بڕیارە کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی بە نوێنەرایەتی زۆربەی لایەنەکانی تورکیا بۆ پێڤاژۆی ئاشتی دابمەزرێت.
ڕۆژنامەیەکی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەو کۆمسیۆنەی کە پێشبینی دەکرێت لە پەرلەمان بۆ “پرۆسەی نوێی ئاشتی” دابمەزرێت، دەستووری بنەڕەتی ناگۆڕێت و ئامانجە سەرەکییەکەی تەنها ئامادەکردنی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی “پرۆسەی نوێی ئاشتی” دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانییە بۆ ئەوەی کە چاکسازیی یاسایی بکات و پرۆسەکە بەرەو پێش ببات. هەرچەندە ئەم هەنگاوە وەک هیوایەک بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان سەیر دەکرێت، بەڵام ڕۆژنامەی “حوڕییەت”ی نزیک لە دەسەڵات، ئامانجەکانی ئەم کۆمیسیۆنەی بە شێوەیەکی دیکە ئاشکرا کردووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەرکی سەرەکی ئەو کۆمسیۆنە هەموارکردنەوەی دەستوور نییە، بەتایبەتی چوار ماددەی یەکەمی دەستووری تورکیا کە بەشێک لە داواکارییەکانی کورد پێکدەهێنن. ڕۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆمسیۆنەکە تەنیا کار بۆ ئامادەکردنی بنەمایەکی یاسایی بۆ هەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکە دەکات.
چاکسازی یاسایی، بەڵام بە بێ لێبووردنی گشتی
ڕۆژنامەی “حوڕییەت” چەند وردەکارییەکی سەبارەت بە ناوەڕۆک و کاری کۆمسیۆنەکە بڵاو کردەوە:
کارەکانی کۆمسیۆن: بڕیارە کۆمسیۆن لە پشووی هاویندا دەست بە کارەکانی بکات و تا جووتمانگ کە جارێکی دیکە پەرلەمان دەکرێتەوە، لە ئامادەکارییەکانی بەردەوام دەبێت. چاکسازی یاسایی لە جووتمانگدا دەست پێدەکات.
گۆڕانکاری یاسایی: بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، پێشبینی دەکرێت هەندێک گۆڕانکاری لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزادان بکرێت. زیاتر لە 5 هەزار ئەندامی پەکەکە لە زینداندان و هەر گۆڕانکارییەکی یاسایی کاریگەری لەسەر ئەوان دادەنێت.
دۆخی زیندانییەکان: باس لەوە کرا کە بەشێک لە زیندانییەکان حوکمەکانیان تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی ئەندامەتییان لە پەکەکە ئازادکردنیان دواخراوە. لەگەڵ چاکسازییە یاساییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئەو کەسانەی سزاکەیان تەواو کردووە، ئازاد بکرێن. بەڵام جەخت لەوە کراوەتەوە کە هیچ لێخۆشبوونێکی گشتی لە پرۆسەکەدا جێگیر ناکرێت.
دەستوور ناگۆڕدرێت: هەمان سەرچاوە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن کۆمسیۆنەکە گۆڕانکاری لە دەستووری بنەڕەتیی تورکیادا دەکات و ڕایگەیاندووە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە چوار مادەی یەکەمی دەستوور و مادەی 66 سەبارەت بە پێناسەی “تورکبوون”دا ناکرێ.
ئەم نیقاشە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو 11ی تەمووزی 2025، گرووپێکی پەکەکە پێکهتوو لە 30 گەریلای ئەو حیزبە، لە مەراسیمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان، چەکەکانیان دانا و سووتاندیان. ئەوان داوایان کردبوو کە لە ڕێگەی یاساوە زەمینەیان بۆ ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە خەباتی چەکدارییەوە دەربازی خەباتی یاسایی ببن.
پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی بە نوێنەرایەتی زۆربەی لایەنەکان بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێت.