ژن لەناو پەکەکەدا

ژن لەناو پەکەکەدا

رەنگە سەیرترین شت کە من لەناو پەکەکەدا بینیبێتم ئەوە بوو کە ژنانی ئەوکاتی ناو پەکەکە سەرپۆشیان هەبوو.

جاری یەکەم نیە کە لەسەر مژاری “ژن لەناو پەکەکە”دا وتار و کتێب دەنووسرێت و بڵاو دەکرێتەوە. زۆر شتی ئەرێنی و نەرێنی دەربارەی چالاکیە فیکریەکانی ئەو حیزبە لەپەیوەندیی لەگەڵ ژناندا باس کراوە. بەڵام هیچکامیان نەیانتوانیوە واقعییەتەکانی رەوشی ژنان لەناو پارتی کرێکاراندا وەکوو پێویست پیشان بدەن.

“دارکا مازی” لە سەرەتای دەست بەکار بوونیەوە، بابەتی زۆری لەسەر “کچان و ژنان لەناو پەکەکەدا” بڵاو کردۆتەوە. بەکارهێنانی ژن وەکوو ئامرازێیک لە راستای بەرژەوەندییە حیزبیەکانی پەکەکە، دەستدرێژیی بەڕێوەبەران و کادرەکانی پەکەکە بۆ سەر ژنەگریلاکان، دووگیان بوونی ژنان لە چیا و هەروەها کوشتن و تەسفیەکردنیان و زۆر بابەتی دیکەمان لەسەر ژنان لەناو پەکەکەدا نووسیوە کە دەتوانن لە ئەرشیڤی “دارکا مازی”دا بیانخوێننەوە.

“ژن لەناو پەکەکەدا” ناونیشانی کتێبێکە کەوا “نەژدەت بوڵدان” بە زمانی تورکی نووسیویەتی و لەلایەن هۆشەنگەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. کتێبی “ژن لەناو پەکەکەدا” لە ساڵی 2022دا بڵاو کراوەتەوە.

لە کتیبەکەدا بەسەرهاتی راستەقینەی 10 ژن ئاشکرا کراوە کەوا لە پەکەکە جودا بوونەتەوە. ئێمە لە زنجیرە نووسینێکدا بە کورتی ئەو بەسەرهاتانە بۆ خوێنەرانی بەڕێزی “دارکا مازی” دەگێڕینەوە.

پەکەکە ژن لەراستای بەرژەوەندیی حیزبیانەی خۆیدا بەکار دەهێنێت

یەکێک لە ژنەکانی پەکەکە بە کۆدناوی “نەوال”، کە ئەویش وەکوو هەزاران کچ و ژنی کورد بەهۆی عیشق بە کوردستانەوە لە تەمەنی 18 ساڵیدا تێکەڵ بە پەکەکە بووە، بەسەرهاتی خۆی گێڕاوەتەوە.

نەوال لە ساڵی 1992دا کاتێک کە خوێندکاری زانکۆی “یوزونجی یل”ی وان بوو، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیەکانیدا لە “وان”ـەوە دەڕۆنە “بایەزید” و لەوێیەوە خۆیان دەگەیەننە چیای ئاگری. نەوال دەڵێت: “ئێمە لە شاخدا هەڤاڵانی پەکەکەمان بینی”.

هەر لە یەکەم رۆژدا ئێمە تووشی شۆکێکی گەورە بووین

نەوال دەڵێت بۆ ماوەیەک لە شاخ ماینەوە و دواتر رۆیشتینە رۆژهەڵاتی کوردستان. بێشک پەڕینەوە لە سینوور کارێکی ئاسان نەبوو، دژواری و زەحمەتی خۆی هەبوو. بەڵام هەر لە رۆژی یەکەم گەیشتینە ئەوێ و کاتیک کە هەڤالەکان پێشوازییان لێکردین، تووشی شۆکێکی گەورە هاتین.

نەوال بەمشێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات: “بە گەیشتمان، من شتێکی زۆر سەیر و سەرنجڕاکێشم بینی، رەنگە سەیرترین شت بووبێت کە من لەناو پەکەکەدا بینیبێتم ئەوە بوو کە ژنانی ئەوکاتی ناو پەکەکە سەرپۆشیان هەبوو.

نەوال دەڵێت: “بەرپرسێکی ژن لەو کاتەدا هێندێکی جلوبەرگی بە ئێمە دا و پێی گوتین دەبێ ئەو سەرپۆشە لەسەرتان بکەن. من هەوڵمدا لەوە تێبگەم کە بۆچی وا دەکەن. من بۆم بوو بە پرسیار ئەرێ بەڕاستی من بۆ رزگار کردنی کوردستان رووم لە چیا کردووە یان لەبەر سەرپۆش؟!

نەوال باس لەوە دەکات: ئەو کچانەی کە لە بایەزیدەوە هاتبوون، سەرەتا قبووڵیان نەدەکرد کە سەرپۆش لەسە بکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئێمە خویندکاری زانکۆ بووین بۆمان کیشە نەبوو کە سەرپۆش لەسەر بکەین. دەتوانم بڵێم کە من بۆ یەکەمجار لەناو پەکەکەدا سەرپۆشم لەسەر کرد.

نەوال چیرۆکی یەکەم رۆژی خۆی لەناو پەکەکدا بەمشێوەیە گێڕاوەتەوە و دەڵێت لە یەکەم رۆژدا ئێمە نەرمیمان نیشاندا و هەر لە سەرەتاوە، شۆڕشی بەنرخ و پڕ بەهای خۆمان ون کرد و بەوهۆیەوە زۆرکەس لە شۆڕش دابڕان، چوونکە ئاریشەی ئێمە زۆر جیاواز بوو لەو شتەی کە ئێمە رۆژی یەکەم لەناو پەکەکەدا بینیمان.

پوستێن ھەمان بەش