ئەردۆغان سەبارەت بە کۆنگرەی پەکەکە: دەکرێت لە هەر ئانوساتێکدا مژدەتان پێبدرێت

ئەردۆغان سەبارەت بە کۆنگرەی پەکەکە: دەکرێت لە هەر ئانوساتێکدا مژدەتان پێبدرێت

“هەموومان پێکەوە سەد ساڵەی تورکیا بنیات دەنێین کە بناغەکەی دیموکراسی، گەشەپێدان، ئارامی و دادپەروەرییە”.

رەجەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە کۆنگرەی پەکەکە لێدوانێکی داوە و دەڵێت: “دەکرێت لە هەر ئان و ساتێکدا مژدەتان پێ بدرێت.”

 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕێکەوتی 9ی ئایاردا ئاشکرای کرد کە کۆنگرەی 12ی خۆی بە شیوەیەکی سەرکەوتوو لە ڕۆژانی 5 تا 7ی گوڵان بەڕێوە بردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەرئەنجامی کۆنگرەکە بڵاو دەکاتەوە.

ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا باسی هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی کردەوە کە تورکیا بە “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات.”

 ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەکەوە گوتی، “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە وردی بەردەوامە. پێداگرین لەسەر رزگارکردنی وڵاتەکەمان لە بەڵای تیرۆر. هەواڵگری و یەکەکانی دیکەی ئاسایشمان ئەوەی دەکەوێتە سەر شانیان دەیکەن”.

 پرۆسەکە لەکاتێکدا بەرێوەدەچێت کە چەند لایەنێک رەخنەی زۆر لە دەسەڵات دەگرن و جەماوەریان بە جۆرێک ئاراستە دەکەن کە گوایە حکومەتی تورکیا زەمینەسازی بۆ بڵاوبوونەوەی ‘تیرۆر’ دەکات.

 ئەردۆغان لەبارەی وردەکاریی پرۆسەکە گوتی: “ئێمەش بە هەستی بەرپرسیاریێتیی هەر تاکێکی 85 ملیۆن دانیشتووانمان، شیاو بە جیدییەتی دەوڵەت، بێ ئەوەی بچووکترین بۆشایی جێبهێڵین، سات بە سات چاودێریی کارەکان دەکەین. پشتیوانیی خوا و گەلی ئازیزمان و نزای دڵسۆزانەی دایکان، لەو باوەڕەدام بگەینە مەنزڵی تورکیای بێ تیرۆر. دەرفەت بەوانە نادەین کە چاوەڕێ دەکەن وڵاتەکەمان پاشقولی لێ بدرێت. ناکەوینە نێو یاریی ئەوانەی دەیانەوێت وڵاتەکەمان خەڵتانی خوێن بکەن و لە پشێوی و فرمێسکدا بیخنکێنن”.

 ئەردۆغان ئەو کەس و لایەنانەی بە “تێکدەر” ناوبرد کە هەوڵی ساردکردنەوەی پرۆسەکە دەدەن و گوتی: “لە وەڵامی ئەوانەی دەیانەوێت جیاکاری دروست بکەن، تووندتر یەکدی لەباوەش دەکەین. لە وەڵامی ئەوانەی دەیانەوێت جیاببینەوە، ریزەکانمان تووندتر دەکەین. واتا 85 ملیۆن دڵ بە دڵەوە دەنێین و پەنا بەخوا خۆشەویستی، پێکەوەبوون، هاوپشتی و مافی برایەتی بەهێزتر دەکەین. هەموومان سەد ساڵەی تورکیا بەیەکەوە بنیات دەنێین کە بناغەکەی دیموکراسی، گەشەپێدان، ئارامی و دادپەروەرییە. دەکرێت لە هەر ئان و ساتێکدا مژدەکانتان وەربگرن کە وەریشی دەگرن”.

 تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا کە لەلایەن تورکیا بە “تورکیای بێ تیرۆر” و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە “چارەسەرکردنی پرسی کورد” دەناسێندرێت.

 شاندی ئیمراڵیی- دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی هەینی 9-5-2025 رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە بەستووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا وردەکاری لەبارەی ئەنجامەکەی بڵاودەکەنەوە.

پوستێن ھەمان بەش