ئایا لە بەرانبەر خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەدا، هیچ گرێبەست و بەڵێن و ئیمتیازێک دراوە؟

ئایا لە بەرانبەر خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەدا، هیچ گرێبەست و بەڵێن و ئیمتیازێک دراوە؟

هیچ ئامادەکاری و کردارێک وەک لێبووردن لەئارادا نییە، ئەوانەی کە لە تاوانەکانی دژ بە تورکیا بەشدار بوون، سزا دەدرێن.

پەکەکە لە کۆنگرەی دوازدەهەمی خۆیدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەکی دا و ئەمەشی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

بەم پەرەسەندنە قۆناغێکی گرنگ دەستی پێکردووە. بەڵام هێشتا زۆر پرسیار هەن کە وەلامەکانیان ڕوون نین.

میدیاکانی تورکیا دەڵێن قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” دەستی پێکردووە. بڕیارە قۆناغی چەکدانانەکە لە ماوەی 3-4 مانگدا تەواو ببێت.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی دەوڵەت، ئەم پرۆسەیە کە بە بانگەوازی سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکردووە و ناوی پڕۆسەی “تورکیا بێ تیرۆر”ی لێنراوە، لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە و بەپێی پلان دەچێتەپێش.

گرنگترین پرسیار لەم پرۆسەیەدا کە بە شێوەیەکی شەخسی ئیبراهیم کالن سەرۆکی میت سەرپەرشتی دەکرد، ئەوە بوو: “ئایا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەدا هەبووە؟ هیچ ئیمتیازێک دراوە؟” نەدیم شەنەر، نووسەری ڕۆژنامەی حوڕییەت، لەسەر ئەم بابەتە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەرپرسێک ئەنجامداوە کە حەزی نەکردووە ناوی بڵاو بکرێتەوە و چاوپێکەوتنەکەی بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەکە بڵاوکردۆتەوە و لە چاوپیکەوتنەکەدا ئەو پرسیارانەی هێناوەتەگۆڕێ کە جێگەی سەرنجی خەڵک بوو و بەم شێوەیە وەڵامەکانی بۆ خوێنەرانی خۆی بڵاو کردۆتەوە…

1- پرسیار: ئایا لە بەرامبەر خۆهەڵوەشاندنەوە وچەکدانانی پەکەکەدا، هیچ گرێبەست و بەڵێن و قەرەبوویەک دراوە؟

وەڵام: نەخێر، هەرگیز ئەمە ڕووی نەداوە، دەوڵەتی تورک ئەم کارەی کردووە. لەبەر ئەوەی تورکیا لە شەڕی دژی تیرۆردا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەش نەیدەتوانی وڵات بەجێبهێڵێت. هەروەها بارودۆخی نێودەوڵەتییش لە دژی ئەوان بوو، بۆیە جگە لە خۆهەڵوەشاندنەوە، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نەبوو و هیچ ڕێکەوتن و مژارێکی دانوستان نەهاتە ئاراوە. ئەوان بۆخۆیان لە ئێستاوە لێدوان دەدەن و دەڵێن هیچ مامەڵەیەک نییە. دەوڵەت لەو چوارچێوەیەدا دەچێتەپێش کە بۆخۆی ئامادەی کردووە.

2- پرسیار: ئایا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پێکهاتەکانی تری ڕێکخراوەکەش دەگرێتەوە؟

وەڵام: بەڵێ، چونکە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، ستوون و بناخەی ئەو سەیوانەیە و کاتێک کە پەکەکە هەڵدەوەشێتەوە ئەوانی دیکەش بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێن. بە واتایەکی تر، بەپێی تورکیا، ئەم بڕیارە نەک هەر لە عێراق، بەڵکو لە ئێران، سووریا و تەنانەت لە ئەوروپاشدا، نەهێشتن و لە مەیدان وەدەرنانی پەکەکە فەرز دەکات و جگە لەوە هیچ بژاردەیەکی تر قبووڵ ناکرێت. تەنانەت تا ئەو کاتە بە وردی چاودێری دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا پێکهاتەکانی پەکەکە دەیانهەوێ بە گۆڕینی ناوەکانیان درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن یان نا.

3- پرسیار: چۆن دڵنایی دەبێت لەوەی کە ئایا پەکەکە بە بڕیاری چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەکەی پابەندە؟

وەڵام: ئەوەش کاری ئێمەیە. هەواڵگری تورکیا ئەزموونێکی زۆری هەیە. تیمە تەکنیکییە بەئەزموونەکانمان کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن. سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی ئیبراهیم کالن لە ئێستاوە لە سەرەتای پرۆسەکەدایە. پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو چاودێری دەکرێت و لە کاتی خۆیدا سەرۆککۆمار ئەردۆغانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە.

4- پرسیار: ئایا هیچ لێبووردنێک بۆ تیرۆریستانی پەکەکە هەیە؟

وەڵام: هیچ ڕامان و ئامادەکاری و کردارێک وەک لێبووردن لەئارادا نییە. ئەوانەی کە لە تاوانەکانی دژ بە تورکیا بەشدار بوون، سزا دەدرێن. بێگومان گرتنەبەری هەنگاوێک کە خزمەت بە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات، لە بواری سیاسیدایە. بەڵام وەک ئەوەی کە هەندێک کەس بانگەشەی بۆ دەکەن هیچ هەنگاوێک ناگیرێتەبەر کە زیان بە یەکێتی نەتەوەییمان بگەیەنێت.

5- پرسیار: ئەگەر شتێک بە پێچەوانەی ئەو بانگەواز و بڕیارانە ڕووبدات کە دراون، واتە پەکەکە بە ناوی خۆیەوە یان بە ناوێکی دیکەوە هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە، چی ڕوودەدات؟

وەڵام: کۆماری تورکیا نەک هەر لە سەرەتاوە پلانی “A”ی ئامادە کردووە، بەڵکو پلانی “B” و “C”شی ئامادە کردووە، و تەنانەت زیاتریش. بە واتایەکی تر ئێمە پلانمان هەیە لەسەر بنەمای بڕیاری کۆتایی هێنان بە شەڕ و ڕادەستکردنی چەکەکان، ڕادەستنەکردنی چەک سەرەڕای بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕ، یان درێژەدان بە چالاکییە تیرۆریستیەکان بە ناوی جیاواز و هتد…، جگە لەوەش بەو پێیەی مەترسی تیرۆر لە ناوچەکەدا بەتەواوی لەناو نەبراوە، تێکۆشانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانمان بێ وەستان بەردەوامن. ئەوەی گرنگترە ئەوەیە کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە ئەو بڕیارانەی کە داویانە جێبەجێ بکات. ئەم پرۆسەیە بە وردی چاودێری دەکرێت.

پوستێن ھەمان بەش