ئەمەریکا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبیدا سەپاندووە.
سەرچاوەیەکی حکوومەتی ڕایگەیاندووە، حکوومەتی عێراقی پەیامێکی ناڕاستەوخۆی پێ گەیشتووە، کە جەختیان کردووەتەوە شایستە داراییەکانی سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکان خەرج نەکات.
سەرچاوەکە بە میدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاندووە “ئەمەریکا پەیامێکی لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە داوەتە لایەنە حکوومەتییەکان کە ئەو شایستە داراییانەی پەیوەستن بە مامەڵەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژە دیکە، بۆ ئەوکەسانە خەرج نەکەن کە بەرپرسیارەتیان لە حەشدی شەعبیدا هەیە.”
ئاماژەی بەوەش کراوە “ڕەنگە ئەو پەیامانە ببێتە هۆی دەرکردنی بڕیار لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە کە سزا بەسەر ئەو سەرکردانەدا بسەپێنن، جگە لەو دامەزراوە و پڕۆژانەی کە ئەوان سەرپەرشتیی دەکەن.”
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014ـەوە، دامەزراوە و لە کۆمەڵێک گرووپی شیعە پێک هاتووە، ئەمەریکا بەهۆی تۆمەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەشداریی لە چالاکییەکانی دژ بە ئەمەریکا، سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبیدا سەپاندووە.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق، کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت بەهەمان سەرچاوەی گوت: بانکی ناوەندیی بەرپرس نییە و لە پێدانی مووچە یان تەرخانکردنی پارە بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی، بۆیە هەر ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بەم دۆسیەیە هەبێت ڕاستەوخۆ ناگاتە دەستی ئێمە.