ژمارەی کوژراوانی درووزییەکان گەیشتە 50 کەس

ژمارەی کوژراوانی درووزییەکان گەیشتە 50 کەس

سوهر: “توندوتیژییەکان لە پارێزگای سوەیدا چڕبوونەتەوە”.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارەکان لە سوەیدا لە باشووری سووریا 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 60 کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕوانگە ڕوونی کردەوە، توندوتیژییەکان لە پارێزگای سوەیدا چڕبوونەتەوە، ئەمەش لە دوای ڕفاندنی گەنجێکی درووزی لەسەر ڕێگای خێرا کە دیمەشق و شاری سوەیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

بەگوێرەی ئاماری ڕوانگە و چالاکوانانی خۆجێی، 50 کەس لە هەردوو پێکهاتەی درووز و پێکهاتەی بەدەوی، کوژراون و  6 کەس لە ناویاندا هێزی بەرگریی سوورین و هاوکات زیاتر لە 60 کەسیش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزی سەربازیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی ئەو ناوچە ناردووە.

لای خۆیەوە ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری، ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی تەمووزی 2025، گوتبووی: لە شەڕوپێکدادانەکانی سوەیدا 21 کەس کوژراون و 80 کەسیش بریندارن.

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری گوتیشی: شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان گرووپە چەکدارەکان ڕوویداوە، هەروەها بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوەكە لەناو كوژراوەكان 10 كەس لە درووزەكان هەن کە منداڵی تێدایە.

پوستێن ھەمان بەش