لەماوی 40 ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژئاوای کوردستان و حەلەبدا، 6 منداڵی ژێر 18 ساڵ، لەلایەن هەسەدەوە ڕفێندراون.
کەسوکاری ئەو منداڵانەی کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)وە ڕفێندراون داوای گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن. نوورەدین خاشۆ کە یەکێک لە کەسوکاری مندالە ڕفێندراوەکانە بە پەیەدە و هەسەدە دەڵێت: ڕێز لە یاساکانی خۆتان بگرن و منداڵەکانمان ئازاد بکەن.
لە ڕێکەوتی 17ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە شاری قامیشلووی ڕۆژئاوای کوردستاندا، گەریلاکانی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) کە لقێکی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)یە، 2 منداڵیان پێکەوە ڕفاندووە بۆ ئەوەی بەزۆر چەکداریان بکەن.
بەپێی زانیاریەکان، هەریەک لە “میراڤ عەدنان خاشۆ” تەمەن 15 ساڵ و “سیمێل زێدان ئیسماعیل” تەمەن 14 ساڵان، کاتێک کە لە ماڵی باپیری خۆیان هاتوونەتە دەرەوە، لەلایەن گەریلاکانی یەپەژەوە ڕفێندراون و بە مەبەستی چەکدار کردنیان ڕەوانەی کەمپە سەربازیەکانی سەر بە پەکەکە کراون.
“نوورەدین خاشۆ” کە مامی “میراڤ”ـە و هاوکات خاڵی “سیمێل”یشە لەسەر ئەکاونتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕایگەیاندووە لەو کاتەوە کە برازا و خۆشکەزاکەم ڕفێندراون، سەردانی سەرجەم دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە بەڵام نە پەیەدە و نە هەسەدە هەتا ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە.
خاشۆ ئاشکراشی کردووە کە ڕفاندنی منداڵان بەردەوامە و هاوکات داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کەوا ڕێز لە یاساکانی خۆیان بگرن و منداڵە ڕفێندراوەکان بگەڕیننەوە بۆ لای بنەماڵەکانیان.
بەپیی ئامارەکانی بەردەستی ئێمە، لەمانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، لە ڕۆژئاوای کوردستان و حەلەبدا 6 منداڵی تەمەن ژێر 18 ساڵان، لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)وە ڕفێندراون. یەکێک لە منداڵە ڕفێندراوەکان تەمەنی 12 ساڵانە و لەم مانگەدا ڕفێندراوە. لەسەرجەم ئەو منداڵانەی کە ڕفێندراون تەنها یەک منداڵ ئازاد کراوە.
جگە لە “میراڤ عەدنان خاشۆ” تەمەن 15 ساڵ و “سیمێل زێدان ئیسماعیل” تەمەن 14 ساڵان، ئەو منداڵانەی دیکە کەوا لە مانگەکانی ئۆکتۆبەر و سەرەتای نۆڤەمبەردا ڕفێندراون، بریتین لە:
ـ سالین ئەیاد مەحموود، تەمەن 14 ساڵ خەڵکی گەڕەکی نزیک یاریگا لە شاری قامیشلۆ، لە ڕێکەوتی 7ی مانگی ئۆکتۆبەردا لەلایەن گەریلاکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکەوە ڕفێندراوە. سالین تاقانە کچی بنەماڵەکەیەتی.
ـ سۆلین ئیبراهیم تەمەن 15 ساڵ لە 14ی مانگی ئۆکتۆبەردا لە لایەن گەریلاکانی گرووپی “جوانین شۆرەشگەر”ی پەکەکەوە لە شاری قامیشلۆ ڕفێندراوە.
ـ لە ڕێکەوتی 20/10/2023شدا “عەزەددین بەکری نسان” کە بە رەچەڵەک عەرەبە و تەنها 12 ساڵی تەمەنە، لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب لەلایەن گەریلاکانی گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکەوە ڕفێندراوە.
ـ لە ڕێکەوتی 8ی نۆڤەمبەریشدا “سەبریە شیار مستۆ” تەمەن 13 ساڵان کە دانیشتووی گوندی “عومەر سمۆ” لە ناوچەی “شەرا”ی سەر بە شاری “عەفرین”ی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب بەمەبەستی سەربازیی زۆرەملێ ڕفێندرا و پاش چەند ڕۆژ لەژێر زەختی بنەماڵەکەیدا ئازادیان کرد.
مەزلووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون. بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.