ئەردۆغان: “دوای نەمانی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێ، سەردەمێکی نوێ بۆ هەموومان دەست پێ دەکات”.
ئەردۆغان دووپاتی دەکاتەوە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی سەرئەنجام پەکەکە چەکەکانی دادەنێت. دەشڵێت: ڕەنگە کەسانێک هەبن بیانەوێت سوود لە تێکدانی پرۆسەی ئاشتی وەربگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-05-2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و وەزیرانی کابینەکەی کرد.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، ئەردۆغان لە میانی دیدارەکەدا ڕایگەیاندووە، هەموو ئاستەنگەکانییان تێ پەڕاندووە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی سەرئەنجام پەکەکە چەکەکانی دادەنێت و ڕێکخراوەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەردۆغان باسی لەوەش کردووە، دوای نەمانی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێ، سەردەمێکی نوێ بۆ هەموومان دەست پێ دەکات و کایەی سیاسیش رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە پرۆسەکە. هاوکات ئەردۆغان هۆشداریشی داوە لەوەی پێویستە پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەببرێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش داوە “ڕەنگە کەسانێک هەبن بیانەوێت سوود لە تێکدانی پرۆسەکە وەربگرن و پێویستە بۆ ئەوە ئامادەبین.” ڕاشیگەیاندووە، پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێیان ناکات و متمانەی بە کارکردنی ئەندامانی هەیە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.
هاوکات وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ قسەکانی ئەردۆغان، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەردۆغان داوای لە ئەندامانی ئاکپارتی کردووە، هەستیاری بنوێنن لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە بکەن.
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی:” سەرۆک کۆمار پێمانی ڕاگەیاندووە، پێویستە هەمووان هەستیاری بنوێنن لە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە بکەن و پشتیوانی لێ بکەن. پرۆسەکە لە هەموو لایەنەکانییەوە چاودێری دەکرێت. ئەم پرۆسەیە سیاسەتی دەوڵەتە. پێویستە بە زووترین کات پەکەکە و هەموو درێژکراوەکانی چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. هەر هەنگاوێکی کۆنکرێتی بەرەو کۆتایی هێنان بە تیرۆر و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هەنگاوی ئەرێنی نوێ دەهێنێتە ئاراوە. لە کۆبوونەوەی نێوان سەرک کۆمار و باخچەلیدا باس لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کراوە.”