ئەمریکا داوا دەکات کە بەزووترین کات هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

ئەمریکا داوا دەکات کە بەزووترین کات هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

 رۆبیۆ و سوودانی باسیان لە هاوبەشیی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کەمکردنەوەی کاریگەریی گرووپە میلیشیا تێکدەرەکانی ئێران لە عێراق و دۆخی سووریایان کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بەزوویی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن و هەروەها مەرجی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لەبەرچاوبگرن.

 تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکیدا دەڵێت، رۆژی سێشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە هاوبەشیی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کەمکردنەوەی کاریگەریی گرووپە میلیشیا تێکدەرەکانی سەر بە ئێرانیان لە عێراق و دۆخی سووریا کردووە.

 لە راگەیاندراوەکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق ”هەردووکیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی عێراق لە رووی وزەوە سەربەخۆ بێت و بەزوویی دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوت [ـی هەرێمی کوردستان] لە رێگەی بۆڕی تورکیا – عێراق”.

 لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مارکۆ ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە رێز لە مەرجی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن بگیردرێت، ئەمەش بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتری ئەمریکی لە عێراق.

 بەپێیی راگەیاندراوەکەی تام بروس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە دۆخی سووریا کردووە و ”وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە کە گرنگە سووریا نەبێتە پەناگەیێکی ئارام بۆ تیرۆر و ببێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی”.

 هەروەها، رۆبیۆ و سوودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە پابەند بە درێژەدان بەو گفتوگۆیانە لەبارەی پرسەکانی ناوچەکە و هەروەها بەرەوپێشبردنی هاوبەشی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا.

پوستێن ھەمان بەش