سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر و ئەو بابەتانەی کە نابێت کورد لەبیری بکات

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر و ئەو بابەتانەی کە نابێت کورد لەبیری بکات

کاتی خۆی یەنەکە و پەکەکە لیتکیان دەهاویشت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەردۆغان کۆببنەوە، کەچی ئێستا پڕوپاگەندای ژەهراوی بەڕێوەدەبەن.

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەردۆغان بۆ عێراق و هەولێر تا ئێستاش تەوەری سەرەکی ڕۆژەڤی کوردستانە. لە داهاتوودا زیاتر ئاوڕ لە دواوە دەدەینەوە و لەو لێدوان و ڕێککەوتنانە ورد دەبینەوە کە لەم سەردانەدا کران. سەردانەکەی ئەردۆغان سەردانێکی ئاسایی نەبوو. ئەم سەردانە جووڵەیەک لە ئاستی ئیقلیمی و ناوچەییدا بوو. گرنگترین و بنەرەتیترین مەسەلە، شەڕی ناڕاستەوخۆی سەروەریی ناوچەیی لەنێوان ئێران و تورکیادا بوو.

شەڕی سەرکردایەتی نێوان تورکیا و ئێران بە تایبەت لە دوای ساڵانی 2010د زیاتر سەریهەڵدا. ئەگەرچی زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و ڕوسیا لەپشت ئالۆزی و ناکۆکیەکانی عێراق و سوریادان، بەڵام گەورەترین ناکۆکی و ململانێ لە نێوان دوو زلهێزی سەرەکی ناوچەکە واتە ئێران و تورکیادایە.

لێگەڕیانی دوای “پۆست ـ داعش”

دەتوانین بڵێین سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر لێگەڕیانی سەردەمی دوای “پۆست ـ داعش”ـە. هەمووان لە شەڕ و ململانێ بێزارن و دەیانەوێت پشوویەک وەربگرن، بۆ ماوەیەک بوەستن و ئەو سەرچاوانەی بەدەستیان هێناوە بپارێزن و قازانج و زەرەرەکەی دووبارە حساب بکەنەوە. چونکە ئەوە کە ململانێ لە کوێ سەرهەڵدەدات، بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە و هەمووان دەیانەوێت بۆ هەر بارودۆخێک ئامادەبن.

سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا و سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا هەردووکیان بەشێکن لە چالاکییەکانی دوای داعش.

ئەو پڕۆژەیەی کە بە “ڕێگای گەشەپێدان” ناسراوە و واژۆکردنی ڕێککەوتن لەنێوان ئیمارات، قەتەر، عێراق و تورکیا لە ڕاستیدا بەو مانایە دێت، ئەو لایەنانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دوای بەهاری عەرەبی 2012ـەوە نەیاندەویست ڕێکبەکەوتن، ئێستا دەیانەوێت نەرمی بنوێن. دیارە لەم نێوەندەدا فاکتەرێکی زۆر گرنگ هەیە، کە ئەویش ئێرانە.

جووڵەکانی بەغدا و سوودانی لە بنەڕەتدا جووڵەی ئێرانە

بەکارهێنانی عێراق لە لایەن ئێرانەوە وەکوو هێڵی پێشەوە یان بەشێک لە شەڕی بە وەکالەت بەڕاستی پێناسەیەکی کەمە. لەڕاستیدا عێراقی شیعە، بەشیکە لە ئێران و باشتر بڵێین، خودی ئێرانە.

حکومەتەکانی عێراق جگە لە کازمی، هیچکات نەیانتوانیوە سەربەخۆیانە و جیا لە ئێران مامەڵە بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەموو ئەو لێکدانەوە سیاسیانەی کە عێراق وەک قەوارەیەکی جیا پیشان دەدەن هەڵەیەکی بنەڕەتی لەخۆدەگرن. هەر بۆیەش دەبینین کە ئیمتیازاتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە حکوومەتی عێراق بۆ جیاکردنەوە و دابڕانی عێراق لە ڕێژیمی ئێران تا ئێستا تەنیا سوودی بۆ دەوڵەتی ئێران هەبووە. پێگەی سوودانی سەربەخۆتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەکرا و لە ڕاستیدا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئێران دامەزرا. چونکە ئێرانیش پێویستی بە هەندێک پشوو هەیە و لە ڕێگەی عێراقەوە ئەو کارە دەکات. پەرەسەندنی ئابووری عێراقیش لە بەرژەوەندی ئێراندایە.

