دەستووری تورکیا.. ئینکارکردنی کورد و خەیاڵی ئۆجەلان

دەستووری تورکیا.. ئینکارکردنی کورد و خەیاڵی ئۆجەلان

چۆن دەکرێ دەوڵەتی نەتەوەیی هەڵبوەشێتەوە، بە بێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ناوەندگەراییە یاساییەی کە کورد ئینکار دەکات؟

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

لە مادەی دووەمی دەستووری تورکیادا هاتووە: “تورکیا کۆمارێکی دیموکراتی عیلمانییە… بەڵام بۆ کێ؟ – لە دووڕێیانی ڕاڤەکردن و ئینکارکردنی کیانەکاندا.

کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی “دیموکراتیک و سیکۆلاریزم و کۆمەڵایەتی”یە کە پشت بە سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بنەما نەتەوەپەرستییەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک دەبەستێت.

ڕەنگە ئەم دەقە وا دەرکەوێت کە لە دەستوورێکی مۆدێرنی دەوڵەتی لیبراڵەوە هاتووە.

بەڵام کاتێک ئەم وەسفە بە “بنەما نەتەوەپەروستییەکان”ی ئەتاتورکەوە دەبەسترێتەوە، دیموکراسی تەنها دەبێتە دەمامک و سیکۆلاریزمیش دەبێتە نەریتێکی زۆرەملێ و “مافەکانی مرۆڤ”یش دەبێتە ئیمتیازێک کە بە ناسنامەی تورکییەوە بەستراوبێتنەوە.

ئایا بەڕاستی دەکرێ دیموکراسی تەنها بە یەک نەتەوە بنیات بنرێت؟

ئایا هەڵکردنی ئاڵای سکۆلاریزم مەعقوولە، لە کاتێکدا کە دەستوور زمانی زیاتر لە 20 ملیۆن هاووڵاتی کورد قەدەغە دەکات؟

1ـ کۆمارێک بە ڕامانێکی دوولایەنە: لە نێوان یاسا و پیرۆزیدا

ماددەی دووەم هەوڵ دەدات تورکیا وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن و مەدەنی پیشان بدات، بەڵام کاتێک لە مەرجەکانی دامەزرانیدا “پرنسیپە نەتەوەپەرستییەکانی ئەتاتورک” لەخۆ دەگرێت، بەتەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە ئیدیعای دەکات.

ئەم بنەمایانە لە ڕووی مێژووییەوە لەسەر بنەمای بیرۆکەی ناسنامەیەکی یەکگرتووی تورک و ئاسمیلەکردنی زۆرەملێی نەتەوەیی و ئینکارکردنی هەموو شتێکی غەیرە تورکی دامەزراون.

بەم شێوەیە ڕووبەڕووی دەوڵەتێک دەبینەوە کە خۆی وەک دیموکراتیک پێناسە دەکات، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە خۆی وەک هەر گەلێکی دیکەی جگە لە گەلی تورک پێناسە بکات. ئەمە پێکناکۆکییەکی فەلسەفی کوشندەیە. “دیموکراسییەکی تاک شوناس” دیموکراسی نییە، بەڵکو دەسەڵاتدارییەکی نەتەوەپەرستانەی شاراوەیە.

2ـ مافەکانی مرۆڤ لە دەستوورێکدا کە گەلان ئینکاری دەکات؟

مادەی دووەم لە دەستووری بنەڕەتیی تورکیا، باسی “رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ” دەکات، بەڵام ئەو مافانە کامانەن، لەکاتێکدا کە ڕێگری لە منداڵانی کورد دەکرێت بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن؟

ـ کاتێک ئەوانەی بە کوردی گۆرانی دەڵێن دەگیرێن؟

ـ کاتێک حیزبە کوردییەکان قەدەغە دەکرێن خۆیان وەک “کوردستان”ی ناو ببەن؟

ـ کاتێک دەوڵەت هەموو شتێک لە دەرەوەی ناسنامەی تورکی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی وڵات دەبینێت؟

ئیدیعای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و لە هەمان کاتدا ڕەتکردنەوەی مافی چارەی خۆنووسین، مافی شوناسی کولتووری، مافی زمانی دایکی و مافی دەربڕین، جۆرێکە لە قسەی دووانە کە جۆرج ئۆروێڵ (George Orwell) لە کتێبەکەی ساڵی “1984”ی خۆیدا باسی دەکات: “زمان دەبێتە کەرەستەیەکی فریودان، نەک دادپەروەری”.

