فەرماندەی سینتکۆم: هێرشەکانی تورکیە دەبێتە هۆی نائارامی

فەرماندەی سینتکۆم: هێرشەکانی تورکیە دەبێتە هۆی نائارامی

“هێرشی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئاسایشی ئەو کەمپانە دەخاتە مەترسیەوە کەوا 10 هەزار چەکداری داعشیان تێدا بەند کراوە”.

فەرماندەی سینتکۆم نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری هیرشی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە دەربڕی و رایگەیاند ئەوەی ئارامیی ناوچەکە تێکبدات ئەوا ئاسایشی ئەو کەمپانە دەخاتە مەترسیەوە کە زیندانیە داعشیەکانی تێدایە.

ژنراڵ مایکڵ ئیریک، فەرماندەی هێزە ناوەندیەکانی ئامریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دوبەی دەربارەی ئەگەری هێرشەکانی تورکیە لە دژی رۆژئاوای کوردستان هۆشداریی دا و گوتی ئەو هێرشە ئارامیی ناوچەکە تێکدەدات و ئاسایشی ئەو کەمپانە دەخاتە مەترسیەوە کەوا 10 هەزار چەکداری داعشیان تێدا بەند کراوە.

ژنراڵ مایکڵ هەروەها دەستنیشانیشی کرد کە لەگەڵ هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک “هەسەدە” بەردەوام زەخت دەخەنە سەر داعش و لە ئەنجامی هاوکاری ئەوان و هەسەدەدا، حەوتووی رابردوو، بەرپرسێکی باڵای داعش دەستگیر کرا.

ژنراڵ مایکڵ هەروەها گوتیشی کە لە حەوتووی داهاتوودا راپۆرتێکی بەرفراوان لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی ساڵی رابردوویان دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریە بڵاو دەکەنەوە.

ژنراڵ مایکڵ ئاماژەی بەوە کرد کە “مەترسیەکانی داعش لە عێراق و سووریە هەر بەردەوامن و واشینگتۆن بۆ کەم کردنەوەی گرژیەکان و رێگری کردن لە تورکیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی، ئەوەی لە دەستی بێت ئەنجامی دەدات”.

پوستێن ھەمان بەش