ژمارەی ئەو سڤیلانەی کە لە دەسپێکی 2023ـەوە لە ناوچە سنووریەکانی سووریە و تورکیە لەلایەن جەندرمەکانی تورکەوە کوژراون، گەیشتۆتە 9 کەس.
جەندرمەکانی تورک لەسەر سنوور لاوێکی سوورییان بە ئەشکەنجە و لێدان کوشت و لاوێکی دیکەشیان بە سەختی بریندار کرد و دەست و لاقیان شکاند.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە جەندرمەکانی تورک لە نزیک “باب ئەل هەوا” لە سنووری تورکیە و پاریزگای ئیدلب، لە کۆمەڵێک لاوی سووریان داوە و لە ئەنجامی ئەو لێدان و زەبروزەنگەدا کە جەندرمەکانی تورک تێیدا ئامێری تیژ و چەکیان بەکارهێنابوو، لاوێکی سووری گیانی لەدەستدا و لاوێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
هەروەها دەستنیشانیشی کرد ئەو کەسەی کە لە ئەنجامی ئەو پەلامارە وەحشیانەیەی جەندرمەکانی تورکدا بریندار بووە، دەست و لاقی شکێندراوە و دۆخی تەندروستیی باش نیە.
بەمشێوەیە ژمارەی ئەو کەسە سڤیلانەی کە لە دەسپێکی ساڵی 2023ـەوە لە ناوچە جیا جیا سنووریەکانی سووریە و نزیک لە خاکی تورکیە لەلایەن هێزەکانی جەندرمە و پاسەوانی تورکەوە کوژراون، گەیشتۆتە 9 کەس، کە 5 کەسیان لە دەشتاییەکانی حەسەکە، 2 کەس لە گوندەوارەکانی ئیدلب و 2 کەسیش لە گوندەواری باکووری حەلەب بە دەست جەندرمەکانی تورک کوژراون.