“نێرگز ئاکشین” لەساڵی 2014دا لەلایەن پەکەکەوە رفێندرا و برایە چیا و لەوێ مێشکیان شۆردەوە و بەناوی “ئارژین”ـەوە چەکدار کرا.
ئارژین منداڵێکی کورد بوو کە خەون و هیوایەتی زۆر گەورەی هەبوون، بەڵام قەدەری رەش “پەکەکە”، رێگای نەدا خەونەکانی بێنە دی و بە هیوایەکانی شاد ببێت. پەکەکە رفاندی و بەرەو مەرگی برد. پەکەکە مردنەکەشی شاردەوە و پاش تێپەڕینی 6 ساڵ تازە هاتووە و بەوپەڕی بێ ئەخلاقیەوە دەڵێت: “ئارژین خەون و هیوای زۆری نەبوو، تاقانە هیوا و قیبلەی ئارژین تەنها و تەنها ئاپۆ بوو. ئەو بۆ تاقە رۆژێک رووی لەو قیبلەیەی وەرنەگێڕا”.!
پەکەکە لەوەتەی دامەزراوە بەمەبەستی دابین کردنی شەڕڤانەکانی پشت بە رفاندنی منداڵانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەبەستێت و هەتا ئێستا بە هەزاران منداڵی رفاندووە و بەکوشتنی داون و گیانلەدەستدانی زۆربەشیان دەشارێتەوە.
“نێرگز ئاکشین”، منداڵێکی کورد و لەدایکبووی “مێرسین”ـە. پەکەکە لەساڵی 2014دا نێرگزیان رفاند و بردیانە چیا و لەوێ مێشکیان شۆردەوە وناوەکەیان گۆڕی و ناویان نا “ئارژین”. وەکوو لە وێنەکەیدا بە روونی دیارە، ئارژین هێشتا لە تەمەنی منداڵیدایە کە چەکدار کراوە و لەساڵی 2017دا لە هەرێمی بەستای سەر بە شێرناخ بە دەست چەکدارەکانی ئەرتەشی تورک بە کوشتن درا.
پەکەکە ئەمڕۆ شەممە 3/12/2022، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 6 ساڵ تازە هاتووە و هەواڵی گیانلەدەستدانی “ئارژین” رادەگەیەنێت و بەوپەڕی بێ ئەخلاقیەوە لە تاریف کردنەکەیدا دەڵێت: “رێبەر ئاپۆ قیبلەی ئارژین بوو، ئارژین بۆ تاقە رۆژێکیش رووی لەو قیبلەیەی وەرنەگێڕا”.
پەکەکە بۆتە چارەی رەش بۆ منداڵانی کورد و بە هەزاران منداڵی کوردی لەبەر دەرگای ماڵەکانیان یان لەبەردەم قوتابخانەکانیان رفاندووە وبە داری زۆر لە دایک و باوک و بنەماڵەکانیانی ئەستاندووە و رەوانەی مەرگی کردوون. پەکەکە منداڵانی کورد وەکوو سووتەمەنی بۆ شەڕی ساختەی خۆی بەکار دەهێنێت و دەیانڕفێنێت، بە زۆر چەکداریان دەکات و دواتر بە دەست چەکدارانی دوژمنیان بە کوشتن دەدات. لە روانگەی پەکەکەوە هەتا کاتێک کە ئەو منداڵە خۆی لەپیناو ئاپۆدا بەکوشتن نەدات، شایستەی ئاپۆ دەرناکەوێت!!.