فەرەنسا و کوردستان دۆستایەتییەکی مێژووییان هەیە و فەرەنسییەکان لە کاتە ناخۆشەکاندا بەهانا و فریای کوردەوە هاتوون.
بڕیارە کاتژمێر 09:00ـی ئەمشەو پێنجشەممە، 27-03-2025، لە نێو باڵەخانەی گەورەشارەوانیی پاریس، ئاهەنگێکی تایبەت بە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بەڕێوە بچێت.
نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕێکخەری ئاهەنگەکەیە. ئان هیدالگۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانیی پاریس، تۆما پۆرت، سەرۆکی گرووپی لێکۆڵینەوەی کورد لە پەرلەمانی فەرەنسا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک سیناتۆری فەرەنسی و ڕەوەندی کوردی لەو وڵاتە، بەشداری ئاهەنگەکە دەبن.
بڕیارە پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئان هیدالگۆ ، سەرۆکی گەورەشارەوانیی پاریس کۆ ببێتەوە.
فەرەنسا و کوردستان دۆستایەتییەکی مێژووییان هەیە. لە ماوەی ڕابردوودا فەرەنسییەکان لە کاتە ناخۆشەکاندا بەهانا و فریای کورد هاتن و بەردەوام هەوڵی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان داوە . ئێستاش لە بۆنە و کاتە خۆشەکان و ئاهەنگی نەورۆز، فەرەنسییەکان دەیانەوێت لەگەڵ دۆستە کوردییەکان بەشداربن.
لە تەممووزی 2019ـەوە، پاریس و هەولێر ڕێككهوتنی دۆستایهتی و هەماهەنگییان ئیمزا کردووە و بوونەتە دەستەخوشک. ڕێککەوتنەکە تایبەتە بە بهرهوپێشبردنى كاری هاوبهش لە نێوان هەردوو پایتەختدا.
پاش ئەوەی هەولێر و پاریس بونەتە دەستەخوشکی یەکتر، سودی زۆری بۆ شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان هەبووە. وهك باشترکردنی رێگەكانى هاتووچۆ و گهیاندن، ماستهرپلان و نهخشهسازى شار، پاراستنى شوێنهواری مێژوویی، بهرهوپێشبردنى لایهنى ئابووری و گهشتوگوزار، ئاڵوگۆڕى كولتووری و وهرزشى، پاراستنى سرووشت و برهودان به بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی.