ئەردۆغان: لەگەڵ شاندی دەم پارتی ڕایگەیاند، لەگەڵ دەم پارتی باس لە هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە دەکەین.
بڕیارە کاتژمێر 3ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی دوایین پەیامی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) و هەنگاوەکانی “پرۆسەی ئاشتی” کە دەوڵەتی تورک بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات و هەروەها چەکدانانی پەکەکە، لەکۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار گفتوگۆ بکەن.
دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی..
لە دەستپێکی پرۆسەی ئاشتییەوە، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی شەش جار لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە) کۆبوونەتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەیان، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، پرۆسەکە دەچێتە نێو قۆناغێکی نوێوە و بەرپرسیارەتی دەکەوێتە ئەستۆی گشت لایەک، داوای کردووە، ئەوەی پێویست بێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە ئەنجامی بدەن، هاوکات ئۆجەلان باسی لە گرنگیی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبچێت، لەم بارەیەوە ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دەڵێت: کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ و مێژوویی دەبێت، شاندی ئیمراڵیش باسیان لەوە کردووە کە، هیوا و متمانەی ئۆجەلان بە ڕۆڵی ئەم پرۆسەیە بۆ دیموکراسەکردنی تورکیا لە ڕادەبەدەر بەهێزە.
چاوەکان لەسەر دوا هەنگاوەکانە..
شاندی دەم پارتی دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان ڕایانگەیاند: کۆبوونەوەکە زۆری ئەرێنی بووە. کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتێکدایە کە هەمووان چاویان لە کۆتایی خاڵەکانی پرۆسەی ئاشتییە کە تێیدا گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بڕیارە لەنێوان 10 بۆ 12ـی تەممووزی 2025 لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و شاندی دەم پارتی و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆ و جیهانیی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەک دابنێن، یاخوود لەناوی ببەن.
ئەردۆغان: چەکدانانی پەکەکە تورکیا بەرەو پێشەوە دەبات..
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەیەکەم کاردانەوەی سەبارەت بە بڕیاری کردارەکی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بۆ دانانی چەک گوتی: “پرۆسەکە لە تورکیا زیاتر بەرەو پێشەوە دەبات”، گوتیشی:”ڕێگە نادەین هیچ لایەک بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات و بە وردی و هەستیارییەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین”.
ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی ڕایگەیاند، لەگەڵ دەم پارتی باس لە هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە دەکەین.
چەکدانانی پەکەکە…
هاوکات، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین بە کەناڵی کوردستان24ـی باشووری کوردستانی راگەیاندووە: لەبارەی پرۆسەی چەک دانانی گروپێکی ئەندامانی پەکەکە لە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین، تا ئێستا هیچ داوایەک لە ئەوان نەکراوە و ئاگادارنەکراونەتەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین ئاشکرای دەکات، زانیارییان لەبارەی ئامادەبوونی شاندێکی دەم پارتی لە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لەسنوورەکەیان هەیە، چاوەڕێش دەکرێت لەگەڵ ئەم شاندەی دەم پارتی، شاندی وەزارەتەکان ناوخۆی هەرێم و عێراقیش وەک چاودێر لە پرۆسەکە ئامادە بن لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی باڵای پەکەکە.
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پێشتر لە 28ی کانوونی یەکەمی 2024 بۆ یەکەمجار سەردانی ئیمراڵیان کرد، دوای ئەو سەردانەش تەنیا لەمساڵدا لە 22ی کانوونی دووەم، 27ی شوبات، 21ی نیسان و 18ی ئایاری 2025 چوار جاری دیکە سەردانی ئۆجەلانیان کردووەتەوە .
سەردانەکە پێش خرا..
پێشتر بڕیاربوو، شاندی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئۆجەلان بکەن، بەڵام سەردانەکەی ئیمراڵی پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان خرا بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت.
شاندەکەش پێکهاتبوو لە:
ـ پەروین بوڵدان – پەرلەمانتاری دەم پارتی
ـ میدحەت سانجار – پەرلەمانتاری دەم پارتی
ـ ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ – پارێزەر
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، پێشتر لە 28ی کانوونی یەکەمی 2024 بۆ یەکەمجار سەردانی ئیمراڵیان کرد، دوای ئەو سەردانەش تەنیا لەمساڵدا لە 22ی کانوونی دووەم، 27ی شوبات، 21ی نیسان و 18ی ئایاری 2025 چوار جاری دیکە سەردانی ئۆجەلانیان کردووەتەوە .