”ئەگەر هێرش بکرێتە سەر شنگال، گرووپە نایاساییەکان گەنجانی ئێزدی و ئەو خەڵکەی گەڕاونەتەوە شنگال دەکەنە مەرتاڵ”.
خەڵکی شنگال لە ئامادەکاریی تورکیە بۆ هێرشی وشکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دەترسن و دەڵێن، دوای ڕۆژاوا هێرشی وشکانیی تورکیە بۆ سەر شنگال دەست پێ دەکات و جارێکی تر ئێزدییەکان دەبنە قوربانی.
لەم بارەیەوە، قاسم شەشۆ، کەسایەتیی ئێزدی و فەرماندەری پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەڕی “باسنیوز”ی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند: ”دوای ئەوەی تورکیە هێرشی وشکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دەست پێ بکات، ئەگەری هەیە دواتر بەهۆی بوونی گرووپە نایاساییەکانەوە هێرشی وشکانی بۆ سەر شنگالیش بکات.”
قاسم شەشۆ گوتیشی: ”ئێستا لە باب شلو لە شنگال گرووپە نایاساییەکان لەبن زەویدا ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر تورکیە هێرشی وشکانی بۆ سەر ڕۆژاوا دەست پێ بکات، چونکە دەزانن دوای ڕۆژاوا تورکیە هێرشی وشکانی بۆ سەر شنگالیش دەکات، ئێمە هیوادارین بەر لەوەی تورکیە بوونی گرووپە نایاساییەکان بکاتە بیانووی هێرش بۆ سەر شنگال، ئەو گرووپانە شنگال چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی گەنجانی ئێزدی نەکوژرێن.”
ئاشکراشی کرد: ”ئەگەر هێرش بکرێتە سەر شنگال، گرووپە نایاساییەکان گەنجانی ئێزدی و ئەو خەڵکەی گەڕاونەتەوە شنگال دەکەنە مەرتاڵ و ئەوەش دەبێتە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک و لە ئەنجامدا ئێزدییەکان دەبنەوە قوربانی.”