وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: “ئێمە ئاگاداری بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستانین لەلایەن بەغداوە”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە دووپاتی ئەوەی کردەوە، داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەن کێشەکانیان بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکەن.
ڕۆژی سێشەممە 10/6/2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە، لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی “کوردستان24″دا لەبارەی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە گوتی: ئێمە ئاگاداری مووچەبڕینی خەڵکی کوردستانین لە لایەن بەغداوە، داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەین کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە، بە گوێرەی ئەرکە دەستوورییەکان چارەسەر بکەن.
تامی بروس ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق ژینگەیەک دروست دەکات کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بیانەوێت وەبەرهێنانی تێدا بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: چارەسەرێکی سەرکەوتووانە ئاماژەیەکی ئەرێنی دەنێرێت لە بەیەکەوە کارکردنێکی گشتگیرتر کە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بێت، وەك کردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا، گەڕانێکی زیاتر بەدوای وزە، بە بەشداری کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشەوە.
تامی بروس تیشکی خستە سەر ئەوەی، لەمیانی قسەکردن لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق وەك سەرۆک وەزیران سوودانی و ڕوبیۆ جەختی لە گرنگی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق و هەرێم کردەوە، لەمیانی گفتوگۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووبارەی کردەوە، پشتیوانیی ئەمەریکا لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر، کۆڵەگەیەکی سەرەکی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ عێراق.”