دەستەواژەی “باکووری رۆژهەڵاتی سووریە”ی پەکەکە، روانگەی درۆین و چەواشە دەخوڵقینێت.
گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە ئینسان تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی شەخسیی خۆی سیاسەت بکات و گوێ بە کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتە لەسەر کۆمەڵگە نەدات. دەستەواژەی “باکوور ـ رۆژهەڵاتی سووریە”، بۆ ناساندن و بەرجەستە کردنی واقعییەتەکانی “کوردستانی سووریە” بەس نیە. ئەو دەستەواژە بیانیانە بە گشتی دەبنە هۆکاری لاوازی، بێهیوایی و کوردەکان تووشی شکست دەکەن. ئەگەر روونتر بیڵێین لەچوارچێوەی ئەو دەستەواژانەدا مرۆڤ دەتوانێ رۆژئاوای کوردستان وەکوو بەشێک لە دەسەڵاتداریی دەوڵەتی سوریە پێناسە و وێنا بکات.
ئایا بەڕاستی پەکەکە لەبەر ئەوەی کە رۆژئاوای کوردستان زیاتر بناسرێت ئەو دەستەواژانە بەکار دەهینێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە جیاوازییە جەوهەریەکانی نێوان “رۆژئاوا، باکوور ـ رۆژهەڵاتی سووریە و هیزەکانی سووریەی دیموکراتیک” شی بکرێنەوە. هاوکات پێویستە واقعییەتی ئەمڕۆی “کوردستانی سووریە”ش شرۆڤە بکرێت. ئەوەی کە ئەمڕۆکە پەکەکە لە “کوردستانی سووریە”دا دەیکات ئەمەیە: ناوەکەی کردۆتە “رۆژئاڤا” بەتەنیا و دیارە کە تەنها وشەی رۆژئاڤا خۆی لەخۆیدا هیچ واتایەکی نیە.
کاتێک دەڵێین کوردستانی سووریە، واتاکەی ئەوەیە کە پارچەیەک لەکوردستانی ئێمە لەلایەن سووریەوە داگیر کراوە.
لەگەڵ نییەتی روانگەی “باکوور ـ رۆژهەڵاتی سووریە”دا ئیمکانی نیە کە بە مافە رەواکانمان بگەین. پەکەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی حیزبی خۆی دەجووڵێتەوە و بەمەبەستی رازی کردن و رێککەوتن لەگەڵ هێندێ لایەن، دەستی بەسەر گوند و زەوی و زار و شوێنی نیشتەجێبوونی لە هەرێمەکانی کوردستانی سووریەدا گرتووە و ناوی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریە لەسەر داناون. پەکەکە عەشیرەتە عەرەبەکانی وەکوو بەشێک لە پیلانی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و بۆ کۆتاییهێنان بە مافە رەواکانی کورد پاراستووە.
ئەو راستیەی کە باس ناکرێت ئەوەیە: پەکەکە لەژێر دروشمی کوردایەتیدا و لەپێناو بەرەوپێش بردنی ئەو سیاسەتەی خۆی لەبواری یاسایی و دەستووریەوە، زیاتر لە 11 هەزار کوردی بە شەهیدبوون داوە. ئێستاش پەکەکە ناوەکەی لێگۆڕیوین و ئیدی دەستەواژەی کوردستان لەهیچ کوێ بەکار ناهێنێت.
دەستەواژەی “باکووری رۆژهەڵاتی سووریە”ی پەکەکە، روانگەی درۆین و چەواشە دەخوڵقینێت، سەلماندنی مەوجوودیەتی “کوردستانی سووریە” زەحمەتتر دەکات و بەوشێوەیە کاریگەری لەسەر رەفتاری دەوڵەتی سووریە دادەنێت.
ئەوەش لە پرسپێکتیڤی هێندێک لە لایەنگران و پشتیوانانی پەکەکەیە کەوا دەڵێن هیچ نیە دەستەواژەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریە بەکار بهێنن یانیش بەتەنها بڵێن رۆژئاڤا، چوونکە سیاسەتی پەکەکە موقەددەسە! بەڵام لەوە تێناگەن کە سیاسەتی پەکەکە بە خەیاڵی لێڵ و تاریک، ئازار، ترس و ناشەفافیەتەوە گرێدراوە. پەکەکە بە رق و قینێکی قووڵ و بەردەوام، هەر شتیکی بۆ بلوێت لەسەر حیسابی هەستی بریندار و هەبوونی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان بە قازانجی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبیانەی خۆی، ئەنجامی دەدات.
ئەم زنجیرە وتارە تایبەت بۆ “دارکا مازی” نووسراوە.