لەکاتی شرۆڤە کردنی ئەنجامی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، نابێت شیعەی عێراق و ئێران لێک جیابکەینەوە.

بۆیە کاتێک لەسەر پرسیاری؛ ئایا عێراق و تورکیا دەتوانن ڕێکبکەون یان نا؟ ڕادەوەستین پێویستە سەیری هەڵوێستی ئێران و تورکیا بکەین. سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانیان، ئەو سێ وڵاتە لەبواری جوغرافیاییەوە پێکەوە گرێدراون و مەحکوومی یەکترین. ڕێککەوتن لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی وەک پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، ڕێککەوتنی ئاو، ڕێککەوتنی نەوت و پرسی ئاسایشی سنوورەکانیان، تەنیا لە چوارچێوەی گشتیی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوون دەبنەوە. بۆ نموونە پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” و “ڕێڕەوی زەنگەزوور”، بابەتی گفتوگۆی هاوبەش دەبن. ئەگەر ڕێڕەوی زەنگەزور نەبوایە، ڕێگای گەشەپێدانیش نەدەبوو. هێشتا ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، ململانێکان تادێت قووڵتر دەبنەوە. لەبەر ئەوەشە کە پرۆسەکە گرینگە و هەمووان لەسەر پێن و هەرکەسەو هەوڵ دەدات داهاتووی خۆی دەستەبەر و مسۆگەر بکەن.

ئەم هەلومەرجە کریتیکە بۆ کورد لەوەش کریتیکترن. تاکە قەوارەی شەرعی بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە کە عێراق و ئێران هەوڵی لەناوبردنی دەدەن. ڕۆژئاڤا لەوەش لاوازترە. بەم شێوەیە بەداخەوە لە نێو کورداندا ڕێکخراوی بەڵێندەری کۆلۆنیالیستەکان بوونی هەیە.

هەرکەسێک سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر بکات بە بانگەشەی ئاڵا، یان نەزانە یان خیانەتکارە

کورد بەسەر چوار بەشدا دابەش بووە. پێمان خۆش بێت یان نا، لە ڕووی جوگرافیاوە لەلایەن وڵاتانی کۆلۆنیالیستەوە دەورە دراوین. مەرج نییە کورد دیلی ئەو وڵاتانە بێت کە ستەمیان لێدەکەن، بۆیە ​​پێویستە سوود لە ململانێی نێوان کۆلۆنیالیستەکان وەربگرێت. پێویستە لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا ببینرێت. کورد لەم دۆخە ئاڵۆزە، بەتایبەتی لە قۆناغی دوای بەهاری عەرەبی، سوودی وەرگرت. ئێستاکە سەرۆکی تورکیا کە ئەکتەرێکی گرنگی ناوچەکەیە، هەولێر وەکوو “موخاتەب” دەبینێت، بە شێوەیەکی سروشتی دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی عێراقی فیدراڵیش هەر بەو پێیە مامەڵە بکات. سەردانەکەی ئەردۆغان سەروەری هەولێر لاواز ناکات، بەپێچەوانەوە ئەو سەردانە دەستی هەولێر ئاوەڵاتر و بەهێزتر دەکات. حکوومەتی هەولێر ناتوانێ بە شێوازی جەمیل بایک و قەرەیلانی کوفرباز قسە بکات و هەر نابێت واش قسە بکات. ئەگەر هەولێر ئەمە بکات مانای وایە کە دەیهەوێ مەحکوومی حەشدی شەعبی بێت کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا نییە. حەشدی شەعبی داعشی شیعەیە. ئەمەش بە ەاتای نەمان دێت. دۆخێکی وا ڕوون و ئاشکرا هەیە.

بەشێوەیەکی کراوە، باسکردن لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەولێر بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە “ئاڵای تورکان لە قەڵای هەولێر و هتد…” هەوڵێکە بۆ ئەوەی ڕۆژەڤی کورد بگۆڕێت. هەرکەسێک سەردانەکەی ئەردۆغان بە دوژمنایەتی لێکبداتەوە یان سیاسەت نازانێت یان خائینە و دەیهەوێت نەتەوەی کورد فریو بدات.

بێگومان هێزی سەرەکی کە ئەمە دەکات، “پەکەکە” و هەڤاڵەکری پەکەکە واتە “یەنەکە”یە. با ڕوون بین، هۆکاری هەڵوێستی ئەم دوو هێزە لەسەر سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر، نیشتمانپەروەری نییە، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەوان ڕێککەوتوون لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ئەجێندای ئێران کار بکەن و چالاکیەکانیان لە عێراقدا لەسەر بنەمای لایەنگرەکانی ئێران بەڕێوەببەن. دووەمەکەسی ئەوەیە کە تورکیا دانی بەم لایەنانەدا  نەناوە.

