هەتا کاتێک کە نەتەوەی کورد ڕێزی یەکتری نەگرن و لەگەڵ یەکتریدا بە ڕێز و حورمەتەوە هەڵسوکەوت نەکەن، سەرکەوتنیان ئاستەم دەبێت.
بووبێ ئەسەر
بەر لەهەر شتێک پێویستە لە ئەرزش و رامانی ڕێزگرتن بە باشی تێبگەین بۆ ئەوەی بزانین کە لەبەرچی بارزانیەکان ئەوەیان کردووە بە خاڵێکی گرینگی ڕێباز. ڕێزگرتن ئەوەیە کە تۆ بتوانی رێز لە خۆت، لە بنەماڵەی خۆت، لە هۆزی خۆت و لە گوند و شاری خۆت بگری تاوەکوو بتوانی ڕێز لە خاک و نیشتمانەکەت، لە کورد و کوردستانیش بگری. هەتا تۆ ئەو کارە نەکەیت و نەبیت بە ڕێزداری نەتەوەکەت و وڵاتەکەی خۆت، ئەوا هەتا ماوی لە بێڕێزیدا دەژیت.
ئەگەر تۆ ڕێز لە کەس و کەسایەتیەکانی خۆت نەگریت، ناتوانی ببیتە کەسێکی رێزدار و بەپێی ناڕێزداریەکەشت دەبیتە کەسێکی بێ قیمەت و بێ حورمەت. کەسانی بێ قیمەت لەناو کۆمەڵگەدا هیچ قورسایی و نرخێکیان نیە. هەر بۆیە بارزانیەکان بەها و حورمەتێکی هێژایان بە ڕێزگرتن داوە تاوەکوو ڕێزی یەکتری بگرن.
بارزانی لە خەباتی خۆی لەپێناو ئازادیی کوردستاندا، بەپێی ڕێزگرتن جووڵاوەتەوە و خەباتەکەی خۆشی لەسەر ئەو بنەمایە پێکهێنابوو و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر بەردەوامە. بارزانیەکان لە خەباتی سەدساڵەیاندا هیچکات بە بێ حورمەتی یانخود بێ سەروبەری لەهەمبەر دوژمنی میللەتەکەیان نەجووڵاونەتەوە و هەمووکات بەپێی بارودۆخ ودەرەتان و ئوسول و بنەماکانی شەڕ لە بەرانبەر دوژمنی خۆیاندا جەنگاون.
بارزانیەکان هیچکات دوژمنەکانی خۆیان واتە ئەو کەسانەی کە لەهەمبەر ئەواندا چەکیان بۆ کوشتنی ئەوان بەکار هێنابوو بەڵام لە شەڕدا بە دیل گیرابوون، نەدەکوشت و تانەیان لێنەدەدان و سووکایەتییان پێ نەدەکردن. بەپێی ئەو خاڵەی ڕێبازەکەیان، هەمووکات بە ڕێزەوە لە هەمبەر دوژمنی خۆیان و ئەو کەسانەی کە بە دیل گیرابوون دەجووڵانەوە و دەجووڵێنەوە. ئەوەش لە ناو هەموو نەتەوەیەکدا وا نیە، واتە هەموو میللەتێک خاوەن ڕێزگرتن لە دژبەرەکەی خۆی نیە، بەڵام بارزانیەکان وەهان.
بەهۆی ئەو ڕێزگرتنەوە بوو کە بارزانیی گەورە لە سەرانسەی جیهاندا وەکوو سەرۆکێکی کورد بە رێز و حورمەتەوە پێشوازیی لێدەکرا، لە جیهاندا ڕێز و حورمەتێکی بێ هاوتای هەبوو و سەرجەم گەورەکانی دەوڵەتەکان بە چاوی ڕێزەوە لە سەرۆک بارزانی نەمریان دەڕوانی. لەبەر ئەوەی کە بارزانیەکان لە خەباتی سەد ساڵەی خۆیاندا ئەو خاڵی ڕێزگرتنەیان جێبەجێ کردووە و جێبەجێیشی دەکەن، لە جیهاندا زۆرێک لە دەوڵەتەکان هەروەکوو چۆن بە چاوی ڕێزەوە لە بارزانی نەمریان دەڕوانی، هەنووکەش ڕێز لە سەرۆک مەسعوود بارزانی دەگرن، چوونکە ئەویش یەکێک لە هێماکانی ئەو ڕێبازەیە.
