Skip to content
ڕێباز…

ڕێباز، ڕێگەی پاراستنی گەلە بە گەشەپێدانی دیموکراسیەت و ئاوەدانی وڵاتەوە. نەتەوەی بێ رێباز، وەکوو سەربازی بێ چەک وایە.
بووبێ ئەسەر
من پێشتر لە نووسینێکی دیکەدا سەبارەت بە ڕێباز یانخود فەلسەفە، باسم لەوە کردبوو کە ئیدی دەبێ ئێمە فەلسەفەی خۆمان وەکوو رێباز ناو ببەین بۆ ئەوەی زیاتر، باشتر و خوەشتر لێی تێبگەین. بەڵام ئەمجارەش دیسان ڕاوەستەیەکی کورت لەسەر رێباز دەکەم، چوونکە ڕێباز چارەنووسی میللەتێک، مانەوەی گەلێک و ئاوەدانیی وڵاتێک دیاری دەکات. هەربۆیە پێویستە ئێمەی کوردیش لەسەر خاکی ئازادی خۆمان، بەشێوەیەکی ئاسان و بە کراوەیی فێری ئەو رێبازەی خۆمان ببین و فێری منداڵان و لاوان و جیلەکانی داهاتووشمانی بکەین.
هۆکاری ئەوەی کە ئێمە دەبێ ڕاوەستە لەسەر رێباز بکەین ئەوەیە کە هیچ میللەتێک ناتوانێ بە بێ هەبوونی ڕێباز، وەکوو میللەت بژیت. بۆ ئەوەی ئێمەش وەکوو میللەتێک بین، پێویستە ریبازی خۆمان هەبێت. دیارە کە ئیمە ئەو رێبازەشمان هەیە و ئەویش رێبازی بارزانیی نەمرە. پێویستە ئێمەی کورد بەباشی فێری ئەو رێبازە ببین و لێی تێبگەین. هەتا کاتێک کە ڕێباز لەناو گەلدا زیندوو نەبێ، هەتا ئەوکاتەی کە ڕێباز لە قوتابخانەکاندا نەخوێندرێ، هەتا ئەوکاتەی کە مرۆڤی کورد نەبن بە پێڕەوی ئەو ڕێبازە، ئەوا مرۆڤ بەرە بەرە لە توانا و شایستەییەکانی میللەتەکەی خۆی دوور دەکەوێتەوە.
ئەگەر ئێمە لە جیهان و لەو میللەتانەی کە وەکوو دەوڵەت دەژین، ورد بینەوە، دەبینین کە هەموو میللەتێک خاوەن خۆی و ڕێبازێکە. هەربۆیە دەوڵەتیش بۆخۆی لەسەر بنەمای ڕێبازەکەی دوێنێی خۆیەتی. خۆی لەسەر بنەمای دوێنێ نۆژەن دەکاتەوە و دامودەزگاکانی خۆیشی لەسەر ئەو بنەمایە سەرلەنوێ دادەمەرزێنێتەوە. هێزی سەربازیی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە ڕێکدەخات. زانکۆکانی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە دەکاتەوە، لە قوتابخانەکانیدا بەپێی ئەو ڕێبازە کاری پەروەردەیی خۆی ئەنجام دەدات. لەبەر ئەوەی کە ڕێباز، ڕۆحییاتی نەتەوەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت. ڕێباز ئینسانەکان بەپێی هزری نەتەوەیی بوون پەروەردە دەکات. هەربۆیە کە هەر مرۆڤێک بەپێی ئەو بارودۆخە پەروەردە بکرێت، ئەو مرۆڤە دەتوانێ بە ئاسانی و بە بێ ترس وڵاتەکەی خۆی لەهەمبەر هەموو مەترسییەک بپارێزێت. لەبەر ئەوەی کە ڕێباز، دەستوورە، بەرنامە و یاسایە.
