راپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە رێژیمی تاران؛ کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان

لە چلەی ماتەمینی “ژینا ئەمینی”دا شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکدەست لە مانگرتندان

ئەمڕۆ چوارشەممە 26/10/2022، هاوکات لەگەڵ چلەی “ژینا ئەمینی” سەرەڕای زەخت و فشارەکانی رێژیمی ئێران و داخستنی رێگا سەرەکیەکان، جەماوەرێکی زۆر لەسەر گڵکۆی “ژینا” لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە و هاوکات مانگرتن لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو و لە زۆربەی هەرە زۆری زانکۆ گەورەکانیشدا گردبوونەوەی ناڕەزایی و گوتنەوەی دروشم دژ بە خامنەیی و رێژیمەکەی تاران گوترانەوە.

لە درێژەی راپەڕینی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیراندا دژ بە رێژیمی تاران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، خەڵکێکی زۆر لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵاتەوە خۆیان گەیاندە شاری سەقز، زێدی “ژینا ئەمینی” و بە ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی ئەو کچە کوردە کە 40 رۆژ لەوەپێش بەهۆی ئەشکەنجەی چەکدارەکانی ئێران لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتەدا شەهید بوو، کۆبوونەوە و بێزاریی خۆیان لە رێژیمی تاران دەربڕی و داوای رووخانی کۆماری ئیسلامیی و رزگاریی کوردستانیان لە ژێرداگیرکاری فاشیزم کرد.

بەشێک دروشمەکانی ئەمڕۆی خەڵکی رۆژهەڵات لەسەر گڵکۆی “ژینا” بەتەواوی نەتەوەیی و رزگاریخوازانە بوون و خەڵکەکە وێکڕا دەیانگوت “کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان” و هەروەها “هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ”، “دیکتاتۆر دەڕووخێنین، تۆڵەی ژینا دەستێنین”، “سەقز شاری دێرینە، دەروازەی راپەڕینە”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “رێژیمی ئیسلامیمان ناوێت” و “ئیمساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی [خامنەیی] سەرنگوونە” بەشێکی دیکە لە دروشمەکانی خەڵکی راپەڕیوی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر گڵکۆی “ژینا ئەمینی” لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز بوون.

کۆبوونەوەی جەماوەرێکی زۆر لەسەر گڵکۆی “ژینا” لەکاتیکدا بوو کە رێژیمی تاران هەموو هێزی خۆی خستبووە گەڕ تاوەکوو رێگا نەدات خەڵک لە چلەمین رۆژی کوژرانی ژینای جوانەمەرگدا لە سەر گڵکۆکەی ئامادە بن. بەڵام پیلانەکانی رێژیم زۆر لاوازتر بوون لە ئیرادەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کورد و بەشێک لە جەماوەر بە پێ و لە رێگای شاخ و پەڕینەوە لە رووبار خۆیان گەیاندە سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی کە ئەگەرچی لەسەر ژن بوون گیرا بەڵام بەهۆی کوردبوونەوە لەلایەن چەکدارانی رێژیمی ئێرانەوە شەهید کرا.

جگە لە خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵات ژمارەیەک لە خەڵک و کەسایەتیەکانی ئێرانیش بەمەبەستی بەشداری کردن لە ریوڕەسمی چلەی ماتەمین ژینا ئەمینی و بەمەبەستی دەربڕینی بێزاریی خۆیان لە رێژیمی ئازادیکوژی تاران دوێنێ خۆیان گەیاندبووە شاری سەقز و سەرچاوەکانی هەواڵ لەو شارە ئاماژەیان بەوە کردبوو کە سەرجەم هۆتێلەکانی شار تژی بوون لەو میوانانەی کە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا رۆیشتبوونە سەقز و بەشێکی زۆر لەو کەسانەش کە لە هۆتێلەکاندا جێگایان بۆ نەمابوو لەلایەن خەلکی سەقزەوە برابوونە ماڵی خۆیان. “عەلی دایی” یەکێک لەو کەسە ناسراوانە بوو کە بەمەبەستی بەشداری لە چلەی ژینادا رۆیشتبووە سەقز و لە هۆتێل “کورد”ی ئەو شارەدا مابۆوە بەڵام پاش ماوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ریژیمی ئێرانەوە لەگەڵ وریا غەفووری یاریزانی ناوداری کورد و چەند کەسایەتیەکی دیکە کە لەو هۆتێلەدا دەمانەوە، دەستگیر کرابوون و بۆ شوێنی نادیار گواسترابوونەوە.

هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لەسەر گڵکۆی ژینا ئەمڕۆ مانگرتنی سەرانسەریی خەڵک لە شارەکانی سنە، مەهاباد، مەریوان، کامێران، سەقز، بۆکان، بانە، جوانڕۆ و چەندین شاری دیکە رۆژهەڵاتی کوردستان لە چلەی “ژینا ئەمینی” و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوەچوو.

مانگرتن و رێوڕەسمی ئەمڕۆ لەسەر بانگەوازی گرووپەکانی ژنان و لاوان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ریژیمی ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوون.

پێشتر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) ڕایگەیاندبوو کە بنەماڵەی ژینا ئەمینی خراونەتە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بۆ ئەوە ڕێوڕەسمی چلە بۆ کچەکەیان بەڕێوە نەبەن و برای ژینا بە ناوی ئەشکان دەستگیر کراوە.

شایانی باسە لەترسی راپەڕینی قوتابیان و خوێندکارانی کورد لە چلەی “ژینا ئەمینی”دا، پارێزگاری رێژیمی ئێران لە شاری سنە، شەوی رابردوو رایگەیاندبوو کە رۆژی چوارشەممە (ئەمڕۆ) سەرجەم زانکۆ و قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە لەبەر “تەشەنەسەندنی ئەنفلەوەنزا” پشوو دەبن!.

لەلایەکی دیکەوە خەڵکی بەشێک لە شارەکانی ئێران بە داخستنی دووکان و بازاڕ ئەمڕۆ مانگرتنیان بەڕێوە برد و لە زۆربەی زانکۆ گەورەکانی ئێرانیشدا گردبوونەوەی ناڕەزایی و دروشم گوتنەوە دژ بە رێژیمی ئێران یادی “ژینا”یان بەرز راگرت و داوای رووخانی رێژیمی ئیسلامیی و دەستەبەر بوونی ئازادییان دەکرد.

پوستێن ھەمان بەش