بارزانیی گەورە هەمیشە دەیگوت: “ئەگەر تۆ ڕێز لە خەڵک نەگریت، خەڵکیش ڕێز لە تۆ ناگرن”. کاتێک کە تۆ یان بزووتنەوەکەت بێ ڕێز ببن، ئەوکاتە شکستی گەورە لەو هەنگاوەوە دەستپێدەکات. ئەگەر ئێمە لە مێژووی بارزانیەکان بڕوانین، لە خەباتی سەد ساڵەی خۆیاندا، بێ ڕێزییان بە هیچ کەسێک، تەنانەت دوژمنەکانی خۆشیان نەکردووە و لە شەڕی مان و نەمانی خۆشیاندا، لەسەر بنەمای شەرت و مەرج و قاعیدەکان جووڵاونەتەوە.
تەنانەت بارزانیەکان تا ئەندازەیەکیش ڕێزیان لە خیانەکاران، لە سیخوڕەکان و ئاژانەکانیش گرتووە. هەر بۆیە بارزانیی نەمر هەمیشە دەیگوت: “ئەگەر ئێمە خیانەتکاران و خراپەکانی ناو خۆمان بکوژین و دوژمنیش چاکەکانی ئێمە بکوژن، ئەوکاتە ئیدی کورد نامێنێت”. ئامانجی ئەو لێرەدا ئەوەیە کە نەک لە ڕێگای کوشتنەوە، بەڵکوو دەبێ لە ڕێگای ئیقناع کردنەوە کەسە خراپەکان بگەڕێنەوە باوەشی نەتەوەکەمان و بیانکەینەوە بە کەسی خۆمان.
داگیرکەرانی کوردستان ئەوەی لەدەستیان هاتبێت درێخییان نەکردووە بۆ ئەوەی کە گەورەکانی خۆمان نەناسین و ڕێزیان لێنەگرین. بە دابەشکردنی وڵات و مێشکی ئێمە، وایان لێکردووین کە دەبێ ئێمە هەموومان دژایەتی یەکتری بکەین و ڕێز لە داگیرکەران بگرین و بێ ڕێزی بەیەکدی بکەین. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی خۆمان بدەینەوە زۆر بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە چۆناوچۆن ئێمەی کورد ڕێزی یەکتریمان نەگرتووە. لەبەر ئەو هۆکارە گرنگەیە کە دەبێ هەموو کورد بە بی عەقیدە و شەرت ئەو ڕێبازە واتە فەلسەفەیەی خۆیان بخوێننەوە وبیناسن. هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ بە بی ڕێباز بژیت، هێندێک بە فەلسەفەی زۆرداری و هێندێکیش بە ڕێبازی دیموکراسی وەکوو میللەت ژیانی خۆیان درێژە پێدەدەن و دەیناسێنن.
هەرکاتێک کە ڕێبەرێک یان سەرۆکێک بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی کوردستان سەریانهەڵدابێت، زۆربەی کوردان لە دژی ڕاوەستاون، هەرکات کە هونەرمەند، نووسەر و ڕۆشنبیرێکی زیرەک، دووربین و خاوەن جەوهەر لەناو کورداندا سەریانهەڵدابێت، لە زۆر بوار و زۆر لایەندا هێندیک لە کوردەکان ڕێزیان لێنەگرتوون تاوەکوو بتوانن بە هێزەوە سەربکەون.