لەبەر ئەو هۆکارانەیە کە دەبێ ئێمەی کوردیش لە وڵاتی ئازادی خۆماندا، بەر لەهەر شتێک، ڕێبازی خۆمان پێشبخەین و گەشەی پێبدەین. پێویستە ئەرکی بەڕێوەبەرانی ئێمە لە باشوور و بەتایبەتی پەدەکە و بارزانیەکان ئەوە بێت کە گەلەکەمان بەوە گەورە بکەن و تاکەکانی لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە بکەن.
نابێ لەبیرمان بچێت کە ڕێباز، ڕێگەی پاراستنی گەلە بە گەشەپێدانی دیموکراسیەت و ئاوەدانی وڵاتەوە. میللەتێکی بێ ڕێباز، یانخود ئەوەی کە ڕێبازی خۆی نەزانێت، وەکوو مارێک کە بە دار لەسەری درابێت هەمیشە گێژ وسڕ دەبێت و ناتوانێ بە دروستی و بە ئاسانی ڕێگاکەی خۆی بدۆزێتەوە. میللەتێکی بێ رێباز، وەکوو سەربازێکی بێ چەک وایە، نەتەوەی بێ ڕێباز وەکوو دارێکی بێ بەرە.
جگە لەو هۆکارانەی کە من ڕیزم کردن، زۆر هۆکاری دیکەش هەن لەسەر ئەوەی کە دەبێ مرۆڤ ڕێبازی خۆی بپارێزێت. دیارە من هۆکارە بنەڕەتیەکانم باس کردوون و با بەڕێوەبەرانی کورد لە باشووری کوردستان کە ئەمڕۆکە ئیمکانیات و دەرفەتێکی باشیان لەبەردەستدایە، ڕاوەستەیان لەسەر بکەن و بە زووترین کات دەست بە بووژاندنەوەی ئەو ڕێبازە پیرۆزە بکەن کە توانیویەتی بەشێک لە نیشتمانەکەمان لەچنگ ستەمکاران ڕزگار بکات و کردوومانی بەخاوەن وڵاتێکی ئازاد.
با ئەو ڕێبازە وەکوو ئەوەی کە بارزانیی نەمر دایناوە، سەرلەنوێ بنووسرێتەوە. با ئەو ڕێبازە لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێن. با ئەو ڕێبازە ببێتە یەکێک لە ماددە پەروەردەییەکانی هێزی پێشمەرگە. با ئەو ڕێبازە بکەوێتە ناو بەرنامەی پەدەکە و لەسەرجەم چالاکییە پەروەردەییەکانیدا بخوێندرێت، و فێری خەڵکی بکرێت و سەرلەنوێ ببوژێتەوە. ئەو کارە بەر لەهەر کەسێک ئەرکی پەدەکە و پیڕەوانی ئەو حیزبەیە و پێویستە دەستپێبکەن.
هەتا کاتێک ئەو رێبازە لەناو خەڵکدا و لە مێشک و هزری مرۆڤەکاندا ولە ڕۆحییاتی تاکەکاندا نەچەسپێت، ئەوا وڵاتی ئازادی ئێمە بەردەوام لەمەترسیدا دەبێت. پێویستە بەڕێوەبەرانی ئێمە وبەتایبەتی پەدەکە هەر لە ئەمڕۆوە دەست بەو کارە بکەن بۆ ئەوەی پارچەکانی دیکەش بیزانن. بەپێی ئەو ئیمکانیاتەی کە ئەمڕۆکە هەیانە واتە لە ڕیگای تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە، گۆڤار و ڕادیۆوە بیناسێنن.
دیارە نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە جێخستنی ئەو رێبازە، بڵاوکردنەوە وسەرلەنوی بووژاندنەوەی، دەبێتە هۆی ئەوە کە ئیدی ئێمەش وەکوو میللەتێک بە بێ کەموکووڕی بژین. هیچ میللەتێک نیە کە بە بێ ڕێباز بژیت. مادام کە ئێمەش میللەتێکین لە میللەتانی جیهان، پێویستە خاوەندارێتی لەو رێبازە پیرۆزە بکەین و ئەوەش بزانین کە خاوەندارێتی لێکردنی بەواتای خودی پاراستنی وڵات و گەشەپێدانی دیموکراسییە…