ترامپ بۆ ئێران: “ئەگەر هێرشمان بکەنەسەر ئەوە وەڵامی هێزە چەکدارەکانمان لە ئاستێکدا دەبێت کە هەرگیز نەتانبینوە”.
دۆناڵد ترامپ رایگەیاند، ئەمەریکا پەیوەندی بەهێرشکردنە سەر ئێرانەوە نییە، ئەگەر هێرشیشمان بکرێتە سەر، وەڵامێکی بەهێزمان دەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە 15/6/2025، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیویەتی: “ئەمەریکا پەیوەندی بە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەبووە، ئەگەر هێرشیشمان بکرێتەسەر ئەوە وەڵامی هێزە چەکدارەکانمان لە ئاستێکدا دەبێت کە هەرگیز نەتانبینوە”.
ترامپ دەشڵێت: “دەتوانین بەئاسانی بگەینە ڕێککەوتنێک لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و کۆتایهێنان بەم پێکدادانە خوێناوییە”.
پێشتر و لە ڕۆژی هەینیدا ترامپ لە تویتێکدا نووسیبووی: “دوو مانگ لەمەوبەر، 60 ڕۆژم کات بە ئێران دا تا ڕێککەوتنێک بکات. دەبوو ئەو کارەیان کردبا! ئەمڕۆ 61هەمین ڕۆژە. من پێم گوتبوون کە دەبێ چی بکەن، بەڵام ئەوان نەیانکرد. ئێستاش ئەوان ڕەنگە چانسی دووەمیان هەبێت!”
هەرچەندە ترامپ بەشداریی ڕاستەوخۆی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەرد ئێران ڕەتیکردەو، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی هەینی جەختی لەسەر پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کردەوە و لێدانەکانی سەر ئێرانی بە “هێرشێکی زۆر سەرکەوتوو” ناوبرد.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی، شەوی هەینی ئەمەریکا بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران، هاوکاریی ئیسرائیلی کردووە. یەکێک لە سەرچاوەکان هەروەها ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بە هەمانشێوە پشتگیریان لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل کردووە.