تورکیا رەجەب ئەردۆغانی وەکوو 13ـەهەمین سەرۆککۆمار هەڵبژارد

تورکیا رەجەب ئەردۆغانی وەکوو 13ـەهەمین سەرۆککۆمار هەڵبژارد

ئەحمەد یەنەر: ئەردۆغان 52.14٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا 47.86٪ی دەنگەکان بۆ کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ بووە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانی تورکیا، رایگەیاند، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەردۆغان توانی زیاتر لە 27 ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتەوە بە سەرۆک کۆماری تورکیا.

شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە 28 لەسەر 29ی ئایاری 2023، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، لەناوخۆی وڵاتدا زیاتر لە 190 هەزار سندوق کراوەتەوە و لە دەرەوەی وڵاتیش بەڕێژەی %99.2 سندوقەکان کراونەتەوە و بەپێی ئەنجامەکان لە ناوخۆی وڵات ئەردۆغان %51ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا 47٪ی دەنگەکان بۆ کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ بووە.

هەروەها راشیگەیاند، ئەردۆغان لە دەرەوەی وڵات %59.8  دەنگەکانیان بەدەستهێناوە و کڵچدار ئۆغڵۆش زیاتر  %40 دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کۆی گشتی ئەردۆغان %52.14 دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کڵچدار ئۆغڵۆ %47.86  دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

ئەحمەد یەنەر، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان توانی  زیاتر لە 27 ملیۆن دەنگ بەدەستنهێنێت، لە بەرامبەردا کڵچدار ئۆغڵۆ زیاتر لە 25 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، جیاوازی دەنگەکانی نێوان هەردوو کاندیدەکە دوو ملیۆن و 254 هەزار دەنگە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانی تورکیا، باسی لەوەش کرد، زیاتر لە 800 هەزار دەنگ هێشتا لە سیستم هەژمار نەکراوە، ئەگەر ئەو دەنگانە بۆ هەر کاندیدێک هەژماربکرێت ئەنجامەکە ناگۆڕدرێت، بەڵکو رەجەب تەیب ئەردۆغان بە دووبارە سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە.

رۆژی یەکشەممە 28/5/2023، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو، میدیا تورکییەکان بڵاویان کردەوە کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتۆتە 84%.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار رێژەی 52.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت رێژەی 47.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

لەبارەی ژمارەی دەنگەکانیش، لە گەڕی دووەمدا، ئەردۆغان تا رێژەی جیاکردنەوەی 99.9%ـی دەنگەکان، 27 ملیۆن و 725 هەزار و 131 دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها کڵچدارئۆغڵو، 25 ملیۆن و 432 هەزار و 951 دەنگی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە، سیستەمی تورکیا سەرۆکایەتییە و سەرۆکی هەڵبژێدراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی تورکیا دەکات.

دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.

پوستێن ھەمان بەش