ئۆجەلان: “بە مردنی عەسکەرەکانی تورکیا خەمبارم و داوای ڕەحمەتیان بۆ دەکەم”.
ئەمڕۆ دووشەممە 7/7/2025، وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی تورک لە نوێترین راگەیاندراویدا دەڵێت، ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان بە گازی میسان مردوون، بۆ 12 سەرباز بەرزبووەوە.
ئێوارەی رۆژی 6ی تەممووزی 2025 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیاندراوێکدا مردنی 5 سەربازی هێزەکانی لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان بەهۆی کاریگەریی گازی میسانەوە راگەیاند.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تەممووز، وەزارەتەکە لە راگەیاندراوی دووەمیدا گوتی، ژمارەی ئەو سەربازانە بۆ 8 سەرباز بەرزبووەتەوە.
وەزارەتەکە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سێیەمین راگەیاندراویدا ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا کە لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان مردن، بۆ 12 کەس بەرزبووەوە.
بەپێی میدیای تورکیا، رۆژی 6ی تەممووز، هێزێک کە لە 19 سەرباز پێکهاتبوو بۆ دۆزینەوەی تەرمی سەربازێکیان بەناوی مەلیح بۆزکوڕ، کە رۆژی 28ـی ئایاری 2022 بە دەستی پەکەکە کوژرابوو و تەرمەکەشی لە دەستی پەکەکە بوو، چوونە نێو ئەشکەوتێک.
لە ئەشکەوتەکەدا گازی میسان هەبووە و ئەوەش هۆکاری مردنی سەربازەکان بووە.
ئۆجەلان: بە مردنی عەسکەرەکانی تورک خەمبارم و داوای ڕەحمەتیان بۆ دەکەم
شایانی باسە شاندی ئیمرالی کە رۆژی یەکشەممە 6/7/2025، سەردانی ئۆجەلانیان کردبوو، پەیامێکیان لە ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاو کردەوە کە لە بەسێکی پەیامەکەیدا ئۆجەلان دەڵێ: “من بە مردنی ئەو عەسکەرانەی تورک زۆر خەمبارم و دوای ڕەحمەتیان بۆ دەکەم و سەرەخۆشی لە بنەمالە و کەسوکارەکانیان دەکەم”.