محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ 9

محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ

ئۆجەلان: “ئارمانجی دادگاکانمان ئەوەیە کە کەسەکان بهێنێتە سەر ڕێگای ڕاستی من، ئامانجی زیندانیکردن و کوشتنەکانیش هەر ئەوەیە”.

محەممەد سەلیم چوروککایا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە. چوروککایا رۆژنامەنووس، سیاسەتوان و نووسەرە و لەسەر نیشتمانپەروەری و هزری کوردایەتی، ماوەی 11 ساڵ لە زیندانە جیاجیاکانی تورکیە لە دۆخێکی هەرە دژواردا بەرگریی کرد و قەد تەسلیم نەبوو. کاتێک کە لە زیندان ئازاد بوو روو دەکاتە چیا و پەیوەندیی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەکات. کاتێک کە لە زیندان ئازاد کرا و گەڕایەوە ناو پەکەکە، بینی کە لەناو پەکەکەدا زۆر شت بوونەتە یاسا و ئەمیش ناڕازی بوو. بەڵام نەیدەتوانی ناڕەزایەتیی خۆی بە ئاشکرا دەرببڕێت. چوونکە ئاشکرا کردنی ناڕەزایەتیەکانی بە واتای دژایەتی کردنی ئۆجەلان دەهات و بێگومان ئەوەش دەرئەنجامەکەی بۆ چوروککایا دەبووە ئەوە کە تۆمەتی خیانەتکار بوونی دەدرایە پاڵ و دواتریش تەسفیە دەکرا. بەو هۆیەوە چوروککایا بڕیاری هەڵاتنی لە پەکەکە دا و وازی لەو حیزبە هێنا و بە نووسینی کتێبێک لەژێر ناوی “ئایەتەکانی ئاپۆ”، هەوڵیدا راستییەکانی ئۆجەلان و پەکەکە بۆ گەلی کوردستان و جیهان ئاشکرا بکات.

لەو کتێبەدا دەردەکەوێت کە پاش ئەوەی لە پەکەکە هەڵدێت، بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بگەیەنێت بە ئورووپا تووشی زۆر تەنگ و چەڵەمە دەبێتەوە، لە لوبنان بە بێ پارە و پاسپۆرت ناچار دەبێت لە شەقام و کۆڵانەکانی بەیرووتدا بمێنێتەوە. زۆرجاران لە خەیاڵی خۆیدا، کۆمەڵێک پرسیاری گرینگ دەخوڵقینێت کە مرۆڤ پێیوایە ئەگەر بەڕاستی لەلایەن پەکەکەوە بگیرابایە، عەبدولڵا ئۆجەلان هەمان ئەو پرسیارانەی لێی دەپرسی. ئێمە هەوڵ دەدەین لە چەند نووسینێکدا باسی هێندێ لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی چوروککایا لە پەکەکە و هەڵوێست و بریارەکانی ئۆجەلان بکەیەن کە نووسەر لە کتێبی “ئایەتەکانی ئاپۆ”دا ئاماژەی پێداون.

بەپێی گێڕانەوەی محەممەد سەلیم چوروککایا، ئۆجەلان بەمشێوەیە لە دادگای پەکەکە دەڕوانێت:

“لای ئێمە کەس ناتوانێ لە بەردەم دادگادا بەرگریی لە خۆی بکات، مافی پارێزگاری لەخۆکردن لە داگا بۆرژوازییەکاندا هەیە. دادگاکانی ئێمە دادگای گەلن، ئەو دادگا بەرز و سەربەخۆیانەن کە نوێنەرایەتی من دەکەن. واتە لە دادگای گەل کە نوێنەرایەتی ڕێبەرایەتی پارتی دەکەن ئایا ڕێگا دەدرێت کەس پارێزگاریی لە خۆی بکات؟ نەخێر! من بەوجۆرە سووک و بێ ئەرزش نەبووم، لەکە ناخەمە سەر یادەوەریی ئێوە شەهیدە ئازیزەکان. بێگومان بە روانگە مافی ئاخاوتن دەدرێت بە تاوانبار یان خود بێ قیمەتەکە، بەڵام هیچ ئەندامێک کە تا ئەمڕۆکە دادگاییم کردبێت بە بێ جیاوازیی ئەو وتانەی گوتووە: (شتێکی دیکەم نیە کە بیڵێم، لە سەرووی هەمووانەوە بە ڕابەرایەتی پارتی، بەرگریکارانی شاخ و زیندان، پەیمان دەدەم کە چاک دەبمەوە.) ئایا من بەو ئەندامە دەڵێم وابڵێت؟ نەخێر. بەڵام سەیری دۆسیەی دادگایی هەزاران کەس دەکەم، هەمان وشەکانن. هەموویان ستایشی من دەکەن، واتە ئەوە شێوازێکی ڕابەرایەتییە، لەڕاستیدا هەردەم دەڵێم: واز لە ستایش کردنی من بهێنن، شتێک بەرهەم بهێنن با کەمێک خەڵک ستایشتان بکات. بەڵام ناتوانن بیکەن، لەدەستیان نایەت، زۆر ساویلکەن”.

