سەرۆکی پارتی زەفەری تورکیا: نابێت زمانی کوردی بکرێتە زمانی پەروەردە..!

سەرۆکی پارتی زەفەری تورکیا: نابێت زمانی کوردی بکرێتە زمانی پەروەردە..!

“ئەمە پڕۆژەیەکە کەوا نەتەوەی تورک دابەش دەکات و بە سەرچاوەی دەوڵەت، نەتەوەیەکی دیکە لەسەر خاکی ئەنادۆڵ پەروەردە دەکات”.

ئومیت ئۆزداگ، سەرۆکی پارتی “زەفەر”ی تورکیا، بەشداری لە کۆنگرەی پارتەکەی لە پارێزگای ئاکسارایدا کرد. ئۆزداگ لە وتارەکەیدا لە کۆنگرەدا باسی لە بەفەرمیکردنی زمانی کوردی کرد و ڕایگەیاند کە دژی ئەوەیە زمانی کوردی زمانی پەروەردە بێت و نابێ  ڕێگا بە هیچ زانکۆیەک بدرێت کە خوێندن بە زمانی کوردی پێشکەش دەکەن.

ئۆزداگ وتی: “ئایا ئێمە مێژووی تورکیا بە زمانی کوردی دەڵێینەوە؟ ئایا دەبێ ئەدەبیاتی تورکی بە زمانی کوردی فێر بین؟ قوتابییەک کە لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا ئامادەیی بە زمانی کوردی خوێندبێتی، چۆن لە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ سەرکەوتوو دەبێت؟”

ئۆزداگ هەروەها گوتی، “ئایا ئێوە زانکۆی کوردی جیا بۆ ئەمە دەکەنەوە؟ ئەمە پڕۆژەیەکە کەوا نەتەوەی تورک دابەش دەکات و بە سەرچاوەی دەوڵەت، نەتەوەیەکی دیکە لەسەر خاکی ئەنادۆڵ پەروەردە دەکات”.

ئۆزداگ گوتیشی: “ئەوانەی دەڵێن ‘دەستوور بە سەرپەرشتیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا دروستکراوە’ و دژایەتی دەستووری ساڵی 1982 دەکەن، ئێستا بەنیازن دەستوورێکی نوێ بە سەرپەرشتی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجالان دروست بکەن”.

پوستێن ھەمان بەش