مەزڵووم عەبدی لە بارەی گرژییەکانی سوەیدا: کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن لە سووریا بوەستێنرێت

مەزڵووم عەبدی لە بارەی گرژییەکانی سوەیدا: کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن لە سووریا بوەستێنرێت

فەرماندەی هەسەدە: پێویستە دەستبەجێ ئەم کارە شەڕانگێزانییە بوەستێنرێت و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان بکرێت.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، دەڵێت: “کوشتنی ئافرەت، منداڵ و دەستدرێژیکردنە سەر هێما ئایینییەکان، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بەهاکانی سووریان. گوتیشی:  دوای 14 ساڵ شەڕ، کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن لە سووریا بوەستێنرێت”.

ڕۆژی چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئێمە لە سوەیدا بانگەواز لە گەلەکەمان وەردەگرین بۆ دەستەبەرکردنی ڕێڕەوی سەلامەتی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل و وەستاندنی هێرشەکان.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە، باسی لەوە کردووە، کوشتنی ژن، منداڵ و دەستدرێژیکردنە سەر هێما ئایینییەکان، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بەهاکانی سووریان. بۆیە پێویستە دەستبەجێ ئەم کارە شەڕانگێزانییە بوەستێنرێت و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان بکرێت.

عەبدی، ئاماژە بەوە کردووە، دوای 14 ساڵ شەڕ، کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن لە سووریا بوەستێنرێت، سووریا بە تۆڵەسەندنەوە پێشناکەوێت، بەڵکو بە دانوستان و لێکتێگەیشتن پێشدەکەوێت.

سەرەنج بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە، پرسی گەلی دروزمان پرسێکی نەتەوەییە و، چارەسەرەکەی دەبێت لە ڕێگەی دەستووری وڵاتەکە و دیالۆگەوە بێت.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەری هەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی سووریا ڕایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامی هێرش و بۆمبارانه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر چه‌ند شوێنێكی دیمه‌شق، كه‌سێك كوژراوه‌ و 18ـی دیكه‌ش بریندار بوونه‌.

پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئاینیی دروزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا 300 کەس لە درووزەکان، بەدەوییەکان و هێزەکانی حکوومەتی سووریا کوژراون، کە بەشێکی زۆریان هاووڵاتیی ئاسایین.

پوستێن ھەمان بەش