“ئارمانجی دادگاکانمان ئەوەیە کە کەسەکان بهێنێتە سەر ڕێگای ڕاستی من، ئامانجی کوشتنەکانیش هەر ئەوەیە، دواتر ئامانج لە زیندانیکردنەکانیش هەر ئەوەیە. ئەشکەنجەدان و نازانم چی و چی دیکەش هەموویان هەر ئەوە ئامانجیانە، ئاوا دێنە سەر ڕێ، ئەوەی دەیڵێم بە بێ قەید و شەرت پشتڕاستی دەکەنەوە، من چۆن بیربکەمەوە ئەوانیش وا بیر دەکەنەوە و ئەو وشانەی کە من بەکاریان دەهێنم، دووبارەی دەکەنەوە. خۆیان واز لە بیرکردنەوە و دۆزینەوەی بیرۆکە دەهێنن، ئەو بیرۆکانەی کە من بە ئامادەکراوی دەیخەمە بەردەمیان، ئەوان لایەنگریی لێدەکەن. هەموویان لەیەک دەچن، لەسەریان بدە، نانیان لەدەست دەربهێنە، زۆر بەستەزمانن، مەڕی قوربانین لەبەرامبەر سوپای تورکیادا، چوونکە مەڕ ناتوانن بیر بکەنەوە.هەردەم پێیان دەڵێم: ئێوە مەڕی قوربانین، دەڵێن: بەڵێ سەرۆک”.

“زۆر بێهێزن، چوونکە من هێزی ئەوانم برد. ناتوانن هیچ قسە بکەن، چوونکە هەردەم من قسە دەکەم. زۆر بچووک و بێ کەسایەتی و سووکن، چوونکە من زۆر شایستە و ئاست بەرزم. هیچ ناتوانن بیر بکەنەوە، چوونکە بەس تەنها من بیر دەکەمەوە، هیچ داهێنانێکیان نیە، چوونکە داهێنەر منم، هیچکامیکیان ناتوانێ تیئۆرییەک دابڕێژێت، چوونکە من دایاندەڕێژم. ناتوانن دوو وشە بخەنە سەریەک، فەرماندە هەرە لێهاتووەکانیشیان لەبەرانبەر مندا تەنها دەڵین ڕابەرایەتیی ڕاست دەڵێت، ڕاستە، بەڵی سەرۆک، وایە سەرۆک، تەواوە سەرۆک و لەوانە زیاتە وشەیەک ناڵێن. ئایا من دەڵێم قسە مەکەن؟ نەخێر! من پیاوێکی بێدەنگ کار نیم، من وادەکەم قسە بکەن، کێیە وادەکات ملیۆنەها کەس قسە بکات؟ کاتیک وا دەڵیم کەری کوڕی کەرەکان یەکسەر باوەڕ بە دیموکراتیک بوونم دەکەن. خۆی لە خۆیدا ڕاستیی کارەکە وا نیە. ئەوانەی ڕامکێشاونەتە سەر ڕێچکەی ڕابەرایەتی، یانی ئەوانەی بە خستنەژێرکۆنترۆڵمەوە بەکۆیلەم کردوون، ناتوانن بیر بکەنەوە، تەنها ئایەتەکانی من دووبارە دەکەنەوە. لەوە بەدەر ناتوانێ بیرۆکە دابڕێژێت، وشە بدرکێنێت، پیاوەکانم هێناوەتە ئەو دۆخە. بێگومان پێم قبووڵ کردوون کە بیرکردنەوەی من، بیرکردنەوەی پارتیەکەیە، ئایەتەکانم واتە ڕوانینی پارتی، کۆیلەکان ناتوانن بیرۆکەی پارتی فڕێ بدەنە لایەک و ڕای خۆیان دەرببڕن، بیرۆکەکانی پارتی، بیرۆکەکانی منن.”

پوستێن ھەمان بەش