محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ 8

محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟

ئۆجەلان: “ئەوەی ئایەتەکانی من دەقاودەق دووبارە نەکاتەوە و جێبەجێی نەکات، بێگومان گوێی لە دوژمن گرتووە و نێردراوی ئەوانە بۆ ناو پەکەکە”.

محەممەد سەلیم چوروککایا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە. چوروککایا رۆژنامەنووس، سیاسەتوان و نووسەرە و لەسەر نیشتمانپەروەری و هزری کوردایەتی، ماوەی 11 ساڵ لە زیندانە جیاجیاکانی تورکیە لە دۆخێکی هەرە دژواردا بەرگریی کرد و قەد تەسلیم نەبوو. کاتێک کە لە زیندان ئازاد بوو روو دەکاتە چیا و پەیوەندیی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەکات. کاتێک کە لە زیندان ئازاد کرا و گەڕایەوە ناو پەکەکە، بینی کە لەناو پەکەکەدا زۆر شت بوونەتە یاسا و ئەمیش ناڕازی بوو. بەڵام نەیدەتوانی ناڕەزایەتیی خۆی بە ئاشکرا دەرببڕێت. چوونکە ئاشکرا کردنی ناڕەزایەتیەکانی بە واتای دژایەتی کردنی ئۆجەلان دەهات و بێگومان ئەوەش دەرئەنجامەکەی بۆ چوروککایا دەبووە ئەوە کە تۆمەتی خیانەتکار بوونی دەدرایە پاڵ و دواتریش تەسفیە دەکرا. بەو هۆیەوە چوروککایا بڕیاری هەڵاتنی لە پەکەکە دا و وازی لەو حیزبە هێنا و بە نووسینی کتێبێک لەژێر ناوی “ئایەتەکانی ئاپۆ”، هەوڵیدا راستییەکانی ئۆجەلان و پەکەکە بۆ گەلی کوردستان و جیهان ئاشکرا بکات.

لەو کتێبەدا دەردەکەوێت کە پاش ئەوەی لە پەکەکە هەڵدێت، بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بگەیەنێت بە ئورووپا تووشی زۆر تەنگ و چەڵەمە دەبێتەوە، لە لوبنان بە بێ پارە و پاسپۆرت ناچار دەبێت لە شەقام و کۆڵانەکانی بەیرووتدا بمێنێتەوە. زۆرجاران لە خەیاڵی خۆیدا، کۆمەڵێک پرسیاری گرینگ دەخوڵقینێت کە مرۆڤ پێیوایە ئەگەر بەڕاستی لەلایەن پەکەکەوە بگیرابایە، عەبدولڵا ئۆجەلان هەمان ئەو پرسیارانەی لێی دەپرسی. ئێمە هەوڵ دەدەین لە چەند نووسینێکدا باسی هێندێ لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی چوروککایا لە پەکەکە و هەڵوێست و بریارەکانی ئۆجەلان بکەیەن کە نووسەر لە کتێبی “ئایەتەکانی ئاپۆ”دا ئاماژەی پێداون.

بۆچی ئۆجەلان ڕێگا بە کادیرەکانی پەکەکە نادات بیر بکەنەوە؟

بەپێی نووسراوەکەی محەممەد سەلیم چروککایا، ئۆجەلان لەوبارەوە بەمشێوەیە بیر دەکاتەوە و دەڵێت: “کاتێک پیاو هەستا بەبیرکردنەوە، زۆر مەترسیدار دەبێت. خۆشی دەرکی بەوە نەکردووە کە چی دەکات. بەگرتنەبەری ئەم هەڵویستە خۆی دەهێنێتە ڕیزی منەوە، یانخود منی بۆ ئاستی خۆی نزم کردۆتەوە. زۆر جیاوازیی نییە، هەردووکی هەمان شتە، بەڵام ئەوە تاوانێکی گەورەیە! بۆ ئەوە ئایەت دادەبەزێنمە سەر بەندەکانم کە دادگا دابمەرزێت و کەسی تاوانبار دادگایی بکەن. داوکاری گشتیی هەمان کات داوانامەی تۆمەتبار کردن ئامادە دەکات. بێگومان داوانامەی تۆمەتبار کردنی ئێمە بەپێی شێوازی پەکەکە، واتا بەشێوازی من ئامادە دەکرێت”.

“کاتێک کاری تاوانبار کردن تەواو بوو، هەموو قوتابیانی ئاکادیمیا لە هۆڵەکەدا کۆ دەبنەوە. دەستەی دادوەری لە شوێنی دیاریکراو دادەنیشێت. سووکەکە بانگ دەکرێت و داواکاری گشتی دەست بە خوێندنەوەی داوانامەکە دەکات. زۆربەی کاتەکە داوانامەکان لەیەکتر دەچن، هەمان شێوازن. ئەو تاوانانەی کەسەکانیش ئەنجامیان داوە، هەمان تاوانن. بیرکردنەوە بەدەر لەبیرۆکەکانی من، دووبارە نەکردنەوەی ئایەتەکانم وەکووخۆی، ئایەتەکانم نەکردنە بابەتی گفتوگۆ، بینینی من وەکوو مرۆڤێک، ئاخاوتن بەشێوازی خۆیان، بێگومان ئەوانە تاوانی گەورەن. ئەوەی ئایەتەکانی من وەکوو ئەوەی هەیە دووبارەی نەکاتەوە و جێبەجێی نەکات، بێ هیچ شک و گومانێک گوێی لە دوژمن گرتووە و نێردراوی ئەوانە بۆ ناو حیزب. سیخوڕی کارا یانخود کارلێکراو زۆر جیاوازیی نییە، ئەوەی ئەو دەستەواژانە بەکار نەهێنێت و دووپاتیان نەکاتەوە کە من بەکاریان دەهێنم، ئەو کەسە شێوازی خۆی بەکار دەهێنێت. بەکارهێنانی شێوازی خۆت لەناو پارتی تاوانە، چوونکە لەناو پارتیدا تەنها من بۆم هەیە بەشێوازی خۆیم قسە بکەم. قسەکردن بەشێوازی خۆم بۆ من جیگای مەزنایەتییە، بەڵام ئەگەر کەسێکی دیکە بە شێوازی خۆی قسە بکات، تاوانە. ئەوە یاسای پارتیە. ئەو یاسایەم بەخۆڕایی داناوە؟ جگە لە من ئەوەی بەشێوازی خۆی قسە بکات: چاوی بڕیوەتە ڕابەرایەتی، یانخود جۆرێکی دیکەیە لە ڕێبەرایەتی کە سەر ناگرێت. ئەوەشیان کۆتاییەکەی بوونە سیخوڕی کەماڵیزم یان ئیمپریالیزمە. کاتێک شێوازی ڕابەرایەتی هەبێت، شوێن نیە بۆ شێوازی بۆرژوازی و دوژمن. ئەی وانییە؟ شێوازی ڕابەرایەتی ڕوون و ئاشکرایە و ئەنجام بەخشە”.

پوستێن ھەمان بەش