هەنگاو: لە 2022دا لانیکەم 290 کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونەتە قوربانی

هەنگاو: لە 2022دا لانیکەم 290 کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونەتە قوربانی

لە ماوەی ساڵی 2022دا لانیکەم 11 منداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووە بوونەتە قوربانی.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی 2022دا لانیکەم 290 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانی کە 46 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 244 کەسیشیان بریندار بوون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر ٧٥ حاڵەت واتە ٣٥٪ بەرز بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی هەنگاو زۆربەی قوربانییەکان کە 209 حاڵەتە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون یان بریندار کراون. هەروەها 35 حاڵەت بە هۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو؛ بەربوونەوە لە هەڵدێر، خنکان لە ڕووبار، هەورە بروسکە، هەرەسی بەفر و سەرمابردوویی کوژراون یا بریندار بوون.

هۆکاری کوژران یان بریندار بوون

بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢١ لانی کەم ٦٩ حاڵەت واتە ٤٩٪ بەرز بووەتەوە. هەروەها ڕێژەی ئەو کۆڵبەرانەش کە بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی ٣٠٠٪ بەرز بووەتەوە.

تەقەی ڕاستەوخۆ: ٢٠٩ حاڵەت (٣٣ کوژراو و ١٧٦ بریندار) کە دەگاتە ٧٢.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوی سروشتی: ٣٥ حاڵەت (٨ کوژراو و ٢٧ بریندار) کە دەکاتە ١٢.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

تەقینەوەی مین: ١٢ حاڵەت (١٣ بریندار) کە دەکاتە ٤٪ی کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوی هاتووچۆ: ٢٥ حاڵەت (١ کوژراو و ٢٤ بریندار) کە دەکاتە ٨.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

ئاگرکەوتنەوە و گازگرتووی: ٥ حاڵەت (٤ کوژراو و ١ بریندار ) کە دەکاتە ٢٪ی کۆی حاڵەتەکان

لێدان و کوتان: ٤ حاڵەت (٤ بریندار) کە دەکاتە ١.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

جیا کردنەوە بە پێی پارێزگاکان

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی ١٦٢ حاڵەت بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری کە ٥٨ حاڵەت بووە ٢١١.٥٪ بەرز بووەتەوە و لە بەرامبەردا ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە سنووری پارێزگای ورمێ بوونەتە قوربانی ٢٠ حاڵەت بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری ٦٠٪ کەمی کردووە.

پارێزگای ورمێ: ٢٠ حاڵەت (١٣ کوژراو و ٧ بریندار).

پارێزگای سنە: ١٠٨ حاڵەت (٢٢ کوژراو و ٨٦ بریندار).

پارێزگای کرماشان: ١٦٢ حاڵەت (١١ کوژراو و ١٥١ بریندار).

کوژران و بریندار بوونی ١١ منداڵی کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٢ دا

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زاییندا لانی کەم ١١ منداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە چوار کۆڵبەری منداڵ گیانیان لە دەست داوە و ٧ دیکە بریندار بوون.

چوار منداڵی کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دوو کۆڵبەر بە هۆی لێدان و کوتان لەلایەن ئەو هێزانەوە، کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مین، سی کۆڵبەر بە هۆی ئاگرکەوتنەوە و کۆڵبەرێکیش بە هۆی هەرەسی بەفر بوونەتە قوربانی.

ژمارەی ئەو منداڵە کۆڵبەرانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بوونەتە قوربانی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری پێنج حاڵەت واتە ٨٣٪ بەرز بووەتەوە.

کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی تورکیە

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کۆڵبەرێک لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کوژراوە کە ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری کە پێنج حاڵەت بووە ٨٠٪ کەمی کردووە.

کوژران و بریندار بوونی ٨ کاسبکار لە جادەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی لانی کەم ٨ کاسبکار لە جادەکانی کوردستان و باقی شارەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانی کە ٣ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

ئەم هەشت کەسە سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە جادەکانی سەوڵاوا، سەلاسی باوەجانی، بانە، کەنگەڤەر، ئەهواز) ٢ حاڵەت (، نۆدشە و کامێران بوونەتە قوربانی.

پوستێن ھەمان بەش