نموونەیەکی ئەو حاڵەتە لە خەباتی سەد ساڵەی بارزانیەکاندا لە باکووری کوردستان بە ئاسانی دەبیندرێت. لەوکاتەی کە بارزانیەکان خەبات و تێکۆشانی ئازادیی کوردستانیان دەستپێکرد، هێندێک لە کوردەکان لەگەڵ داگیرکەران کەوتن و دژایەتی خەبات و بەرخۆدانی بارزانیەکانیان کرد. لەسەردەمی ئیدئۆلۆژیەکاندا ئەوە زیاتر، ئاشکراتر و روونتر دەبینرا. بۆ ئەوەی کە بارزانی لە خەباتی خۆیدا لەپێناو سەربەخۆیی کوردستاندا سەرنەکەوێت، سۆسیالیستەکانی کورد کە ئەو ئیدئۆلۆژیەیان لەو کەماڵیستانەی تورکەوە وەرگرتبوو کە خۆیان وەکوو سۆسیالیست پیشان دەدا، ئەوانیش وەکوو سۆسیالیستە تورکەکان، بارزانییان بە نۆکەری ئەمەریکا، بە شێخایەتی و وەکوو سەرۆک عەشیرە ناویان دەبرد. لەلایەکی دیکەوە ئەو کوردانەی کە لەسەر ڕێگای ئۆممەت بوون، وەکوو موسڵمانە ئاغاکانیان، بارزانییان بە کۆمۆنیست ناو دەبرد. بەڵام لە راستیدا ئەو دوو ئیدئۆلۆۆژیە لە یەک کانیەوە سەرچاوەیان دەگرت، ئامانجی هەردووکیان نەگەیشتنی کوردستان بە سەربەخۆیی و ئازادیی بووکە ئەویش پیلانی داگیرکەران بوو.
ئامانج و هەدەفی داگیرکەران ئەوە بوو کە بارزانیەکان شکست بخۆن و لەناو بچن، چوونکە ئەوان بەباشی دەیانزانی کە شکستی بارزانیەکان، بە واتای شکست و لەناوچوونی کوردان لە سەرانسەری جیهاندا دێت. کەواتە پێویستە هەموو کورد ڕێز لە یەکتری و لە گەورەکانی نەتەوەکەمان و لە بارزانیەکان بگرن.
هەتا ئەو کاتەی کە نەتەوەی کورد ڕێزی یەکتری نەگرن و لەگەڵ یەکتریدا بە ڕێز و حورمەتەوە هەڵسوکەوت نەکەن، سەرکەوتنیان ئاستەم دەبێت. لەبەر ئەوەی کە یەکێک لەو هۆکارانەی کە کورد هەتا ئێستا نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن و هیشتا هەر وڵاتەکەیان داگیرکراوە و بۆخۆشیان لە کۆیلایەتیدا ماونەتەوە، هەر ئەوەیە. من ئەم نووسینەی خۆم بە نموونەیەک کۆتایی پێدەهێنم بۆ ئەوەی کە ئاسانترلە مانای ڕێزگرتن تێبگەین و بزانین کە بۆچی بارزانیەکان ئەوەندەیان بایەخ پێداوە.
لە سەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانیدا، تۆوی دادپەروەری، یەکسانی و ڕێزگرتن لە ناو بارزانیەکان و کۆمەڵگەی کوردیدا چێندرا. بەڵام کوردەکان ئەو ئیمکان و دەرەتانەیان نەبوو کە ئەو ڕێبازە بخوێننەوە و لەوە تێبگەن کە بۆ نەتەوەی کورد چەندە گرینگ و بەنرخە. ئەگەر کوردەکان لە سەرانسەری جیهاندا ئەو ڕێبازە واتە ئەو فەلسەفەیان خوێندبا و بەپێی ئەو ڕێبازە جووڵابانەوە، بێگومان رەوشی کوردەکان بە ئاقارێکی دیکەدا دەڕۆیشت.
لە سەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانیدا، بارزانیی گەورە لە تەمەندا زۆر گەورە نەبوو و وەکوو قوتابییەکی شێخ ئەحمەد بوو. لە ناو بارزانیەکاندا هەمیشە یەک مامۆستا و یەک قوتابی هەبووە کە هاتوون و تەنها پەردوەردەیان کردوە.