3ـ فەلسەفەی یاسا: ئایا یاسایەک ئەگەر لەسەر بنەمای ئاوارتە دانرابێت، دەتوانێت دادپەروەرانە بێت؟

هەموو سیستەمێکی یاسایی ـ وەک هابرماس (Habermas) فێرمان دەکات ـ دەبێت لەسەر بنەمای دانپێدانانی هاوبەشەوە پێشبکەوێت نەک لە سەر ئەساسی هەڵاواردن.

بەڵام دەستووری بنەڕەتیی تورکیا بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە دەوڵەت لەسەر بنەمای “پرنسیپی نەتەوەیی” دامەزراوە نەک لەسەر بنەمای “فرەچەشنی هاوڵاتیبوون”، ئەمەش خودی یاساکە دەکاتە ئامرازێک بۆ باڵادەستیی نەتەوەیی.

یاسایەک کە دان بە فرەیی گەلاندا نەنێت، بە ناوی گەلەوە بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو بە ناوی “یەک گەلی دەستکرد”ـەوە بەڕێوە دەچێت.

4ـ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەفسانەی دەوڵەتی سڤیلی بێ نەتەوەپەرستی

ئۆجەلان باس لە “دەوڵەتێکی کۆمەڵایەتی” دەکات کە نەک لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی، بەڵکوو لەسەر بنەمای “حوکمڕانی کۆمەڵایەتی” بنیات نراوە. ئەو هەوڵدەدات “دەوڵەتی یاسایی” بگۆڕێت بۆ “کۆمۆنێکی ناهەرێمی”. واتە دەیهەوێت بەڕێوەبەرییە هەرێمییەکان بگۆڕێت.

بەڵام چۆن دەوڵەتی نەتەوەیی هەڵبوەشێتەوە بەبێ ئەوەی ئەو ناوەندگەراییە یاساییە هەڵبوەشێتەوە کە کورد لەناو دەبات؟

بەڵام چۆن دەکرێ دەوڵەتی نەتەوەیی هەڵبوەشێتەوە، بە بێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ناوەندگەراییە یاساییەی کە کورد ئینکار دەکات؟

دەوڵەت تەنیا دەسەڵات نییە، بەڵکوو چیرۆکێکە ـ چیرۆکی ئەوەیە کە ئێمە کێین؟

هەتا ئەم چیرۆکە بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان سەرلەنوێ نەنووسرێتەوە، هەر بانگەوازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی، وەک ڕازاندنەوەی واقیع دەمێنێتەوە، نەک ئەوەی کە ببێتە ڕەخنەیەک لەسەری.

5ـ دیموکراسی ڕاستەقینە: لە دانپێدانانەوە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی کۆمەڵایەتی

بۆ ئەوەی کۆمارێک بەڕاستی دیموکراتیک بێت، پێویستە لەسەر ئەم بناغانە بنیات بنرێت:

ـ داننان بە نەتەوەی کورد وەک توخمێکی پێکهێنەر.

ـ داننان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی.

ـ مسۆگەرکردنی پرسە کولتووری و سیاسییەکان.

ـ وەلانانی نەتەوەپەرستی لە بناخە و هەیکەلی دەستووری دەوڵەت.

تەنیا ئەو کاتە دەتوانین باس لە دەوڵەتێکی دیموکراتیک بکەین، نەک کۆمارێک کە باسی ئازادیەکان بکات بەڵام بەناوی یاساوە نکۆڵییان لێبکات.

دەرەنجام: هەر سیکۆلاریزمێک کە ڕێز لە فرەچەشنی نەگرێت، ئایینێکی نەتەوەییە.

مادەی دووەمی دەستووری تورکیا، دیموکراسی دەکاتە دەمامک و “سیکۆلاریزم”یش دەکاتە ئامرازێکی نەتەوەپەرستانە بۆ نکۆڵیکردن و ڕەدکردنەوەی دیتران.

بانگەوازەکەی ئۆجەلان ـ لە کاتێکدا داوای گۆڕانکاری ڕیشەیی لەم دەقەدا ناکات ـ دەبێتە بانگەوازێک بۆ ڕێککەوتن، نەک بانگەوازێکی ڕزگاریدەر.

کورد پێویستی بە “ڕەخنە لە دەوڵەتی نەتەوە” نییە، بەڵکو پێویستی بە دانپێدانانی سیاسی بە ناسنامەی خۆی و زمانەکەی و مافی چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فرەیی و سڤیلدا هەیە.

پوستێن ھەمان بەش