدانی سەروەریی نەتەوەیەکی ژێردەستەی پێ بڕازێنێتەوە.

پێویستە بزانرێت کە ئەو “دیموکراسیی گەلان”ـەی کەوا ئۆجەلان بانگەشەی خاوەندارێتییەکەی دەکات و پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەکات، سەرچاوەکەی بۆ فەیلەسوفی بەناوبانگ “پووکچین” و هەندێک قوتابخانەی ڕۆژئاوایی دەگەڕێتەوە کە داوای نەهێشتنی دەوڵەت دەکەن.

ئەم قوتابخانانە دەڵێن، پێویستە دەوڵەت هەڵبوەشێنرێتەوە تا کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی بەشداری لە حوکمڕانی وڵاتدا بکات.

بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لەو کاتەدا ئەو بیرۆکەیە بە کار دەهێنرێت کە هەر نەتەوەیەک مافەکانی خۆی بۆ سەروەری بەدەست دەهێنێت و دواتر بەرەو جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکەیە لەناو خۆیدا هەنگاو دەنێت. واتە ئەگەر هەر نەتەوەیەک بە تەواوی سەربەخۆ و ئازاد نەبێت، ناتواندرێ ئەم بیرۆکەیە جێبەجێ بکرێت. بە واتایەکی تر ئەوەی ئۆجەلان داوای دەکات پێچەوانەی ئەم فەلسەفەیە. لەسەر ئەم بابەتە، فەیلەسوفی فەرەنسی (ئالان بادیوو) دەڵێ: “هەرکەسێک بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ستەم ببێتەوە، باسی دادپەروەری بکات، ئەوا خاوەنی ئەو بیرۆکەیە سیستەمێک دروست دەکات کە لەژێر ناوی بێلایەنیدا شەرعیەت بە ستەمکار دەدات”.

لێرەدا وتەکەی ئالان بادیوو سەبارەت بە ئۆجەلان جێبەجێ دەکرێت. چونکە ئۆجەلان دەیهەوێت بە تێزەکانی خۆی کورد لە ئازادکردنی وڵاتەکەی دوور بخاتەوە و هەوڵدەدات ستەم و زوڵم و زۆری دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد بشارێتەوە.

ئۆجەلان بەم کارانەی، پەیوەندی نێوان کۆلۆنیالیزم و شوناسی نەتەوەیی لەناو دەبات و پڕۆژەیەکی شێواو پیشان دەدات کە لەم پڕۆژەیەدا دان بەوەدا نانرێت کە ئازادی بەبێ خاک و سنوور و سەروەری هیچ مانایەکی نییە.

شوناسی نەتەوەیی دژی دیموکراسی نییە، بەڵکو بەردی بناغەی دیموکراسییە.

فەرەنسا بە دایکی دیموکراسی ناسراوە، بەڵام دیموکراسی ئەوان دوای سەرکەوتن لە شۆڕشێکی نەتەوەییدا پێکهات.

هیندستان کە بە نموونەی وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی ناسراوە، هەرگیز دەستبەرداری هەبوونی نەتەوەیی خۆی نەبووە و بەرەنگاری بەریتانیا بوویەوە کە وڵاتەکەیان داگیرکردبوو و بەریتانیایان وەک وڵاتێکی داگیرکەر ناسی و لە وڵاتەکەیان دەریانکرد و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان پاراست.

فەیلەسوفی ئەڵمانی (یوهان فیختە) لە کاتێکدا کە هەوڵدەدرا ئەڵمانیا داگیر بکرێت، وتارێکی پێشکەش بە گەلەکەی کرد و تیایدا گوتی: “یەکەم هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی دیموکراسی، بریتییە لە ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی”. بەم پێیە پێداگری لەسەر دیموکراسیی گەلان لەناو دەوڵەتێکدا کە وڵاتی تۆی داگیرکردبێت و هەبوونی تۆ وەکوو نەتەوەیەکی جیاواز ئینکار بکات، وەهم و خیانەتێکی گەورەیە.

ئەوەی ئۆجەلان داوای دەکات تەنها کۆیلەکردن و ئاسمیلەکردنی کوردە لەناو تورکیادا. ئەو تەنها دەیهەوێت کورد بێ شوناس و بێ سنوور و بێ کەرامەت بێت، ئەگەر نا هەرگیز داواکارییەکی لەو شێوەیە ناکات، بەڵکو داوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد دەکات.

پوستێن ھەمان بەش