لە گوندی بارزان، جوامێرێک دەیهەوێ ژن بۆ کوڕەکەی بخوازێت، بەڵام پارەی نەبوو کە مەسرەفی زەواجی کوڕەکەی بکات، هەربۆیە زەوی و زارەکەی خۆی لە گوندەکەیان بۆ فرۆشتن دادەنێت تا بتوانێ تێچووی زەماوەندی کوڕەکەی دابین بکات، بەڵام کەس عەرز و زەویەکانی لێ ناکڕێت. بارزانیی گەورە ئەوە دەبیستێت و دەچێتە لای ئەو جوامێرەی کە زەوی و زارەکەی داناوە بۆ فرۆشتن تاوەکوو بیکڕێت. وەلحاسڵ ڕێکدەکەون و بارزانیی گەورە پارەی جوامێرەکە دەدات و بەخۆشی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ. لە گەڕانەوەدا شێخ ئەحمەد دەبینێ کە بارزانی بەکەیفە. بانگی لێدەکات و دەیهەوێ هۆکاری کەیفخۆشیەکەی بزانێت. بارزانیی نەمریش مەسەلەکەی بۆ باس دەکات. کاتێک کە شێخ ئەحمەد ئەوە دەبیستێت سەیرێکی بارزانی نەمر دەکات و پێی دەڵێت:
ـ سەیرکە تۆ زەوی و زاری ئەو جوامێرت کڕیوە و پارەکەشت پێداوە. هەتا ئێرە تەواوە. جوامێر دەتوانێ ژن بۆ کوڕەکەی بهینێت و ئێستا تێچووی زەماوەندەکەشی هەیە. بەڵام ئایا تۆ بیرت لەوە کردۆتەوە کە پاش داوەتەکە، لە ژیانی خۆیاندا چەندە هەژاری و نەبوونی دەچێژن؟ تۆ قەد بیرت لەوە کردۆتەوە کە چۆن دەتوانێ خۆی و بنەماڵەکەی بەخێو بکات؟ تۆ باشەت لەگەڵ نەکردوون بەڵکوو خراپەت لەگەڵ کردوون. هەربۆیە دەبێ زەوی و زارەکانیان بۆ بگەڕێنیتەوە و پارەکەشیان لێوەر مەگرەوە با بە قەرز لەلایان بێت. پێیان بڵێ با پارەکەیان بە قەرز لەلا بێت، با لەسەر زەوی و زارەکەیان کار بکەن و دواتر پارەکەت بۆ بگەڕێننەوە و قەرزەکەت بدەنەوە.
بەوشێوەیە تۆ هەم هاوکاریی ئەو بنەماڵەیەت کردووە تا برسی و هەژار نەبن و هەمیش ئەوان بۆ ئەوەی قەرزەکەی تۆ بدەنەوە هەوڵ دەدەن باشتر لەسەر زەوی و زارەکانیان کار بکەن. بەوشێوەیە تۆ هەم توانیوتە بنەماڵەیەک کەیفخۆش بکەیت و هەمیش ئەوان کار دەکەن و کارکردنی ئەوانیش لەسەر زەوی و زارەکەیاندا دەتوانێ سوودێکی باش بە وڵات و نەتەوەکەشمان بگەیەنێت. دەبێ ئێمە کار بۆ ئەوە بکەین کە گەلەکەمان دەوڵەمەند بن نەوەک هەژار و فەقیر بن.
پاش ئەو بەسەرهاتە، بارزانیی گەورە بە باشی لە مەسەلەکە تێدەگات و خاڵێکی نوێ لە ڕێبازدا زیاد دەکات کە دەبێ هەموو تاکێکی کورد ڕێز لە خۆی و لە یەکتری بگرن.
لە ئیستادا لە باشووری کوردستان، تەنها پارچەیەکی ئازاد کە لە کۆنترۆڵی کورداندایە، ئەگەر ئێمە هەموو کورد لەگەڵ یەکتر ڕیز بۆ ئەو تاقە پارچە ئازادەی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیەکەی بگرن ئەوا دەتوانێ بگات بە سەربەخۆیی و سەربەخۆبوونی باشوریش بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبێت بە پاڵنەر و هاوکار و پشتگر. بەڵام ئەگەر ئێمە پێچەوانەی ئەوە بکەین ئەوا رەنگە ببێتە هۆی شکستی باشوور و تێکچوونی باشووری کوردستانیش بە واتای تێکچوون و شکستی هەموو کوردان دێت. ئەوە ڕاستییەکی ئەوەندە ئاشکرا و ڕوون و حاشاهەڵنەگرە…