لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، نەوتی کەرکووک و چەند کێڵگەیەکی دیکەی نەوتیی عێراق هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت.
بە فەرمانی سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای نزیکەی 52 ساڵ، ساڵی داهاتوو ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان ئەنقەرە ـ بەغدا کۆتایی دێت.
بە گوێرەی فەرمانێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە ڕۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە؛ ساڵی داهاتوو (27ـی تەممووزی 2026)، ڕێککەوتنی نەوتی 52 ساڵەی نێوان هەردوو حکوومەتی تورکیا و عێراق کۆتایی دێت و نوێ ناکرێتەوە.
ڕێککەوتنەکە بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 1973 لە نێوان تورکیا و عێراق واژوو کراوە و چەند جارێک نوێکراوەتەوە، دوایین جار لە ساڵی 2010 بوو کاتێک بۆ ماوەی 15 ساڵ نوێکراوەتەوە. ئەگەر ئەمساڵ ڕێککەوتنەکە نوێنەکرێتەوە، ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت و عێراق و هەرێمی کوردستانیش ناتوانن هیچ بڕە نەوتێک لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە بکەن.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، نەوتی کەرکووک و چەند کێڵگەیەکی دیکەی نەوتیی عێراق هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت.
خاوەنی بەشی تورکیای هێڵە بۆرییەکە و هەروەها ئەو لایەنەی کار بە بەشەکەی تورکیای هێڵە بۆرییەکە دەکات، کۆمپانیای “بۆتاش”ـی گواستنەوەی نەوتە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئاداری ساڵی 2023ـەوە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لەسەر تورکیا، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیراوە. هەرچەندە چەند جارێک بەرپرسانی تورکیا و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو ڕووەوە نییە.
بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەکە، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و جەختیش لەوە دەکەنەوە، هیچ لایەنێک لەو بڕیارە سوودمەند نەبووە.