سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ئەمەریکا دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ئەمەریکا دەکات

“سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت”.

مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئەمەریکا و ژمارەیەک دیداری گرنگی دەبێت.

ڕۆژی چوارشەممە، 14/5/2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا و چەند پرسێکی دیکەی کرد.

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن کرد و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکا دەکات.

بە گوتەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت و دواتر وردەکاریی سەردانەکە ڕادەگەیەنن.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی 11-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، “سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.”

حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردبوو کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و رۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.

دوایین سەردانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، بۆ ڕۆژی دووشەممە، 26-2-2024، دەگەڕێتەوە. لەو سەردانەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی ئەمەریکا کۆ بووەوە.

لە دیدارەکەدا بلینکن بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی گوت: “ئەمریکا هاوبەشییەکیی درێژخایەنی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و مێژووی پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە، ئەوە شتێکە ئەمەریکا بە جیددی لێ دەڕوانێت و بۆ خودی خۆشم وەک شتێكی مەزن تەماشای دەکەم”.

پوستێن ھەمان بەش