دژایەتی یەنەکە و پەکەکە لەگەڵ ئەردۆغان، هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نییە

بۆ نمونە بافل تاڵەبانی بە سەردانێکی نهێنی چووەتە بەغدا و داوای کردووە بخرێتە ناو پرۆتۆکۆلی پێشوازی ئەردۆغانەوە. بەڵام بەغدا ئەمەی قبوڵ نەکرد. کاتێک ئەمە ڕووینەدا، قوباد تاڵەبانی داواکارییەکی تایبەتی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد کە بەشێک بێت لەو شاندەی کە لە هەولێر پێشوازی لە ئەردۆغان دەکەن. تورکیا بەهۆی ئەو کێشانەی کە تووشی بوو، نەیدەویست قوباد تاڵەبانی بەشێک بێت لە شاندەکە، بەڵام لە ئەنجامی پێداگریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی خرایە نێو ئەو شاندەی کە پێشوازییان لە ئەردۆغان کرد. قوباد تاڵەبانی هەروەها داوای لە ئەردۆغان کرد فڕۆکەخانەی سلێمانی بکاتەوە. ئەمە هەڵوێستی ڕاستەقینەی یەنەکەیە. هەندێک لەو قسانەی بافل تاڵەبانی کە تورکیا وەکوو “دوژمن” پێناسە دەکات، تەنها شانۆگەری و نمایشێکە.

  پەکەکە لە ساڵانی 2004 ـ 2016دا ئەو لایەنە بووە لە ناو تورکیادا کە زۆرترین پشتیوانیی لە ئەردۆغان کردووە. بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیا، پەکەکەییەکان لەسەر هێڵی شەمزینان و چەلێ و گەڤەر دەسوڕانەوە و بە خەلکیان دەگوت دەنگی بەڵێ بە گۆڕینی دەستوور بدەن. بە خەڵکی کەمپی مەخمووریان دەگوت کە “تەلەفون بۆ کەسوکارەکانیان بکەن و پێیان بڵێن دەنگی بەڵێ بە گۆڕینی دەستووری تورکیا بدەن”. لە ساڵی 2016دا، سەبری ئۆک سواری ئۆتۆمبێلی “ئەمرە تانەر”، سەرۆکی ئەوکاتی میت، دەبوو و سەردانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت – ئیمرالی دەکرد. ئەوکاتەش دەوڵەتی تورک هەروا بوو و ڕۆژانە کوردی دەکوشت. بەڵام لەو کاتەدا پەکەکە نەیدەویست واقیعیەتی دەوڵەت ببینێت، چوونکە کلک و پاشکۆی ئاکەپە بوو. پەکەکە ئێستا هەمان تەنازولات بۆ ئێران دەکات و هەمان ئیمتیازات بە ئیران دەدات. پەکەکە ئێستا هەمان کاریش بۆ جەهەپە دەکات و شاند ڕەوانەی لای جەهەپە دەکات. ئەوانەی خاوەن ئەم کردەوانەن، دەلین ئەزبەنی، ئێمە دژی ئاڵای تورکانین!!! بێگومان ئەمە هەمووی درۆ و شانۆگەرییە.

یەنەکە و پەکەکە کاتی خۆی لیتکیان دەهاویشت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکیان هەبێت، کەچی ئێستا پڕوپاگەندای ژەهراوی بەڕێوەدەبەن. بەداخەوە ئەم پڕوپاگەندە ناشیرینەی یەنەکە و پەکەکە، کە لەگەڵ هێزە ئیستیخباراتیەکانی ئێران و حەشدی شەعبی دەیکەن، وەکوو پێویست بەرپەرچ نەدرایەوە و پووچەڵ نەکرایەوە. ئەمەش بەهۆی کەموکووڕیی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)وەیە. ئەم کەموکوڕییە وایکرد خەڵکی کوردستان مەحکوومی پڕوپاگەندەی ژەهراوی پەکەکە و شانۆگەریەکەی بافڵ تاڵەبانی لە تیک تۆک بن. بەڵام بە دڵنیاییەوە سەروەریی هەولێر بە شانۆگەرییە سیاسییەکان لەناو ناچێت.

پوستێن ھەمان بەش