کۆبوونەوەی وەزیری دادی تورکیا و شاندی ئیمراڵی بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

کۆبوونەوەی وەزیری دادی تورکیا و شاندی ئیمراڵی بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

شاندی ئیمراڵی: “هیوا و متمانە و باوەڕی ئۆجەلان بە ڕۆڵی ئەم پرۆسەیە لە دیموکراسی کردنی تورکیا لە ڕادەبەدەر بەهێزە”.

بەگوێرەی میدیای نزیک لە دەم پارتی، بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە، 8/7/2025، یلماز تونج، وەزیری دادی تورکیا و شاندی دەم پاری بۆ ئیمراڵی کاتژمێر 1:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ کۆببنەوە و  باس لە هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتیی و قۆناغی چەکدانانی پەکەکە بکەن. بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاگەیەندراوێکییان بڵاوکردەوە و باس لەوەکرا، شاندەکە بۆچوون و پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی ئەو قۆناغە نوێیەی کە پرۆسەکە پێی گەیشتووە و هەنگاوەکانی داهاتووی کە چی بکرێت بۆ پرۆسەکە، لەگەڵ سەرۆک کۆمار تاوتوێ کردووە.

هەروەها ڕاگەیەندرا، لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئیرادەی هاوبەش بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بەردەوامی پێبدرێت، ئەمە لەکاتێکدایە چاوڕێ دەکرێت وەک هەنگاوێکی پرۆسەی ئاشتی لیژنەیەکی لە پەرلەمانی تورکیا دامەزرێت و چاکسازی یاسایی بۆ پرۆسەکە ئەنجام بدات.

ڕۆژی یەکشەممە، 6ـی تەمووزی 2025، شاندی ئیمراڵی ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و لە سەرەتاوە ئاماژەیان بە دۆخی تەندروستی ئۆجەلان کرد و ڕایانگەیاند، تەندروستی زۆر باشە و دیدارەکەشیان لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمراڵی بەرهەمدار بووە.

دیدارەکە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە و لەو کۆبوونەوەیەدا ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ و بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنەکان، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربارەی گرنگی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، کۆبوونەوەکە مێژوویی دەبێت و بە هەمانشێوە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو کۆمیسیۆنەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا دابمەزرێت، ڕۆڵێکی کاریگەریی لە ئاراستەی ئاشتی و چارەسەریدا دەگێڕێت.

هاوکات شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، کە هیوا و متمانە و باوەڕی ئۆجەلان بە ڕۆڵی ئەم پرۆسەیە لە دیموکراسی کردنی تورکیا لە ڕادەبەدەر بەهێزە.

پوستێن ھەمان بەش