ئەردۆغان: “کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی و چاکسازییە یاساییەکان دروست دەکەین”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی قۆناغی یەکەمی چەکدانانی پەکەکە دەڵێت: لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیا هەڵدرایەوە، هاوکات سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە پشتیوانیی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی کردووە.
شەممە 12ـی تەمووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی قۆناغی یەکەمی چەکدانانی 30 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی ناوچەی سورداش گوتی: 10 هەزار سەربازمان لەشەڕی دژ بە پەکەکە کوژرا، بەهۆی هەڵەی دەوڵەتیش، چەندین گوندمان لەناوچوو، سەرباری ئەوەی دوو ترلیۆن دۆلار زیان بەر تورکیا کەوت بەهۆی شەڕی پەکەکەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، 47 ساڵە شەڕ دووچاری وڵاتەکەیان بووەتەوە، ئیدی بۆ وڵاتەکەیان سەردەمێکی نوێیە، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیادا کراوەتەوە، بۆ سەدەیەکی نوێی تورکیا دەرگەیەکی نوێ کرایەوە، دەشڵێت: دەوڵەت بەهۆی هەندێک هەڵە، نەیتووانی پەکەکە لەناو ببات، هیچ جۆرە مامەڵەیەکیش لەو پرۆسەیەدا نییە، گوتی: بۆ ئەوەی چیدیکە دایکەکان فرمێسکیان نەڕژێت، بۆ ئەوەی چیدی خوێن نەڕژێت، ئێمە لە نزیکەوە کار دەکەین، دەڵێت: لەسەر بنەمای بانگەوازی ئیمراڵی، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە.
ئەردۆغان گوتی: هەموو هاووڵاتییەکی تورکیا لە کورد و تورک و عەرەب، لە پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بووە، ئەمڕۆ تورکیا لە دوێنێ بەهێزترە و بە ئومێدترە و دیواری تیرۆر دەڕوخێندرێت و چووینە نێو قۆناغی کۆتاییهێنان بە تیرۆر، دەشڵێت: کۆتاییهێنان بە تیرۆر بە دڵی هەندێک کەس نییە، بە کۆتایی هاتنی تیرۆر، هەندێک کەس بێکار دەبن.
ئەردۆغان گوتی: کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی و چاکسازییە یاساییەکان دروست دەکەین، لەگەڵ دەم پارتی و مەهەپە هەنگاو بۆ داهاتوو دەنێین، لەگەڵ دەم پارتی، پێشتر لەگەڵ خوالێخۆشبوو سرەی سورەیا و ئێستا لەگەڵ پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار کۆبووینەوە و لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆمان کرد، بۆیە پێمان وایە کاری باشتر دەکرێت لە پرۆسەکە و پەرلەمانیش پشتیوانیی لێدەکات، دەڵێت: پێویستە کێشەی کوردانی عێراق و سووریاش چارەسەر بکرێت، لە عێراق دوای پرۆسەکەی چەکدانان، دەنگی جیاواز دەرکەوتن، پێویستە کوردانی سووریاش لە ئاشتیدا بژین، لێدوانەکانی نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا جێی دڵخۆشیمان بوو، دەبێت تیرۆر لە سووریاش کۆتایی بێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: لە ئەمڕۆ بەدواوە، کێشەکان بەگفتوگۆ چارە دەکەین و پەرە بە برایەتی دەدەین، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتییان کرد، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پشتیوانیی سەرخستنی پرۆسەکەی کرد.