لە ڕاگەیاندراوەکە هەروەها هاتووە کە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا لە ئیزمیر و ئەدەنە بەشێوەیەکی کاتی دادەخرێن.
ئەمەریکا ئەو هاووڵاتیانەی وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە لە تورکیا دەژین.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، رۆژی هەینی ئاگادارییەکی ئەمنیی ڕوو بە ئەو هاووڵاتیە ئەمریکیانە بڵاو کردەوە کە لە ولاتی تورکیادا دەژین.
هۆشدارییەکی ئەمەریکا بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لەکاتێکدایە کە پاش دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا بایکۆت کردنی بەرهەمەکانی ئیسرائیل و چەند براندێکی ئەمریکی ڕاگەیاندراوە.
شایانی باسە ژمارەیەک لەو براندانە لەلایەن بەشێک لە خەڵکی تورکیاوە پەلامار دراون.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئاگادارکردنەوەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بەو هێرش و پەلامارانە گوتوویەتی:
“ڕەنگە ئەو خۆپیشاندانانەی کە بە ئامانجی ئاشتیانە دەستپێدەکەن، بگۆڕدرێن بۆ توندوتیژی. لەبەر زیادبوونی چالاکیەکانی دژ بە ئەمەریکا، پێرسۆنێل و هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە تورکیا ئاگادار دەکرێنەوە کە لە کەمترین ئاستدا بەشدرایی لە چالاکیە گشتیەکاندا بکەن و ئەو جلوبەرگانە لەبەر نەکەن کە لۆگۆ و سیمبۆلی ئەمەریکایان پێوەیە”.
هەروەها دەشڵێت “زۆر سەرنج نەخەنە سەر نەتەوەکەی خۆیان و سەردانی کۆنسولخانەی ئەدەنە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا نەکەن”.
لە ڕاگەیاندراوەکە هەروەها هاتووە کە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا لە ئیزمیر و ئەدەنە بەشێوەیەکی کاتی دادەخرێن.